ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە مستەفا قەرەسو بەشداری لە "بەرنامەی تایبەت"ی میدیا خەبەردا کرد و پرسە گەرمەکانی هەڵسەنگاند.
لە سەرەتای قسەکانیدا مستەفا قەرەسو سەرنجی بۆ سەر بومەلەرزەکە مەغریب و لافاوەکەی لیبیا راکێشا کە بەهۆیانەوە هەزاران کەس ژیانیان لەدەستدا و بەوهۆیەوە سەرەخۆشی لەگەلانی مەغریب و لیبیا کرد.
قەرەسوو هەروەها بە بیری هێنایەوە کە بەر لە چەند رۆژ هونەرمەندی کورد بەیتۆجان کۆچی دوایی کرد و وتی، "ئەویش بە رێز و پێزانینەوە بە بیر دەهێنمەوە. لە پاراستنی کولتوری کورد و تێکۆشان لە دژی داگیرکەریدا بەیتۆجانیش رەنج و هەوڵدانی هەبوو. گەلی کورد ئەوە لەیاد ناکات. لە ناو کولتور و هونەری کورددا بەردەوام یادی دەکرێتەوە. ئەو مرۆڤانەی لەناو کولتور و هونەردان بە راستیش زۆر بەنرخن. هەربۆیە دەبێت گەلی کورد رێز و بەها بۆ هونەرمەندانی دابنێن و بۆ بەرەوپێشبردنی هونەر ئاسانکاریی و هاوکارییان پێشکەش بکەن. بۆ گەل و نەتەوەیەک کە جینۆسایدی بەسەردا سەپێندراوە، کار و چالاکی کولتوری وهونەری یەک لە کارە گرنگەکانن. هەربۆیەش بەرهەم و کارەکانی کولتور و هونەر لە دژی جینۆساید بە واتای تێکۆشانی گەورە دێت. دەبێت بەو جۆرە لەوە تێبگەین".
مستەفا قەرەسو سەرنجی راکێشا بۆ سەر گۆشەگیرکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و وتی، "لە دژی گۆشەگیرکردن و بەدیلگیرانی رێبەرایەتیدا گەلەکەمان هەوڵ دەدات بە تێکۆشان گۆشەگیر تێکبشکێنێت و ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکات. ئەو راستیە دەبێت ببینرێت، دەوڵەتی تورک قڕکەر و داگیرکەرە. هەربۆیەش ئەو سیاسەتانەی بەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ پەیڕەو دەکرێن سیاسەتی جینۆسایدە. تا ئەو راستیە نەزانرێت، ناتوانرێت لە کوردستان تێکۆشانێکی راست و دروست بەرامبەر دەوڵەتی تورک ئەنجام بدرێت. کورد هەر هەموویان، رۆشنبیرانی کورد، سیاسەتمەدارانی کورد ئەو راستیە دەبینن. دەبێت ئەو دەوڵەتە بناسن. تێکۆشانێک کە لە دژی ئەو دەوڵەتە بەڕێوەدەبرێت، یاخود سیاسەتی دەوڵەت کە بەرامبەر گەلی کورد بەڕێوەی دەبات، هەڵەیە ئەگەر لەگەڵ تێکۆشانی رزگاری نەتەوەیی لە ناوچەیەکی دیکەی جیهان بەراورد بکرێت. دەمەوێت ئەوە بخەمەڕوو.
مرۆڤایەتی دەیەوێت لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری رزگاربێت
گەلەکەمان لە دژی ئەم دەوڵەتە لە پێناو ئازادیدا تێدەکۆشێت. مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی رێبەرایەتیش بەشێکی گرنگی ئەم تێکۆشانەیە. ئەو بابەتە بابەتێکە کە ئاوێتە و وابەستەی یەکترن. گەلی کورد و دۆستانی هەموو رۆژێک ئەو راستیە باشتر درک پێدەکەن. بۆ مسۆگەر کردنی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ تێکۆشان بەڕێوەدەبرێت، لە هەمان کاتدا بەرەوپێشچوونێک لە بواری تێگەیشتنیشەوە دێتە ئاراوە. تێکۆشان لە پێناو ئازادی لەسەر هێڵی راست، رۆژ لەدوای رۆژ باشتر بەرەوپێش دەچێت. نەک هەر گەلی کورد، لە هەمان کاتدا گەلانی جیهان، هێزەکانی دیموکراسی، سۆسیالیست، شۆڕشگێڕیش دەبینن کە ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ بۆ مرۆڤایەتی بە چ واتایەکە. ئەوانیش زۆر هەوڵ دەدەن، رەنج دەکێشن، ئێمە ئەو رەنج و هەوڵانە زۆر بەنرخ دەبینین.
