موستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بەشداری بەرنامەیەکی کەناڵی ئاسمانیی مەدیا خەبر بوو و لەسەر رۆژەڤەکان شیکاریی گرنگی خستەڕوو.
قەرەسوو لە سەرەتای وتەکانیدا بە رێز و منەتدارییەوە یادی سینان دێرسیم (دالۆکای شانلی) ئەندامی ئەنجوومەنی فەرماندەیی هەپەگەی کردەوە و وتی، "جەنگاوەر و بەڕێوەبەرێکی گرنگی حیزبەکەمان بوو. لە تورکیا، ئەوروپا و چەندین ناوچەدا کاری کردبوو. لە چیا ماوەیەک بەرپرسیاری گەنجان بوو. هەموو کات لە ریزی پێشی پێشەوەی تێکۆشان دا بوو. هاوڕێ سینان بە جۆش و گەرم و گوڕییەکەی نوێنەرایەتیی بۆ هێڵی پەکەکە دەکرد و پارادیگمای رێبەرایەتی دەگەیاندە کۆمەڵگە و رێکخستنە چەپەکان و بڵاوی دەکردەوە و تێیدەگەیاندن. تێکۆشانێکی چڕ و پڕی بەڕێوەدەبرد. شەهادەتەکەى زوو بوو، بەڵام کاریگەرییەکی زۆر گەورەی لەسەر تێکۆشان هەبوو. نوێنەرایەتیی حیزب و هێڵی رێبەرایەتیی دەکرد. گەلەکەمان، گەنجان و ژنان خاوەنداری لە تێکۆشانەکەی دەکەن".
'لە ئیمراڵی سیاسەتی پاکتاوکردن و سڕینەوەى کورد بەڕێوەدەبەن"
موستەفا قەرەسوو لە بەردەوامیی وتەکانیدا سەرنجی خستەسەر گۆشەگیریی قورس لە ئیمراڵی و وتی، "کەس ناتوانێت بۆ دۆخی ئیمراڵی باس لە پێوەرە یاسایی و مافەکان بکات. لەوێ سیاسەتی پاکتاوکردن و سڕینەوەى کوردان بەڕێوەدەچێت. بۆیە ئەوە راست نییە، کە کردارەکانی ئیمراڵی بە یاسا و مافەکان بۆ قەدەغەکاری شیکار بکرێت. دەبێت ئەوە ببینرێت، کە بابەتەکە و کێشەکە سیاسەتی پاکتاوکردنە. نزیکایەتی و هەڵسوکەوت بەرامبەر بە رێبەری گەلی کورد، نزیکایەتییە بەرامبەر بە گەلی کورد و رێبەرایەتییە".
قەرەسوو لە بارەی بەرخودان لە زیندانەکان، کە لە دژی گۆشەگیری بەڕێوەدەچێت وتی، "بەرخودان لە زیندانەکان بۆ ئێمە زۆر گرنگە. هەر چۆن گەریلا شکۆی گەلی کوردە، بەرخودان لە زیندانەکانیش شکۆی گەلی کوردە. دەیان ساڵە دەیان هەزار زیندانیی سیاسیی بە شێوەیەکی فیداییانە بەرەنگاری و بەرخودان دەکەن. لە هیچ شوێنێک نمونەیەکی لەو شێوەیە بوونی نییە. بۆیە تاوەکو گەریلا و زیندانییە فیداییەکان هەبن کەس ناتوانێت لە بەرامبەر تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورددا بوەستێتەوە".
لەو چوارچێوەیەدا قەرەسوو هەڵمەتی "کات کاتی ئازادییە"ی بە بیرهێنایەوە و رایگەیاند، هەڵمەتەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، لە داهاتوودا بەهێزتریش دەبێت و بە دڵنیاییەوە سەریشدەکەوێت.
"دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە مامەڵەکردن لەسەر پاکتاوکردنی کوردان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا چاک بکاتەوە"
موستەفا قەرەسوو ئاماژەی بە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک لەم دواییانەدا کرد و وتی، هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا هێرشێکی پلانداڕێژراوە، کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەڕێوەدەچێت.
