قەرەیلان: ئەگەر کورد خوێنی کورد بڕژێت، بۆ هەموومان دەبێتە کارەسات -٢-

موراد قەرەیلان رایگەیاند، لەم کاتەدا کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک زیادی کردووە، ئەوان نایانەوێت هیچ پارتێکی کوردی لاواز ببێت و وتی، "ئەگەر کوردان خوێنی یەکدی بڕژێنن، ١٠٠ ساڵی دیکە شکستدەهێنین. ئەو کاتەش کارەساتێکی راستەقینەمان بەسەردا دێت."

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد و هەڵسەنگاندنی بۆ شۆڕشی ١٩ی تەمموزی رۆژئاوا و بەرخۆدانی گەریلا لە زاپ، ئاڤاشین، مەتینا، گرنگی یەکێتی نەتەوەیی و دۆخی ئەم دواییەی پەدەکە کرد.

چاوپێکەوتنی ئاژانسەکەمان لەگەڵ ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بەم شێوەیەیە:

- ئێوە لە راگەیاندراوی پێشووتاندا وتبوتان "ئێمە دەتوانین هێزی دوژمن تێکبشکێنین". دوژمن خاوەنی هێزێکە و تەکنەلۆژی هاوچەرخ بەکار دەهێنێت، ئێوە هێزێکی وەها چۆن تێکدەشکێنین؟

راستە ئێستا دوژمن هێرشێکی گەورەی کردووەتە سەر باشووری کوردستان. لەو ئۆپراسیۆنەدا دوژمن لە هەموو کات زیاتر تەکنەلۆژیا بەکار دەهێنێت. فڕۆکە و کۆپتەر و تۆپی جۆراوجۆر بەکار دەهێنێت و مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، ئۆپراسیۆنێکە، کە دەوڵەتی تورک لەسەر بناغەى پشتبەستن بە تەکنەلۆژیا رێکیخستووە. سەرنج بدەن، دەوڵەتی تورک ئابوورییەکەى لاواز بووە، بەڵام هیچ گوێ بەو کێشەیە نادات و بە شەو و رۆژ فڕۆکەى بەسەر باشووری کوردستاندا دەسوڕێتەوە. لێرەدا مرۆڤ دەتوانێت ئەوە ببینێت، کە دەوڵەتی تورک چەند گرنگی بەو ستراتیژیایەی دەدات. ئێستا ئێمە ئەوان چۆن تێکبشکێنین؟ راستە، هەر خۆی من پێشتریش وتبووم، دۆخەکە هەستیارە و دەبێت ئێمە لەم سەردەمەدا یەکێتی پێبکبهێنین، هەڵوێستێکی نەتەوەیی نیشان بدەین. ئێمە باسی ئەوەمان کرد. ئەوانە هۆکاریکیشیان ئەوەیە. ئێستا دەوڵەتى تورک هێرشی کردووەتە سەر هێڵی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا. ئەو هێڵە پیش مەتینایە. ئەو هێرشە ئێستا ٨٦ رۆژە بەردەوامە. ئێمە بانگەشەى ئەوە دەکەین، کە ئێمە دەتوانین ئەو دەوڵەتە لێرەدا تێکبشکێنین. ئەو توانایی و دەرفەتە هەیە.

دەوڵەتی تورکیا زۆر بەو رادەیەش بەهێز نییە، بەڵکو پڕوپاگەندە و ریکلامی زۆر بۆ خۆی دەکات. تەکنەلۆژیای زۆرە و ئەوە راستە. هەواڵگریشی بەهێزە و ئەوەش راستە، بەڵام لە دەرد و قەیراندایە. ئاکەپە – مەهەپە لە قۆناغی رووخاندان. دۆخی سەربازیشیان لەوە دوور نییە. دەرفەت هەیە، ئێمە دەتوانین لێرەدا تێکیان بشکێنین. ئەگەر گەریلا گەمارۆ نەدرێت، بەرەی پشتەوەی گەریلا نەگیرێت، رێگاکانی گەریلا نەگیردرێن و دانەخرێن و پێدانی زانیاریی سیخوڕی بە دەوڵەتى تورک رابگیرێت، گەریلا بەم شێوازە، کە تا ئیستا بەرخودان و بەرەنگاری دەکات و ئەگەر ئەوە بەردەوامی پێ بدات، ئەوا دەوڵەتی تورک تێکدەشکێنن. ئێمە هاوکاری و یارمەتیمان ناوێت. ئێمە دەڵێین، با تەنها هێزەکانی باشوور بێ لایەن بن. لەمپەر و گرفت دروست نەکەن، سەیر بکەن. گەریلا ئەو ئیدعا و بانگەشەیەی هەیە، کە دەتوانێت دەوڵەتی تورک تێکبشکێنێت.