بەر لە ئێستا بە ماوەیەکی کورت لە ئیتالیا چەند کۆنسێرت سازکران. لە کۆنسێرتەکاندا بینیمان کە رێبەر ئاپۆ چ کاریگەرییەک دەکاتە سەر گەلان. لەبەر ئەوەی مرۆڤایەتی هەر هەمووی دەیەوێت لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری رزگاربێت. رێبەر ئاپۆش وەک چارەسەری ئەوە نیشان دەدرێت. لە پێشەوە لە سەر بنەمای ئازادی ژن، وەک رێگەی رزگاری لە سیستمی سەرمایەداری نیشان دەدات. بێگومان بە پێشەنگایەتی ژنان، گەنجان و ژینگەپاڕێزان لە تێکۆشان لە دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا سەردەمێکی نوێ دەستپێدەکات، ئاسۆی نوێ دەستنیشان دەکات. ئەوە زیاتر بەرەوپێش دەچێت. کەس توانای راگرتنی ئەوە نییە. کەس ناتوانێت ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ گۆشەگیر بکات. لە رێگەی بەدیلگرتنەوە هەوڵ دەدرێت لەمپەر بۆ کاریگەری رێبەر ئاپۆ لەسەر گەلی کورد و مرۆڤایەتی سازبکرێت، بەڵام ئیتر ئەوە بێ سوودە. ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆ بە تەواوی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.
هەربۆیە تێکۆشان بۆ ئازادی رێبەر ئاپۆ زیاتر بەهێز دەبێت. خۆی لە خۆیدا بەر لە ماوەیەک لە کۆبوونەوەیەکی گەورەی سەندیکاکانی جیهاندا، سەندیکاکان بانگەوازیان بۆ ائزادی رێبەر ئاپۆ راگەیاند. رایانگەیاند، کە بۆ ئازادی جەستەیی رێبەرایەتی هەوڵەکانیان دەخەنەگەڕ. ئەوانە زۆر بەنرخن، رێزی خۆمانیان پێشکەش دەکەین. ئیتر هەموو کەس لەوە تێدەگات کە گەلی کورد بۆ مرۆڤایەتی بەهایەکی زۆر گەورەیە. ئیتر دژوار دەبێت کە بۆ ماوەیەکی درێژ رێبەرایەتی بە دیل گیراوی و بە گۆشەگیرکراوی بیهێڵنەوە. هێزەکانی دیموکراسی، گەلانی جیهان بە دڵنیاییەوە لەگەڵ گەلی کورددا ئازادی رێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەن.
سەبارەت بە یەکەم ساڵیادی چالاکی گەریلاکانی یەژا ستار سارا تۆڵهەڵدان (دلارا ئورپەر) و روکەن زەلال (ئەمەل فەرەمەز حسێن) لە مێرسین، مستەفا قەرەسو بەم جۆرە هەڵسەنگاندنی کرد:
"هاوڕێ سارا و روکەن بە بەڕێز و پێزانینەوە یاددەکەمەوە. چالاکی مێژووییان ئەنجامدا. واتای ئەو چالاکییە زۆر گەورەیە. لە چالاکییەکەدا هەندێک پۆلیس مردن، بەڵام لە جێدانییە کە چالاکییەکە لەو لایەنەوە هەڵبسەنگێندرێت. لەوێ لە کەسایەتی سارا و روکەندا راستی ژنانی کورد، راستی کۆمەڵگەی کورد، تێکۆشان لە دژی کۆنیالیزمی قڕکەر، پێداگری لەسەر ئازادی، بەختکردنی هەموو شت لە پێناو ژیانی ئازاد دەستنیشان کران. ئەوەش لە کەسایەتی روکەن و سارادا هەڵوێستی گەلی کورد، هەڵوێستی گەریلایە. بێگومان هەڵوێستی هەڤاڵان سارا و روکەن هەڵوێستێکی کەسیی نەبووە، ئەوان بەشێکن لەو گەریلایانەی لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین دەجەنگن. بەهەمان گیانەوە ئەمڕۆ لە هەریمەکانی پاراستنی مێدیا لە دژی کۆلۆنیالیزم و داگیرکەری شەر دەکرێت.