قەرەسوو وتی، "ئەگەر مرۆڤ سەرنج بدات، ئەوە دەبینرێت، کە دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا چاک بکاتەوە. بۆ ئەوە دەیەوێت چی بکات و چ مامەڵەیەک بکات؟ دەیەوێت لە بەرامبەر پاکتاوکردن و سڕینەوەى کورداندا پەیوەندییەکانی چاک بکاتەوە. دەوڵەتی تورک بە شێوەیەکی ئاشکرا بە ئەمریکا و ئەوروپای وتوە، "ئەگەر ئێوە پشتیوانی لە شەڕەکەمان لە دژی بزووتنەوەى ئازادیی کورد بکەن، ئێمەش دەبینە بەشێک لە سیاسەتەکانی ئێوە لە ناوچەکەدا". ئەمریکا و ئەوروپا لە چوارچێوەی ئەو سەودا و مامەڵەیەدا سازشیان لەگەڵ تورکیا کردووە و فەرمانی ئەو هێرشەیان داوە. ئەمریکا و ئەوروپا پشتیوانەکانی ئەو هێرشەن. هەر دوای پەیوەندییەکەی ئەردۆغان و بایدن، دەوڵەتی تورک دەستی بە هێرش کرد. ئەوەش مانادارە، کە هێرشەکە لە ساڵیادی کۆمەڵکوژکردنی ئەرمەنەکاندا ئەنجامدرا. بە روونی و ئاشکرا دەڵێن، 'ئێمە ساڵی ١٩١٥ ئەرمەنەکانمان پاکتاو و کۆمەڵکوژکرد و ئێستاش سەرەی ئێوە هاتووە.
"ئەوروپا و ئەمریکا لە دوای پاکتاوکردنی ئەرمەنەکان، ئێستا پاکتاوکردنی کوردان قبوڵ و پەسەند دەکەن".
بۆیە ئەو هێرشانەى ئەنجام دەدرێن دەبێت وەک بەردەوامیی پیلانگێڕیی ساڵی ١٩٩٩، کە لە دژی رێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا، لێکبدرێتەوە. دوێنێ لە دژی رێبەر ئاپۆ بوو، ئەمڕۆش بە هێرشکردنە سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا دەیانەوێت بزووتنەوەکەمان پاکتاو بکەن و سڕینەوە و لەناوبردنی کوردان بە ئەنجام بگەیەنن. ئەو هێرشانە لە کەسایەتیی گەریلادا لە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێت. لە هەمان کاتدا هەوڵێکە بۆ داگیرکردنی باشوور. ئەگەر ئیرادەی گەریلا تێکبشکێنرێت، ئەوا ئیرادەی کورد و هێزە سیاسییەکانی باشووریش تێکدەشکێنرێت".
قەرەسوو باسی ئەوەیکرد، ساڵی ١٩١٥ لە کاتی کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوەى ئەرمەنەکاندا ئەڵمانیای ئەو سەردەم پشتوانیی لە ئیمپراتۆریای عوسمانی دەکرد و ئەوروپاش لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەدا بێدەنگبوون و دەستێوەردانێکی بەهێزیان نەکرد. قەرەسوو وتی، "دوای شەڕی جیهانیی یەکەم و سەرباری ئەوەى تورکیا تێکشکا، بەڵام بابەتی کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوەى ئەرمەنەکانیان نەخستە بەرباس و رۆژەڤ. لەبەر ئەوەى لەو سەردەمەدا دەیانخواست تورکیا داواکانیان قبوڵ بکات و ئەوەشیانکرد. ئێستاش بە فەرمانی کۆمەڵکوژکردن و سڕینەوەى کوردان دەیانەوێت داواکانیان بەسەر تورکیادا بسەپێنن و تورکیا داواکانیان قبوڵ بکات. دەبێت ئەوە بڵێم، دوای تێکشکاندنیان لە گارە ئێمە هەر چاوەڕێی ئەو هێرشە بووین. دوای گارە، ئاکەپە و دەوڵەتی تورک هەژان و چوونە لێواری هەڵوەشاندنەوە. بۆیە ئەو دەسەلاتە هەم بۆ ئەوەى خۆی رزگار بکات، هەمیش پلانی لەناوبردن و سڕینەوە بە ئاستێکی نوێ بگەیەنێت، دەستی بەو هێرشە کرد".
