سبەینێ تەرمی محەمەد زەكی چەلەبی لە پزیشكی دادی سلێمانی وەردەگیرێتەوە و دوای ئەنجامدانی چەند مەراسیمێك بەرەو شاری وان-ی زێدی خۆی لە باكوری كوردستان بەڕێبكرێت بە مەبەستی بەخاكسپاردنی.
ڕێكخراوی كرێكارانی میزۆپۆتامیا ڕایگەیاند، سبەینێ ٢٣ی ئایار كاتژمێر ١٠ی پێشنیوەڕۆ تەرمی محەمەد زەكی چەلەبی لە پزیشكی دادی سلێمانی وەردەگیرێتەوە و پاشان دەبرێتە شوێنی كارەكەی “چێشتخانەی دەنیز” لە شەقامی بەختیاری.
ئەوەشخراوەتەڕوو، تەرمی زەكی چەلەبی لە شەقامی بەختیارییەوە تا مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی “ئەحە سور” لە لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود لە گەڕەكی سەرچنار بە ڕێپێوان دەبردرێت.
دوای ئەوە تەرمەكەی بەڕێدەكرێت بەرەو هەولێر و لەوێوە بۆ باكوری كوردستان و لە شاری وانی زێدی خۆی بەخاك دەسپێردرێت.
ڕێكخراوی كرێكارانی میزۆپۆتامیا داوا لە هاوڵاتیان دەكات، وەك هەڵوێستێك دژ بە هێرشەكانی دەوڵەتی تورك و هەڵوێستێكی نەتەوەیی بەشداری بەر فراوان لە مەراسیمەكەی سبەینێدا بكەن.
شەوی ١٧ ی ئەم مانگە، محەمەد زەکی چەلەبی، پەنابەری سیاسیی باکوری کوردستان و خاوەنی ڕێستۆرانتی دەنیز لە شاری سلێمانی، دەستڕێژیی گوللـەی لێکرا و پاش مانەوەیی بۆ ١٧ کاتژمێر لەژێر چاودێریی وردی پزیشکییدا، دوانیوەڕۆی ١٨ی ئایار گیانی لەدەستدا.
ف.ق