گەریلا ئێستا بەهێزە، هێزێکی فیداییە، کە بە ئازایەتییەکی زۆرەوە شەڕ دەکات. تاکتیکی نوێ گەریلا پێشدەخات. ئەوە دەرفەتێکە. ئێمە دەتوانین بەو هێزە دوژمن لێرە زۆر مەشغوڵ بکەین و تێکبشکێنین. ئەگەر دوژمن تێکبشکێت، هەر وەک ساڵی ٢٠٠٨، کە لە زاپ گورزی لێدرا و ئۆپراسیۆنەکەى تێکشکا و ئەوە بووە هۆی ئەوە، کە دەوڵەتی تورک سیاسەتی بەرامبەر بە باشوور بگۆڕێت. پێشتر هێڵی سوور هەبوو، ئێستا هێڵی سووریان نەهێشتووە.

جارێکیتر و ئیستا ئێمە لە ئاڤاشین و زاپ ئەو دەوڵەتە تێکدەشکێنین، ئەوەش سیاسەتی باشوور و دەستی هەموو کوردان بە هێز دەکات. کورد لە بەرامبەر ئەو دەوڵەتە دەبێتە خاوەن ئیرادە. ئەوەش سوودی بۆ هەموان هەیە. یانی لێرە سەرکەوتن بە دەست بێت، ئەو سەرکەوتنە تەنها سەرکەوتنی پەکەکە نییە، بەڵکو سەرکەوتنی هەموو کوردانە. هەموو کورد سوودی لێوەردەگرێت. بۆ ئەوەیە ئێمە دەڵێن، ئەگەر هاوکاری هەبێت باشە، ئەگەر هاوکاریش ناکەن ئەو کاتە رێگری و لەمپەر دروست مەکەن. هاوکاریی دەوڵەتی تورک نەکەن. ئەوە زۆر گرنگە. لەو بابەتەدا ئێمە ئیدعا و بانگەشەمان هەیە.

ئێستا سەیر بکە دوای ساڵی ٢٠١٨ عەفرین داگیرکرا، لێرەدا ئێمە وەک گەریلا، بڕیارگە، لەسەر شێواز و رێبازەکانی شەڕی نوێ سەرقاڵ بووین و ئامادەکاریمان کرد. ئەوە ٣ ساڵە ئێمە لە ئامادەکاریداین. ئێمە سێ ساڵە چاوەڕێ بووین، کە لەگەڵ دەوڵەتی تورک دا شەڕ بکەین. بێن و ئێمە شەڕ بکەین. لەسەر زەوی و ناوچەکانماندا ئامادەکاریمان کردووە. ئێمە قسەى خەیاڵی ناکەین، بەڵکو ئێستا بار لەسەر شانمانە. بارەکەمان قورسە. ئێمە لەوە ئاگادارین. ئێستا سەدان هەڤاڵمان لە مەودای چەند مەترێکدا رووبەڕووی دوژمن دەبنەوە. ئێستا شەڕ هەیە. یانی ئێمە لێرە پڕوپاگەندە ناکەین. باس لەو راستییە دەکەین، کە هەیە. سەلماندنی ئەوە چییە؟ سەلماندنەکەى ئەوەیە، کە ٨٦ رۆژە خەڵکەکەمان لە بەرامبەر بەرواریی سەرووەوە سەیر دەکەن. لێرە میللەت هەیە، گوند هەیە. راگەیاندنەکانی باشووریش دەچن بۆ ئەوێ.

