شاندەکەی بەغداد دوای سەردانی بۆ هەولێر گەیشتنە سلێمانی

شاندی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، قاسم ئەعرەجی، بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە بەغدادەوە سەردانی باشووری کوردستانیان کردووە و لە سلێمانی دەستیان بە دانوستان کرد.

کەمێکی لەمەوبەر قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە شاری سلێمانی.

قاسم ئەعرەجی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ شاندێکی باڵای ئەمنی سەردانی هەولێری کردبوو. لەچوارچێوەی کاردانەوە و هەڵوێستەکان لەدژی لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر خاکی باشووری کوردستان و عێراق، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڵوێستی حکومەتی عێراقی لەدژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک نیشاندا بوو. لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سودانی جەختی لەوە کردبووەو کە دەستدرێژی و پێشێلکارییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق قبوڵ ناکەن.

لەسەر بڕیاری فەرماندەیی گشتیی سوپای عێراق و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سودانی، لە ١١ی تەمموز، شاندێک بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، سەبارەت بە دۆخی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان، هێرش، لەشکرکێشی و داگیرکاریی و دانانی بازگەی کونترۆڵ لە سنووری پارێزگای دھۆک، سەردانی ھەولێری کردبوو.

شایانی باسە لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە هاوکاری لەگەڵ پەدەکە بۆ سەر باشووری کوردستان تادێت زیاتر و زیاتر دەبێت. هاوکات لەگەڵ هێرش و بۆردومانەکانی سەر ناوچە نیشتەجێەکان و زەوین و مەزرای هاووڵاتیان، دوێنێ شەو دەرکەوت کە سوپای تورک بە تانک و زرێپۆشەوە چووەتە ناو شارۆچکەی ئامێدییەوە.