ئێمە دەبینین لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیاش گیانبازان بە شێوەی نەترسانە و بە بوێرییەوە دەچنە سەر دوژمن. بەڵام چالاکی هەڤاڵان سارا و روکەن لە ناوچەیەکی لەو جۆرە ئەنجامدرا کە دوژمن بە تەواوەتی تیایدا باڵادەست بوو. زۆر بەنرخە کە بە بێ ترس ئەو چالاکییەیان کرد. ئەوە زۆر واتادار و بەنرخە. دەبێت ژنان و گەنجانی کورد ببنە خاوەنی ئەو هەڵوێست و گیانی جەنگاوەرییە. لە تێکۆشان لە دژی داگیرکەردا دەبێت هەموو کەس چاوخشاندنەوە و پێداچوونەوە بە خۆیدا بکات. لە کەسایەتی ئەو هەڤاڵە شەهیدانەدا دەبێت رێگە و رێبازی لەناوبردنی کۆلۆنیالیزم و داگیرکەری ببیندرێت".
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە مستەفا قەرەسو لە درێژەی قسەکانیدا شەڕی گەریلا لە دژی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک، هەروەها جموجۆڵەکانی پەدەکە لە گۆڕەپانەکانی گەریلا و پشتیوانییەکانی پەدەکەی لە داگیرکەری هەڵسەنگاند.
قەرەسو وتی، "بەدڵنیاییەوە بەرخۆدانی زاپ، مەتینا و ئاڤاشین بەرخۆدانێکە لە دژی داگیرکەری و قرکاریەکان، دەبێت ئەمە وەک راستیەکی تێکۆشان ببینرێت. وەک پارچەیەک لە تێکۆشانی گشتی گەلی کورد لەدژی هێزی قرکەر لێکدانەوەی بۆ بکرێت". فیداکاریەکی گەورە ئەنجام دەدرێت، ئەمە هەڵوێستی گەلی کوردە، ئەم هەڵوێستە زیاتر کاریگەر دەبێت و بەردەوام دەبێت. هەر بۆیە ئەستەمە دوژمنی داگیرکەر بە ئەنجامەکەی بگات، بە پێچەوانەوە جەنگاوەری، فیدایی و بەرخۆدان و هێزی خۆڕاگری گەلی کورد گەورەتر دەبێت، راستی گەلی کورد دەگەیەنێت بە ئاستێکی نوێ، ئێمە هەلسەنگاندنێکی زۆرمان بۆ هەڵوێستەکانی پەدەکە ئەنجامدا، ئەو کردەوانەی کە وەک حیزبێکی کوردی ئەنجامی دەدات لە هەموو شوێنێکی جیهان وەک خیانەت دادەنرێت. ئەمە هیچ واتایەکی دیکە هەڵناگرێت، ئەستەمە کە مرۆڤ بتوانێت بە شێوەیەکی نەرم مامەڵە لەگەڵ ئەمەدا بکات و پاساوی بۆ بدۆزێتەوە. دەبێت هەڵوێست و کاردانەوە بەرامبەر بەوە روون بێت، لە دژی هەڵوێستی پەدەکە کاردانەوەی تێر و تەسەل و پێویست لەئارادانییە، ئەمەش خاڵێکی لاوازیە بۆ کورد.