 بەڵام کەس ناڕوات بۆ زاپ و ئاڤاشین، هیچ کەسێک چاودێریی ئەوە ناکات، کە لەوێ چی روودەدات. ئێستا من با ئەوەش بڵێم، هەڤاڵانمان لە هێڵی زناری کێستە و زەندورادا ناچاربوون هەندێک گۆڕانکاری لە شێوازەکەى خۆیاندا بکەن. دوای جموجوڵەکانی پەدەکە لە مەتینا، دوای هەفتەیەک لەوە هەڤاڵامان لەوێ هەندێک گۆڕانکارییان لە شێوازەکەیاندا کرد. یانی لە ناچاریدا هەندێک تاکتیکی خۆیان گۆڕی. ئێستا من زۆر وردەکاری باس ناکەم لەبەر لایەن ئاسایشی. دواتر مرۆڤ دەتوانێت هەندێک زیاتر باسی لەسەر بکات.  شەڕی سەرەکی و گەورە ئیستا لە ئاڤاشینە. بێگومان سەرنجی رای گشتی، سەرنجی راگەیاندنەکانی راکێشاوە. رۆژی ٢٤ی نیسان، کە ئەو ئۆپراسیۆنە دەستیپێکرد. دەوڵەتى تورک کام چیایانەى بۆردومان کردووە ئێستاش لە هەمان ئەو چیایانە دەدات. بۆ ئێستا زناری  کێستە و زەندورا و هرۆر بۆردومان دەکات؟

دوژمن بە رادەیەک لە نزیکی گوندەکە دەدات، کە هاووڵاتییانمان لە ناو گوندەکان  دەترسێنێت. زەوی و زار و باخەکانیان وێران دەکات. ئەوە هۆکاری خۆی هەیە و دەیەوێت ناچاریان بکات کۆچ بکەن و ناکۆکی بخاتە ناو کوردانەوە. ئەوە بە ئەنقەست دەکات. یانی لە دەورووبەری ئەو گوندانە دا کێی هەیە، بۆ لێیان دەدات؟ بە ئەنقەست لێیان دەدات و سیاسەتێک بە ڕێوەدەبات، بەڵام هەر ناچار دەبێت لەوێ بدات، بۆ؟ چونکە نەیتوانیوە کۆنترۆڵی بکات. ناشتوانێت کۆنترۆڵی بکات. ئێستا لە ئاڤاشین چۆن بوو؟ لەوێ دوژمن بە بەری رۆژئاوای ئاڤاشین لەوێ مەروانیس، بانیستا و مێزێی گرتووە، لە بەری  رۆژهەڵاتی ئاڤاشینەوە مام رەشۆی گرتووە. خواستی نێوانیان بگرێت، گەمارۆی بدات تاوەکو ئەو هەڤاڵان لە بەری ستونا، لە هێڵی ساتێ و هەرکێ گەمارۆ بدات. ٤٠ رۆژ لە هەر دوو بەرەکەوە خواستی خۆی بە ئاڤاشین بگەیەنێت، بەڵام نەیتوانی. یانی هات، زۆر کوژراوی دا، ئەو شوێنە کە هەڤاڵان پێی دەڵێن، دۆڵی کۆنفرانس و دۆڵی مارەکان لە هەر دووکیاندا لە دەستدانی گەورە و گرنگی هەبوو و ناچار بوو بکشێتەوە. جارێکیتر کشایەوە بۆ مێزێ.

 دواتر لە ٧ی حوزەیران، کە ئەو مێژووەش گرنگە، هێرشێکی نوێی دەستپێکرد. لە گوندی بانیسا، ئەو شوێنە کە ئێمە پێی دەڵێین، تابوری عەرەبەکان، پێشتر تابوری سەدام لەوێ بوو، لەبەر ئەوە هەڤاڵان وای پێدەلێن. لەوێ رێگای دێر (کێڵسە) هەیە، لەوێیەوە بەرەو وەرخەل کشان، بەڵام لە دامێنێ وەرخەل دا جوڵەکەیان راوەستێنرا. ئێستا ٤٠ رۆژە لەوێ شەڕ روودەدات. لە هێڵی دامێنی وەرخەل دا، نەک لەسەر وەرخەل دا، شەڕ هەیە. لە هەمان کاتدا لە شاخە سۆر، کە لە دامێنی چارچەلایە، راستەوخۆ ئەوێش سنورە. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، خاڵی سفری سنوورە. لەوێ شاخی لەیلەک هەیە، لە لایەکی تریدا گۆڤەند هەیە، کە دوژمن گرتویەتی، بەڵام سەرباری ئەوەش ٤٠ رۆژە ناتوانێت شاخی سۆر بگرێت.