"کاتێک هێرش بکرێتە سەر پەدەکە و یەنەکە، پەکەکە بە خێرایی و راستەوخۆ لە دژی ئەو هێرشانە دەوەستێتەوە"
قەرەسوو لەبارەی بێدەنگیی هەندێک لە هێزەکانی باشووری کوردستانەوە وتی، "هەڵوێستی هێزە سیاسییەکانی باشوور، بە تایبەتی پەدەکە گرنگە. ئەگەر هێرشێک لە دژی باشوور رووبدات، لە دژی پەدەکە، لە دژی یەنەکە رووبدات، باشە هەڵوێستی پەکەکە چی دەبێت؟ گەلی کورد چۆن هەڵوێستێک لە خۆیان نیشان دەدەن؟ بە دڵنیاییەوە لە دژی ئەو هێرشانە دەوەستنەوە. وەستانەوە لە دژی هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی ئازادیی گەلی کورد، ئەرکی نەتەوەیی گەلی کوردە، ئەرکی هێزە سیاسییەکانی کوردە، بەڵام دەوڵەتی تورکی دوژمنی کوردان، کە هێرشێکی وەها دەکات، پەدەکە و هێزە سیاسییەکانی تری کورد هەڵوێست لە دژی ئەو هێرشانە نیشان نادەن. ئەوە بەرپرسیاریی نەتەوەییە. هەر خۆی رێبەر ئاپۆ ٢٣ ساڵە لە گۆشەگیرییەکی قورسدایە، خاوەنداری لە رێبەرێکی کوردان نەکەن، لە دژی گۆەشەگیریی سەر رێبەر ئاپۆ، پەدەکە و هێزە سیاسییەکانی تری کورد هەڵوێست نیشان نادەن.
ئەگەر سەرکردەیەکی سیاسیی کورد لەو دۆخەدا بوایە، لە پێش هەموانەوە پەکەکە و هەموو هێزە سیاسییەکانی کورد لە دژی دەوەستانەوە. باشە ئاخۆ پەدەکە و هێزەکانی تری سیاسیی کورد لە بەرامبەر ئەو گۆشەگیرییەدا بەرپرسیارییان نییە؟ لە کاتێکدا هێرشە داگیرکەرییەکان ئەنجام دەدرێن و داوا دەکرێت تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد پاکتاو بکرێت، ئاخۆ هێزە سیاسییەکانی کورد بەرپرسیارییان نییە، کە لە دژی ئەوە بوەستنەوە؟ بە داخەوە ئەو هەڵوێست و نزیکایەتییانە نابینین، بەڵکو بە هەڵوێست و نزیکایەتیی خۆیان رەوایی بە داگیرکەریی دەوڵەتی تورک دەدەن. ئەوە لەلایەن کوردانی بە ویژدان و وڵاتپارێزەوە قبوڵ ناکرێت".
قەرەسوو ئاماژەی بەوەکرد، لە دژی هێرشێکی وەها بەرفراوان بەرپرسیارییەکی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان و وتی، "گەلی کورد خۆی لە خۆیدا بەرپرسیاریی خۆی بە جێدەهێنێت، لە هەموو شوێنەکاندا لە دژی هێرشەکان وەستاوەتەوە و راپەڕیوتە سەر پێ".
"دەیانەوێت لە پەکەکە رزگاریان ببێت و هەموو کوردستان داگیربکەن".
موستەفا قەرەسوو باسی ئەوەیکرد، دەبێت گەلی کورد ئەوە بزانێت، کە ئەمریکا و ئەوروپا لە پشت ئەم هێرشەوەن و وتی، "ئەو هێزانە، کە باسی دیموکراسی دەکەن، بوونەتە هاوبەشی سیاسەتی پاکتاوکردن و سڕینەوەى دەوڵەتی تورک. دەبێت گەلەکەمان لە هەموو شوێنەکاندا راپەڕن، بەڵام ئەرکی گرنگ بە تایبەتی دەکەوێتە ئەستۆی گەلی باشوورمان. هەر چۆن لە کاتی هەوڵی داگیرکەریی زاپ دا خەڵکی دێرەلوک، ئامێدی و شێلادزی راپەڕین، هەروەها لەمدواییانەدا، خەڵکی شێلادزێ راپەڕین و چوونە سەر بارەگای داگیرکەران و تێکیاندان، دەبێت ئەو هەڵوێستە بە باشووری کوردستاندا بڵاوببێتەوە. لە هەولێر، سلێمانی، زاخۆ، رانییە، دیانا دەبێت ئەو هەڵوێستە لە دژی ئەو داگیرکەرییە نیشان بدرێت، چونکە دەیانەوێت بەو داگیرکەرییە کوردان پاکتاو بکەن. لە هەمان کاتدا هێرش دەکەنە سەر دەستکەوتەکانی باشوور.