کورد بۆ ئەوەی ئازاد ببێت، دەبێت هەڵوێستی بەرامبەر بە خیانەت هەبێت. بەبێ هەڵوێستگرتن لە دژی ئەمە، بەبێ ڕوونکردنەوەی پێوەرەکانی گەلی کورد تێکۆشان ناتوانێت سەربکەوێت. نەگرتنەبەری هەڵوێستێکی پێویست بەرامبەر پەدەکە بۆ گەلی کورد لاوازییە. هێشتاش هەندێک رەفتار و مامەڵەکردن لە ئارادان، کە هەلسوکەوتەکانی پەدەکە وەک شتێکی ئاسایی نیشان دەدەن. زۆربەی هەرەزۆری گەڵی کورد ئەم خیانەته دەبینن، بەڵام هێشتاش بەشێکیان بەهۆی سوودمەندبوونیان لە توانا و دەرفەتەکانی پەدەکە بێدەنگ دەبن. کێشەکە ئەوە نییە کە ئەو شوێنانەی بەدەست هێنراون بپارێزرێت، بە پێچەوانەوە؛ کورد ساڵانێکە بە تێکۆشانێکی درێژخایەن راستییەکیان بۆ خۆیان ئافراندووە. لەهەموو جیهان و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، راستیەکی کورد دروست بووە، بەڵام پەدەکە گورز لەم دەستکەوتانە دەوەشێنێت و هەوڵی لەناوبردنی دەدات. دەستکەوتەکان لە چوارچێوەی ئەم راستیەی کورددا دەتوانرێت بپارێزرێت. ئەگەر راستی سەد ساڵە و ٥٠ ساڵەی کورد نەپارێزرێت، بەرەو پێش نەبرێت، لە بەرانبەر نۆکەر و خیانەتکاران نەپارێزرێت، ئەو کاتە کەس پارێزراو نابێت.
ئەوەی دەستکەوتەکانی کوردی خوڵقاندووە، تێکۆشانی دەیان ساڵەیە. ئەگەر تێکۆشانی ئێمە نەبوایە، راستی باشووری کوردستان دروست نەدەبوو. هەمووان ئەمە دەبینن. من ناڵێم کە گەلەکەمان لە باشوور هەرگیز تێکۆشانی نەکردووە، بە دڵنیاییەوە تێکۆشانی کردووە، بەڵام ئەو تێکۆشانە لە ناو کەشوهەوای تێکۆشانی ئێمەدا ئەم جۆرە دەستکەوتانە و ئەم جۆرە سەنگەرانەی بەدەستهێنا. دەبێت ئەم ڕاستییە ببینرێت. ئەوکاتە دەبێت ڕاستی پەکەکە و رێبەرایەتی بە باشی تێبگەن و بپارێزرێت. بەم شێوەیە دەتوانین دەستکەوتەکانمان بپارێزرێن.
گەلی کورد لە سلۆپیا لە دژی خیانەتەکەی پەدەکە هەڵوێستیان نیشاندا، بەڵام دەوڵەتی تورک هێرشی کردە سەریان و ڕێگریان لێکرا. چونکە دەوڵەتی تورک دەزانێت ئەگەر بەهۆی خیانەت و هاوکاری پەدەکەوە نەبێت ناتوانێت لە کوردستان سەرکەوتوو بێت. لە باکوری کوردستانیش ئەگەر دەوڵەتی تورک تا ئێستا لەسەر پێ ماوە هۆکارەکەی پەدەکەیە، بوونی پەدەکەیە، هاوکارییەکانیەتی. هۆکاری ئەوەی دەوڵەتی تورک ئەوەندە هێرش دەکات، پەدەکەیە. دەوڵەتی تورک دەڵێت 'من دژی کورد نیم، ببینن پەیوەندیم لەگەڵ پەدەکە هەیە'. کۆمەڵگای کورد و جیهانیش بەم شێوەیە فریو داوە. ئەگەر بتوانێت پەکەکە پاکتاو بکات، دوای ئەوە هیچ شتێک بە ناوی پەدەکە یان ئەوانی ترەوە بوونیان نامێنێت. بۆیە لە دژی ئەو کردەوانەی پەدەکە، کە لە ئارادایە و دەبێت هەڵوێست نیشان بدرێت. ئەگەر نا دەکەوێتە دۆخی ئەو قسەیەی لازەکان کە لە بەردەم پەتی سێدارە دەیانوت. بڵێت، با ئەمە ببێتە وانەیەک بۆ من. ڕێبەر ئاپۆ ماوەکانی سەرەتادا کاتێک هەڵسەنگاندنی دەکرد دەیوت؛ کورد تەنانەت نازانێت کاتێک دەمرێت چۆن دەمرێت. ئێستا ئێمە دەزانین کە کورد چۆن دەیدۆڕینن و چۆنیش سەردەکەون”.