 ئیستا لە بەرامبەر شاخە سۆریش و لە بەرامبەر وەرخەل-یش ناوە ناوە دەوڵەتی تورک چەکی کیمیایی بەکار دەهێنێت. ئێمە لەوبارەیەوە لێدوان و راگەیاندراو بڵاودەکەینەوە، بەڵام بە داخەوە دونیا خۆی لە ئاستیدا کەڕ کردووە، بەڵام ئەو دەوڵەتە ئەوەندە دەوڵەتێکی دڕندەیە، کە مافەکانی مرۆڤ، هەموو جۆرە یاساکانی شەڕ پێشێل دەکات و لە هەر شوێنێکدا بیەوێت هەموو جۆرە چەکێک بەکار دەهێنێت. بابەتەکە چەکێکە، کە هەڤاڵان دەیبینن، ئێمە بە تەواوەتی بەڵگەمان لەسەر کۆنەکردووەتەوە، رەنگە ئەوە کەموکوڕیی ئێمە بێت، بەڵام ئەوەتا دوکەڵێکی سپی، شین و نازانم بۆنی چیی لێدێت، ئەو چەکانە جاروبار بەکار دەهێنن. یانی ئەو شەڕە لەوێ بەردەوامە.   

نزیکەى ٣ مانگە دەوڵەتی تورک نەیتوانیوە خۆی باڵادەست بکات. هێشتا لاکەى تری ئاڤاشین هەموو لە ژێر کۆنترۆڵی گەریلادایە. ئەگەر ئەو دەوڵەتە زۆر بەهێزبوایە، ئەگەریش راستەوخۆ و خێرا نەیتوانیایە، خۆ دەیتوانی لە ماوەى هەفتەیەکدا خۆی باڵادەست بکات. بۆ ناتوانێت؟ ئێمە بڵێین، هەر هیچ کەس ناتوانێت بێت بۆ ئاڤاشین بەو شێوەیە نییە، بەڵکو لە راستیدا دەتوانن بڕۆن. لە بەری میرسۆلا دەتوانن بڕۆن، بەڵام ناڕۆن، چونکە نایانەوێت ئەو رێگایانە بکرێنەوە، بەڵام هەموو کەس دەڕوات بۆ بەری مەتینا و ئەوێ دەبینێت.

 ئەو شەڕە چۆن دەکرێت؟ یانی سەربازێکی ئاسایی ناتوانێت ٢٤ کاتژمێر لەوێ خۆی بگرێت. ئێمە شەڕێکی ئاسایی ناکەین. ئێمە ئەزموونی ساڵەهای ساڵمان هەیە، ئێمە ئێستا بە رێباز و شێوازێکی نوێ دەجوڵێینەوە. ئێمە بەو تاکتیکە نوێیانە، دەمانەوێت تەکنەلۆژیای بەردەستی دوژمن پووچ بکەینەوە و ئێمە پووچی دەکەینەوە. ئەو تاکتیکانە لەسەر بنەما و بناغەى ئازایی مرۆڤ، فیداکاریی مرۆڤ و هۆش و ئاوەزی مرڤ بەڕێوەدەچێت. تەنها کەسێک بە بیر و رامان و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ وەک فیداییەک خۆی پێگەیاندبێت و لە هەمان کاتدا لەسەر تاکتیکی نوێ خۆی قوڵکردبێتەوە، دەتوانێت لەوێدا سەر بکەوێت. هەڤاڵانمان لەوێ لە ئێستاوە ئەوە بەڕێوەدەبەن. یانی ئەو بابەتە بە راستی مێژووی بەرخودانی گەلی کوردە.