"ئەگەر ئەمڕۆ رێ لە داگیرکەری نەگیردرێت سبەی هەولێر و سلێمانی داگیر دەکەن"
ئەگەر گەریلا زیانی بەربکەوێت، بە دڵنیاییەوە گەل و هێزە سیاسییەکانی باشوور لە بەرزترین ئاستدا دەستکەوتەکانیان لە دەست دەدەن. لەو بابەتەدا دەبێت هەستیار بن. کاتێک سەرەی باشوور هات ئەو کاتە ئیدی درەنگە. ئەگەر ئەمڕۆ رێ لە داگیرکەری نەگیردرێت ئەوا سبەی هەولێر و سلێمانیش داگیر دەکەن. هەر خۆیان ئەوە بە زۆر ئاشکرا دەڵێن، بەڵام ئێستا پەکەکە لە بەردەمیاندا وەستاوەتەوە، دەیانەوێت سەرەتا لە پەکەکە رزگاریان ببێت. ئەگەر ئەم رێگری و لەمپەرەیان لەناوبرد ئیدی ئامانجەکانی تریان ئاسانتر دەبێت. لەبەر ئەوەش رۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەندانی باشوور دەبێت هەڵوێست نیشان بدەن. دەبێت داوا لە گەلی باشوور بکرێت، کە هەڵوێست نیشان بدات. هەڵوێستی ئێستای هێزە سیاسییەکان قبوڵ ناکرێت.
"هەر چۆن لە زاپ تێکشکان، ئەمڕۆش دیسانەوە تێکدەشکێنەوە"
گەلی باشوورمان وڵاتپارێزن. لە کاتی داگیرکەریی سەر رۆژئاوا و زاپ راپەڕین و هەڵوێستی گەل لە بەرچاوە، بۆیە ئێمە چاوەڕێین، کە گەلی باشوور لە دژی ئەو داگیرکەرییەش هەڵوێست نیشان بدات. بێگومان گەلەکەمان لە باکوور، رۆژئاوا، رۆژهەڵات و ئەوروپا دەبێت لە دژی داگیرکەری راپەڕن. گەریلا لە دژی داگیرکەری بە شێوەیەکی فیداییانە بەرەنگاری و بەرخودان دەکات. هەر چۆن لە زاپ داگیرکەرییان تێکشکاند بەو شێوەیەش لەم هێرشەدا تێکیان دەشکێننەوە. هێرشی داگیرکەری چەند بەرفراوان بێت بەرخودانیش بەو رادەیە بەهێز و بەرفراوان دەبێت. دەوڵەتی تورک لە رێگەی ئەو هێرشانەوە چەند هەوڵ دەدات داگیرکەریی خۆی بەرفراوان بکات، لە هەمان کاتیشدا بەرخودان و تێکۆشانیش بەرفراوان دەبێت، دەبێتە هۆی ئەوە کە گەریلا زۆر بە بەهێزی و کاریگەرانە تێبکۆشێت. لە دژی ئەو هێرشانەى دوژمن بەرخودانی گەریلاش بەرفراوان دەبێت.
بێگومان ئەو تێکۆشانە تەنها بە بەرخودانی گەریلا سەرناکەوێت، بەڵکو بە تێکۆشانی زرگاریی نەتەوەیی گەل سەر دەکەوێت. تێکۆشانی ئازادییە. ئەو نزیکایەتییە کە دەڵێت، با تەنها بە بەرخودانی گەریلا ئەنجام بەدەست بهێنرێت، نزیکایەتییەکی هەڵەیە. بە سەرهەڵدان، بە تێکۆشانی گەنجان و ژنان، بە دیپلۆماسی و بە هەستانە سەرپێی کوردان لە هەموو ئەو شوێنانەى سەرتاسەری جیهان، کە تیادا دەژین، ئەم تێکۆشانە دەتوانێت ئەنجام بە دەست بهێنێت. بەو بۆنەیەوە ئێمە سڵاو لە بەرخودانی گەریلا دەکەین. روون و ئاشکرایە، کە گەریلاکان لەسەر هێڵی رێبەر ئاپۆ ئەو بەرخودانە تاوەکو دوایی دوایی درێژە پێدەدەن".