لەسەر سەرهەڵدانی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد و تەواوی جیهانی تەنیەوە، مستەفا قەرەسو هەڵسەنگاندنی بەم جۆرەی کرد:
"سەرەتا دەمەوێت بڵێم؛ بەنرخترین تێکۆشانی جیهان و مێژووی مرۆڤایەتی تێکۆشانی ژنانە. زۆر بەنرخە، تێکۆشانێکی واتادارە. بەم بۆنەوە ژینا ئەمینی و سەرجەم شەهیدانی ژن بە رێز و پێزانینەوە بە بیردەهێنمەوە. دوای ئەوەی ژینا ئەمینی کوژرا، ژنان هەڵسانە سەرپێ. لەبەر ئەوەی ژنان داوای ئازادی دەکەن. ئەو رووداوە بۆچی لە ئێران روویدا؟ لە راستیدا ئەو رووداوە پەیوەندی بە مێژووی ئێرانەوە هەیە. راپەڕینی ژنانی کوردیش پەیوەندی بە مێژووی کوردانەوە هەیە. کوردستان جوگرافیای کۆمەڵگەی نیولیتیکە، ئێرانیش بەشێکە لەوە. جوگرافیایەکی سەرەکی کە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا ژنان تیایدا رۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە، کوردستان و ئێرانە. هەربۆیە لەناو کۆمەڵگای ئێراندا ژنان بەردەوام زیاتر لە ژنانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خواستیان لەسەر ئازادی هەیە. خاوەن مێژوویەکن کە رووی لە ژیانی ئازادە.
کورد و گەلانی ئێران خاوەنی تایبەتمەندییەکی بەو جۆرەن. ئەو تایبەتمەندییە زۆر شایەنی مێژوو و کۆمەڵگەی ئێرانە. ئەوانەی لە ئێران سیاسەت دەکەن، خۆیان بە سۆسیۆلۆژیاوە سەرقاڵ دەکەن، ئەوانەی بەشێکن لە راستی کۆمەڵگەی ئێران، ئەوانەی ئێرانیان خۆش دەوێت، دڵسۆزی مێژووی ئێرانن دەبێت بەرێزەوە پێشوازی لەو سەرهەڵدانەی ژنان بکەن و بایەخی پێبدەن. وەستانەوە بەرامبەر بە سەرهەڵدانی ژنان، وەستانەوەیە بەرامبەر مێژووی ئێران، وەتانەوەیە لە دژی راستیی ئێران، شەڕە بەرامبەر بە راستی خۆیان. کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ راستی خۆی لەشەڕدایە. مامەڵەکردنی نەرێنی لە بەرامبەر سیستمی ئازادی ژن، دەبێت وەک مامەڵە و هەوڵسوکەوتی نەرێنی لە دژی مێژووی خۆی بینرێت.
دەبێت بەم جۆرە هەڵبسەنگێندرێت. سەرهەڵدانی ژنان لە کوردستان و ئێران پشت بە کۆمەڵگاپارێزی دەبەستێت. وەک ئەوەی ئەوروپا نییە کە پشتبەستووە بە تاکگەرایی، ئەقڵیەتی ئازادی وردە بورژوا. هێڵی ئازادی ژن هێڵی ئازادییەکە کە پشت بە کۆمەڵگا دەسپێرێت، کۆمەڵگا دەپارێزێت، لە بەرامبەر تاکگەرایی، لە بەرامبەر مادیپەرەستیدا، لە بەرامبەر بەهاکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا، خاوەنداری لە بەها کۆمەڵایەتیەکان دەکات، کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لەناوی بردوون. هەربۆیە زۆر گرنگە. رووخساری ناوازە و رووناکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لەبەر ئەوە دەبێت هەمووگەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شانازی پێوەبکەن. گەلانی ئێرانیش دەبێت شانازی پێوەبکەن. رژێمی ئێرانیش دەبێت بەشێوەیەکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ پرسی ژناندا بکات. بە سەرکوت کەس ناتوانێت رێگە لەو ژنانە بگرێت کە لە ئێران راپەڕیون. ئێران دەگۆڕێت، جگە لە گۆڕین هیچ چارەیەکی تر نییە. لە رێگەی هێڵی ئازادی ژنانەوە گۆڕانکاری لە ئێران دێتەکایەوە. هەڵەیە کە رژێمی ئێران ئەو سەرهەڵدانە بە هێزەکانی دەرەوە دەبەستێتەوە. لەرێگەی مامەڵە و هەڵسوکەوتێکی راست و دروستەوە دەبێت دۆخی ژنان هەڵبسەنگێندرێت، سیاسەت و چارەسەری راست بخوڵقێندرێت".
هـ . ب