قەسەدە سەرەخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆری کوردستان کرد

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) بەبۆنەی شەهیدبوونی ٣ پێشمەرگەی بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆری کوردستانەوە، پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە.

قەسەدە، پەیوەست بە شەهیدبوونی ٣ پێشمەرگەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆری کوردستان (CTG) کە ١٨ ی ئەیلول لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک شەهیدبوون، پەیامی سەرەخۆشی بڵاوکردەوە.

ڕاگەیانداروەکەی قەسەدە، بەم جۆرەیە:

"بە غەمگینییەکی مەزنەوە هەواڵی شەهیدبوونی پۆلێک قارەمانی دژەتیرۆر (CTG)مان پێگەیشت، لە ئەنجامی هێرشێکی نامەردانە بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتی سەر بە شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان. ئەم قارەمانانە بە خوێنی پاکیان ڕێگایەکی بەنرخی تێکۆشان و فیداکارییان کردەوە و گەل و نەتەوەکەیان پاراست.

لەم بارەیەوە، فەرمانداریی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی فەرماندە و شەڕڤانەکانی هێزەکانی دژەتیرۆر (CTG) و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدەکان و گەلەکەمان دەکات. لەم ڕووداوە غەمگینەدا، پشتیوانی خۆمان دووپات دەکەینەوە.

گەلەکەمان هەردەم سەربەرزە بە قارەمانەکانی و دامەزراوە سەربازی و ئەمنییە بەهێزەکانی کە دەتوانن ئەم گەلە بپارێزن، چارەنووسی دوژمنان هەر شکستە".