 لە مێژووی تێکۆشانماندا ئێمە بۆخۆمان شتی یەکەم و نوێ دروست دەکەین. لە مێژوودا هیچ کاتێک کوردان لە هێڵی زەندورا و هرۆر ٢ رۆژ زیاتر شەڕیان نەکردووە، بەڵام ئێستا لەوێ بە بەرچاوی هەموانەوە ٨٦ رۆژە شەڕ روودەدات. ئەوەى روودەدات هەم لە رووی فیداکاری و ئازایەتییەوە و هەم لە رووی تاکتیکی لێهاتووبوونەوە، کارامەیى و ئەدائی سەربازییەوە شتی نوێن. ئەو عەگیدی و ئازایەتی و جوامێرییە، کە لە مێژووی کوردستاندا شاراوەیە ئەمڕۆ بە فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ لە بڵندبوونەوە و دەرکەوتندایە. یانی ئەوە راستییەکە. ئێستا ئێمە دەمانەوێت بەو شێوەیە لە بەرامبەر دوژمن دا بە راستی سەرکەوتنێک بۆ کورد بئافرێنین. راستیی قورس و سەختیی خۆی هەیە، دژواریی هەیە. ئێمە دەزانین، کە تاوەکو ئێستا ئەوە بە ئاسانی بەڕێوەنەچووە، یانی بە رەنج و فیداکاری سەرحەد گراڤییەکان، هاوڕێ ساریا، ڤیانەکان، باوەڕەکان، بە فیداکاری ئەوان بەو شێوەیە بەڕێوەچووە و بەڕێوەدەچێت. ئێمە قەرزاری ئەو شەهیدە قارەمان و عەگیدانەین.

 عەگیدەکانی کورد، کچان و کوڕانی کورد ئەمڕۆ بەراستی داستان تۆمار دەکەن، ئێمە زۆر پێی کاریگەر دەبین. ئێمە وەک بەرپرسیاری ئەو کارەیەن، ئێمە بۆ خۆشمان پێی کاریگەر دەبین. چۆن؟ بۆ نمونە هەڤاڵان لە شوێنێکدان، فەرماندەکەیان پێیان دەڵێت، ئێوە دەتوانن بگەڕێنەوە. ئەگەر قورسە بەجێ بهێڵن، فەرماندەی ئەوێ دەڵێت، باشە هەڤاڵان دەتوانن بگەڕێنەوە، بەڵام بریندارێکمان هەیە و ناتوانێت رێ بکات. من بریندارەکە بەجێناهێڵم.من لەگەڵی دەمێمنەوە، تاوەکو دوا هەناسەمان شەڕ دەکەین. کاتێک وا دەڵێت، هەڤاڵانی تر هەموویان دەڵێن، ئێمەش ناڕۆین. بەو شێوەیە هەموویان دەمێننەوە و ئێستا شەڕ دەکەن. ئەوە شتێکی زۆر گەورەیە، ئەوە شتێکە بە زمان باس ناکرێت و ناتوانرێت روون بکرێتەوە. من ئێستا لێرە ناتوانم روونی بکەمەوە. تەنها ئێمە لە عەرزە تاوەکو ئاسمان دەتوانین رێزیان لێ بگرین. قارەمانیی ئەو هەڤاڵانە هێشتا بەردەوامە و ئێستا شەڕ دەکەن. یانی ئەوە جەوهەر و گەوهەرێکی کوردە، جەوهەرێکی شۆڕشگێڕییە. ئەوە نوێبوونەوەیەکە، ئەوە شتێکی زۆر گرینگە. بۆیە ئێمە ئیدعا و بانگەشەمان هەیە، بە فیداکاری و ئازایەتیی ئە و قارەمانانە مرۆڤ لەم چیایانەی زاگرۆس دا دەتوانێت دوژمن تێکبشکێنێت، لوتی دوژمن لە عەرز بدات.

