شاندێکی شەنگال لەگەڵ ڕاوێژکاری کازمی کۆبووەوە

شاندێکی خۆبەڕێوبەریی و ڕێکخستنەکانی شەنگال، لەگەڵ ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.

لە چوارچێوەی کار و خەباتەکان دژی ڕێککەوتنەکەی بەغدا و هەولێر، شاندێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی خۆبەڕێوبەریی شەنگال و پادێ و تاژێ، لە بەغدای پایتەخت، لەگەڵ ڕاوێژکاری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەمینداری گشتی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەندێک لە کاربەدەستانی عێراق کۆبوونەوە.

بەپێی زانیارییەکان، شاندەکەی شەنگال، داوایان لە کاربەدەستانی عێراقی کردووە، لە زووترین کاتدا ڕێککەوتنی سەر شەنگال لەگەڵ هەولێر هەڵبوەشێننەوە، هەردوولاش جەختیان لە ناسینی ئیرادەی خەڵکی شەنگال کردووەتەوە کە لە دوای فەرمانەکەی ٢٠١٤ـەوە بەرخۆدان دەکات.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی شاندەکەی شەنگال بە ڕۆژنیوزیان داوە، ئەوان جگە لە خاڵی کاروباری ئاوەدانکردنەوە و گەڕانەوەی خەڵک بۆ شەنگال، هەموو خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەی نێوان بەغدا و هەولێر ڕەتدەکەنەوە.

ز.ش