"بەرخودانی خەڵکی ئێزدی پیرۆزە"
موستەفا قەرەسوو ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری کەجەکە لە بەردەوامیی وتەکانیدا سەرنجی خستەسەر گۆڕەپانێکی تری بەرخودان لە شەنگال و وتی، "بەرخودانی دایکانی ئێزدی و بەرخودانی خەڵکی ئێزدی پیرۆزە. هەوڵ دەدەن، کە کۆنترین باوەڕیی مێژوو بپارێزن. ئەگەر ساڵی ٢٠١٤ ئێزدییەکان خۆسەر و خاوەن هێزی پاراستن بوونایە، ئەوا داعش نەیدەتوانی بڕواتە شەنگال. هەر خۆی پێش ئەوەى گەریلا بگەنە شەنگال، تەنها ئێزدییەکان بەرەنگارییان دەکرد. کەسیشیان لە دەستدا. هەروەها ئەو بەرخودانە بووە هۆی ئەوە، کە پاکتاوکردنێکی زۆر قورس روونەدات. نزیکەى ٥ هەزار ژن دیلکران، بەڵام ئەگەر ئێزدییەکان بەرخودان و بەرەنگارییان نەکردایە، ئەوە ئەو ژمارەیە دەبوو بە ٥٠ هەزار کەسی دیلکراو. ئەو کاتە دیارە ئەگەر هێزی خۆپاراستنی ئەو گەلە هەبوایە، بە دڵنیاییەوە داعش نەیدەتوانی بچنە ناو شەنگال. خەڵکی ئێزدی بەرەنگاری دەکات، بەرخودان دەکت، چونکە بینیان، کە تەنها ئەوە گەنجەکانیانن، کە بەرەنگاری دەکەن. سوپای عێراق بەرەنگاری نەکرد، پەدەکە بەرەنگاریی نەکرد. تەنها گەنجانی ئێزدی بەرخودان و بەرەەنگارییان کرد. دوای ئەوە گەریلا بە هانایانەوە چوو و گەیشتە لایان و ئەوانی لە پاکتاوکردن و سڕینەوە رزگار کرد.
ئێستاش دایکان جارێکیتر نایانەوێت بکەونەوە هەمان ئەو دۆخە. گەورەترین زوڵم بۆ دایکێک چییە؟ گەورەترین زوڵم ئەوەیە، کە کچەکەی بڕەفێنرێت و بیخەنە ناو سیستمێکی دەستدرێژیکردن. لەبەر ئەوە بەرخودانی دایکان پیرۆزە. ئەوەى عێراق ئەنجامی دەدات ناهەقییە. باشە ئاخر شتی وەها دەبێت؟ ئەوەش هەم بۆ پەدەکە دەڵێم و هەم بۆ عێراق. کاتێک داعش هات تۆ ئەوێت نەپاراست، دواتریش بەبێ بەرگری و پارێزگاری ئەوێتان بە جێهێشت. ئەوە ئەخلاقییە؟ باشە ئەوە لە چ ویژدانێک دەوەشێتەوە؟ ئەوانەشى پشتیوانی لەوە دەکەن بێ ئەخلاقن. ئەمریکا و فەرەنسا لە پشت رێککەوتنەکەى نێوان پەدەکە و عێراقەوەن. نەتەوە یەکگرتووەکانیش رایگەیاند، کە پشتیوانی لەو رێککەوتنە دەکات، باشە ئەوە بێ ئەخلاقی نییە؟".
قەرەسوو رایگەیاند، سوپای عێراق سوپای هەموو عێراقە و وتی، "ئێزدییەکان ناڵێن با سوپای عێراق نەبێت، بەڵکو دەیانەوێت خۆسەر بن و خاوەن هێزی خۆپاراستن بن. لەوێش هێزێک هەیە سنوور دەپارێزێت. هاوکات دەتوانرێت لە ناو شار و لە کۆمەڵگەکان هێزی پاراستنی ئێزدییەکان هەبێت. داوای ئێزدییەکان گونجاو، ماقوڵ و ڕەوایە، بەڵام لە شوێنی ترەوە دەیانەوێت ئێزدی و عێراقی بکەن بە گژی یەکتردا. هەر چۆن خەڵکی ئێزدی بۆ ئەوەى شتی نەخوازراو روونەدات بە هەستیاری دەجوڵێنەوە، پێویستیشە عێراق بە هەمان هەستیاری بجوڵێتەوە. دەبێت رێگایەکی چارەسەری بدۆزنەو. ئەگەر نایانەوێت رێگایەکی چارەسەری بدۆزنەوە، ئەوا ئەو کاتە دەیانەوێت وەک پێش ساڵی ٢٠١٤ بکەن. من جارێکیتر سڵاو لە بەرخودانی دایکانی ئێزدی دەکەم. ئەوان بە بەرخودانەکەى خۆیان خاوەنداری لە کچانی خۆیان، خاوەنداری لە شکۆ و باوەڕی خۆیان دەکەن. بۆیە رەواترین تێکۆشان لە جیهاندا بەڕێوەدەبەن".
ژ.ت