وەک من وتم، ئەگەر سەرکەوتنێکی وەها هەبێت و رووبدات ئەوە بە تەواوی دەستی هەموو کوردان بەهێز دەکات. لەم سەردەمەدا گەلەکەمان پێویستیی بە سەرکەوتنێکی وەها هەیە، بەڵام من جارێکیتر دەیڵێمەوە، ئەوە بە ئاسانی روو نادات، قورسی و سەختیی زۆرە. پێش هەموو شتێک، کە تۆ فیدایی نەبیت، ئەستەمە ئەوە بەدی بێت. لە ئێستا بە دواوە ئەگەر لە تاکتیکی نوێ دا قوڵبوونەوە نەبێت، یانی ئەگەر تۆ سەر زەوی بە قوڵایی بە بەرفراوانی بەکار نەهێنێت، ئەوا تۆ ناتوانیت دوژمن راوەستێنیت. باشە ئەوە ئاسانە، کە تۆ دوژمن لە وەرخەل بۆ ماوەى ٤٠ رۆژ راوەستێنیت؟ بە هەموو ئەو تەکنەلۆژیایەی ئەوان هەیانە، رۆژانە بە دەیان تۆن بۆمب بەسەر ئەو شوێنەدا دەبارێنن. ئەو بۆردومانەى ئێستا دەوڵەتی تورک لە ئاڤاشین، زاپ و لە هەموو ئەو ناوچانەدا ئەنجامی دەدات، لە ڤێتنامیش نەبووە، لە هیچ شوێنێکدا نەبووە. دەیان تۆن بۆمب لە هەر مەترێک دەدەن. ئەوان دەیانەوێت وەها سەر بکەون. بەڵام لە بنەڕەتدا ئەوان ئیرادەی شەڕیان نەماوە. ئەوان دەیانەوێت بە تەکنەلۆژیا سەربکەون، بەڵام رێباز و شێوازی هەڤاڵانمان ئەو تەکنەلۆژیاییەى ئەوان بێ واتا و پووچ دەکاتەوە و بەرخودان بەردەوام و درێژە پێدەدەن. بۆ ئەوە ئێمە دەڵێن، ئیدعا و بانگەشەمان هەیە، کە دەتوانین لە سایەی ئەو قارەمانانەدا سەربکەوین. ئەو بەرخودانە ئەنجامدراوە و هەڤاڵان لە خۆیان نیشانیان داوە، هیواکان گەورە دەکات و بە دڵنیاییەوە سەرکەوتن بۆ گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دەبێت، بە دڵنیاییەوە سەرکەوتن بۆ گەلی کورد دەبێت. ئەوەش بۆ هەموو گەلی کوردستان و بۆ تەواوی گەلانی ناوچەکە فیداییەکی گەورەیە و فیدایی خۆیان هەیە، چونکە ئەگەر فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە لێرە تێکبشکێت لە سەرتاسەری تورکیاشدا تێکدەشکێت. هەموو هێزە دیموکراسییەکان و ئازادیخوازان لەوە سوودیان پێدەگات و دەستیان بە هێزە دەکات. بۆ ئەوەش ئێمە ئەو بەرخودانە لە هەمان کاتدا بە بەرخودانی مێژوویی و بەرخودانی ئازادی و دیموکراسیی دەبینین.

دەوڵەتی تورک لە باکوری کوردستان ئۆپەراسیۆنەکانی بەردەوامی پێدەدات. هەروەها گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بەردەوامە. لەمبارەیەوە بۆچوونی ئێوە چییە؟

لە سەرەتادا یادی هەموو شەهیدانی کۆمەڵکوژی پرسوس، یاخود سروج بەڕێزەوە دەکەمەوە. لەوێ ٣٤ گەنجی سۆسیالیست، بە خەون و خەیاڵی مرۆڤایەتی کۆبوونەوە و بە شێوەیەکی دڕندانە کۆمەڵکوژکران. یادیان دەکەینەوە و ئەو بەڵێنەی کە بە شەهیدەکانمانداوە جارێکی دیکە دووبارە دەکەینەوە. داگیرکەری تورک هەموو کاتێک هێرش دەکاتە سەر چیاکانی کوردستان، بەڵام ببینیمان کە ئەم جارە لە ئیزمیر هێرش ئەنجامدا. لەوێ کچێکی کورد، میلیتانێکی تێکۆشانی ئازادی بە ناوی دەنیز پۆریاز شەهید بوو. لەگەڵ ئەوەی بێچەک، ببێپاراستن بوو بەڵام شەهیدیان کرد. من لێرەوە یادی دەنیز پۆریاز دەکەمەوە، سڵاوی خۆم پێشکەش بە دایک و باوکی دەکەن، سەرەخۆشی خۆم پێشکەش دەکەم. بە ناوی هەموو قاڕەمانەکانی سەرچیا، سڵاوی خۆمان پێشکەش دەکەن. داگیرکەری تورک لەسەر بناغەی پلانی قڕکردن لەدژی ئێمە شەڕ دەکات. بۆ ئەوەش هەموو بەهاکانمان دەکاتە ئامانج. هەموو پیرۆزیەکانمان دەکاتە ئامانج. ناوەندی شەڕەکەش ئیمڕالیە. واتە ئەمڕۆ ئەشکەنجە، گۆشەگیری دەوڵەتی تورک لەسەر رێبەر ئاپۆ و لەسەر هەڤاڵانمان، لە جیهاندا بێوێنەیە. زوڵمێکی زۆر بەڕێوە دەبرێت. بێگۆمان لە بەرانبەردا هەڵوێستی رێبەر ئاپۆ هەیە. زۆر واتادار و مێژووییە وەک هەڵوێستی کەسێکی ئازاد، بە ئیرادەیەکی گەورەوە لە بەرانبەر هەر جۆرە هێرشی شەڕی دەروونی بەرخۆدان دەکات. من لێرەوە سڵاوی خۆم پێشکەش بە بەرخۆدێرانی زیندانەکان و لە ئیمڕالی و بە تایبەتی رێبەر ئاپۆ دەکەم. لە هەمانکاتدا بۆ هەڵگرتنی زوڵم و گۆشەگیری بەرخۆدانی زیندانەکان دەستیپێکردووە، سڵاوی خۆم پێشکەش بە چالاکوانانی مانگرتن، چالاکوانانی کەمپی شەهید رۆستەم جوودی، لە کەمپی لاڤریۆ دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. تێکۆشانیان، بەرخۆدانیان، تێکۆشانێکی زۆر واتادارە. بە ئەندازەی بەرخۆدانی گەریلا واتادارە. بەرخۆدانی دژی گۆشەگیری، وەستانەوە لەبەرانبەر گۆشەگیری و ئەشکەنجە، وەستانەوەیە لەبەرانبەر فاشیزم و سیستمی قڕکردن. بۆیەش زۆر واتادارە. لە هەموو جێگەیەک هێرش هەیە. واتە لە گۆڕەپانی سیاسی هێرش هەیە. هێرش و زوڵم لەسەر هەموو دەزگا کوردیەکان و دیموکراتەکان و چەپەکان هەیە کە لایەنگری ئازادی کوردستانن. زوڵمی فاشیست لەسەر تورکیا، بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، ژێردەستەکان، رەنجدەران و عەلەویەکان و لەسەر گەلی کورد هەیە. لەبەرئەوەی ئەم ڕژێمە فاشیستە دەیەوێت خۆی بە شێوەیەک لەسەر پێ بهێڵێتەوە. بۆیەش هێرشیان کردە سەر هەدەپە، هێرشی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن. بۆیەش دەکەنە سەر هەموو دەزگا دیموکراتخوازەکان، چەپ، سۆسیالیست، کورد و وڵاتپارێزەکان. هەمان هێرش بە فراوانی لەدژی گەریلا ئەنجام دەدرێت. بێگۆمان لەدژی گەریلا بە هەموو چەکی پێشکەوتوو هێرش ئەنجام دەدرێت. لەبەرانبەر هێرشەکانیش بەرخۆدانی گەریلا زۆر واتادارە. لە بۆتان تاوەک دەرسیم، لە سەرحەد تاوەک مێردین بەرخۆدانی هەڤاڵان هەیە. سڵاوی خۆم پێشکەش بە هەڤاڵان دەکەم. هەرچەندە دوژمن لە ئێستادا خۆی هەڵدەکێشێت و دەڵێت، "دۆخەکە لە بەرژەوەندی ئەواندایە'، بەڵام ئەو بەرخۆدانەی کە هەڤاڵانمان ئەنجامی دەدەن بۆ پاراستنی سەنگەرەکان، لە ئاستێکی باڵادایە و لە رۆژانی داهاتوودا دۆخەکە زیاتر ئاشکرا دەبێت. واتە بە گشتی زوڵم و هێرشێک هەیە. وەک وتم،'ئارمانج قڕکردنە'. داگیرکەری تورک سیستمی قڕکردنی گەلی کورد بەڕێوە دەبات. سەیرکەن، چەند رۆژ لەمەوبەر ئەردۆغان سەردانی ئامەدی کرد. ئەو شتانەی لەوێ وتی، هەموو شەڕی دەروونی و درۆ بوون. زۆر سیاسەتمەداری کورد وڵامیان دایەوە. بۆیەش بە فراوانی باسی بابەتەکە ناکەم. بەڵام ئەوە هەیە کە درۆ دەکات. خۆی دۆخەکەی تێکداوە، ئەردۆغان خۆی وتی: من کۆبونەوەکانی دۆڵمەباخچە ناناسم و مێزی دانوستانەکانی تێکدا و دواتر دەستی بە هێرش کردەوە و دواتر وتی،'من تێکمدا'. ئەوەندە درۆ نابێت. لە ٥ی نیسانەوە گۆشەگیری ئیمڕالی دەستیپێکردووە. واتر بەرلە هەڵبژاردنەکان. هەروەها دەستیان بە کوشتن کرد، خۆتەقاندن دەستیپێکرد. بینیمان لە پرسوس، سوروج ٣٤ گەنجی سۆسیالیست بە شێوەیەکی دڕندانە کوژران، زۆر کەسیش بریندار بوون. ئایا ئەمە لە دەرەوەی رژێم ئەنجامدرا؟ نا. دوای ئەوە، ماف هەبوو کە وڵامبدرێنەوە. مافی وڵامدانەوە دروست بوو. ئێدی رەوا بوو. لەبەرئەوەی هێرش دەکەن، مرۆڤ شەهید دەکەن. بەڵام ئەو کاتە لە سەرێکانی ٢ پۆلیس بە شێوەیەکی دەرەوەی رێبازی ئێمە کوژران. هەندێک کەس زانیاریان گەیاندە هەرێمی ئامەد و وتیان، ئێمە وڵاتپارێزین و ئێمە ئەنجاممانداوە. بەم شێوەیە تۆمارکرا، بەڵام لە بناغەدا ئاشکرا نەبوو کە ئەوان کێبوون. ئەمە تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەبووە. واتە بە شێوەیەکی شاراوە مایەوە. دوور نییە کە ئەوەش لە چوارچێوەی پلانی ئەواندابێت. واتە ئەوانەی کۆمەڵکوژی پرسوسیان کرد، لە سەرێکانیش ئەو کردەوەیەیان کرد و پلانەکەیان تەواو کرد. پێدەچێت لە چوارجێوەی پلانی گشتیدا ئەنجامدرابێت. واتە ئێمە لەم بارەیەوە تاوەکو ئێستا نەگەیشتینە راستیەکان. دەوڵەتی تورک دەستی بە جووڵە کرد، هێرشی کرد. هێرشەکان بە شێوەیەکی پلانبۆداڕێژراو، لە ٢٤ی تەمموزدا واتە لە ساڵیادی پەیمانی لۆزاندا دەستیان پێکرد. ئەمانە پلانبۆداڕێژراو بوون. کۆمەڵکوژی پرسوسیش و ئەوانەی دیکەش بەم شێوەیە رێکخران کە بتوانن ٢٤ی تەمموز هێرش ئەنجام بدەن. لەوکاتەوە بەرخۆدان بەڕێوە دەبرێت، واتە بەرخۆدانێکی مێژووییە. لە مێژووی تێکۆشانی ئێمەدا ئەم بەرخۆدانە خاوەن جێگەیەکی تایبەتە. بەرخۆدانی زیندان و بەرخۆدانی ئیمڕالی ، بەرخۆدانی گەریلا و بەرخۆدانی گۆڕەپانی سیاسیی و بە گشتی بەرخۆدانی گەلەکەمان شەش ساڵە لە بەرانبەر سیاسەتی قڕکردن، هێرشی فاشیزم بەردەوامە و دوژمن تێکشکاوە. راستە ئێمەش شەهید دەدەین. بە ئاسانی ئەم شتانە دروست نابن، بەڵام لەئێستادا دوژمن لەبەر لێواری تێکچوونە و دۆزی گەلی کورد، دۆزی ئازادی گەلانی ژێردەستە و دیموکراسی تورکیا ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر نزیکی سەرکەوتنە.

ف.ق / ژ.ت