ئەندامی کۆمیتەی گەنجانی پەکەکە ئۆزگور شەڕکەر دەربارەی ڕەوشی گەنجان بۆ ستێرک تیڤی دوا.
شەڕکەر ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک بەڕوونی تەکنەلۆژیا بەکاردەهێنێت، تاوەکو جڤاک لە پرسە جڤاکییەکان دووربخاتەوە، تاوەکو بیکات بە ڕۆبۆتێک و تام لە هیچ نەکات، تەکنۆلۆژیا بەکاردەهێنێت.
ئۆزگور شەڕکەر گوتی: "پێویستە گەنجان کە تەکنیک بەکاردەهێنن لە خۆیان بپرسن: ئاخۆ ئەم تەکنیکە بە کەڵکی چ دێت، من ئەو بەکاردێنم یان ئەو من بەکاردەهێنێت. ئەگەر بۆ لایەنە بەکارهاتووەکانی خۆی بەکاربهێنرێت، جیهان نەدەکەوتە ئەم ڕەوشەوە. بەڵام قەیرانەکان لە جیهاندا لای هەمووان دەبینرێن. گەنجێکی ٢٠- ٢٥ ساڵی لە چەند ڕووەوە نەزانە، ئەگەر جێبهێڵرێت ناتوانێت بە تەنها بژی. ئەگەر ئەم تەکنیکە گەنجی خستبێتە ئەم حاڵە پێویستە گەنجان لە خۆیان بپرسن: ئەم تەکنیکە چەندێک من ئازاد دەکات، چەندێک ئازاد دەبم، دەبێت بەسەر مندا سەروەر نەبێت، نابێت ببمە کۆیلەی ئامرازەکان، بەڕاستی ئەگەر من ئازاد بم، پێویستە بە خۆم بڕیار بدەم کە بۆچی بەکاری بهێنم، نابێت ڕێگەبدەم ئامرازەکان بەکارم بهێنن".
ئۆزگور شەڕکەر تیشکی خستەسەر سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر گەنجانی کوردستان و گوتی: " دەوڵەتی تورک هەمیشە سیاسەتی شەڕی تایبەت لە دژی ژنان و گەنجان و گەلی کورد و گەلانی تورکیا بەڕێوە دەبات. دەوڵەتی تورک هەر لە دامەزراندنیەوە بەم شێوەیە بووە، ڕێبەر ئاپۆ ئەم ڕاستییەی بە قووڵی نیشان دا و ئاشکرای کرد. دوژمن ئەو سیاسەتانە زۆرتر لەسەر گەنجانی کوردستان پەیڕەو دەکات. بەزۆری لە ڕێگەی وەرزش و چاند و فێستیڤاڵەوە ئەم کارە دەکات. سیستەمی سەرمایەداریش ئەمە دەکات، جددیترین هێرش لە بواری چانددا دەکات. کوردێکی ئازاد هەرگیز وەک کوردێکی نۆکەر نابێت، هەرگیز هەمان چاند نابێت. فیکری فاشیزم و سۆسیالیزم هەرگیز نابنە یەک. هەر بۆیە نزیکایەتی دەوڵەتەکان جێبەجێکردنی ئاسمیلەکردن و لەناوبردنی جڤاکە".
هەر لە درێژەی قسەکانی شەڕکەر ڕایگەیاند تێکۆشانی گەنجان لە باکووری کوردستان ڕەگی بنەڕەتی شۆڕشەکەیانە و گوتی: "بای تێکۆشان لە باکوور لەنێو تێکۆشانی ئێمەدا دەگۆڕێت بۆ زریان، ئەم جۆرە کاریگەرییەی هەیە، چونکە ڕەگی تێکۆشانی ئێمە لەوێیە، گەنجانی باکوور نابێ تەنیا وەک گەنجانی باکوور خۆیان ببینن. پێویستە خۆیان وەک گەنجانی چوار پارچەی کوردستان ببینن و لەگەڵ ئەم بەرپرسیارێتیەدا تێبکۆشن. سەرهەڵدان لە هەڵبژاردنەکانی باکوور و لە وان و شارەکانی تری کوردستان ڕێبازێکی نوێی سەرهەڵدان بوو. ژنان و گەنجانی کورد پێشەنگی ئەم سەرهەڵدانە بوون. ئەمە تەنها گرێدراوی هەڵبژاردن نییە، چەند ساڵە بەرخۆدانێکی وا لە کوردستان هەیە.
دایکانمان چەند ساڵە لەگەڵ هەلومەرجەکاندا، لەگەڵ بێ دەرفەتیییەکان، بە هێزی خۆیان بەرخۆدان دەکەن، لە زیندان بەرخۆدان هەیە، گەریلاکانی کوردستان ٢٤ کاتژمێر بێ پسانەوە بەرخۆدان دەکەن. تێکۆشان لە ئەنجامی ئەم پێکەوەییە پێشکەوت.
بێگومان بەرخۆدان لە ئاستی پێویستدا نییە، بەڵام جارێکی تر دەرکەوت کاتێک دەخوازرێت دەتوانرێت بگەیەنرێتە ئەم ئاستە. وان و شەرناخ و جولەمێرگ و گەڤەر نیشانەی ئەمەیە. بەڵام کاتێک دەڕوانینە هێرشەکانی دوژمن گەنجانی باکور لە ڕەوشێکی جێگەی ڕەخنەدان. چونکە تاکە ڕێگەی تێکۆشان دژی دەوڵەتی فاشیستی تورک، ئەنجامدانی چالاکییە. ڕێبازێکی تر بەرامبەر فاشیزم نییە. ئێمە تەنها باسی چالاکی شەقامەکان ناکەین، پەروەردە و ڕێکخستنیش چالاکیین، هەموویان دەچنە خزمەی چالاکییەکی مەزنترەوە. تەنها یەک ناسنامەی گەنجانی ئاپۆیی هەیە، ئەویش چالاکییە. بەڵام ئێمە ناتوانین بڵێین هەموو شتێک چالاکییە، لێخووڕینی پاسکیل چالاکی نییە، ڕێپێوانی ٥-١٠ کەسی چالاکی نییە، ڕێکخستنی پێشبڕکێ چالاکی نییە. پێویستە گەنجانی باکور لێکۆڵینەوە بکەن، لەماوەی ڕابردوودا چالاکی چۆنیان کردووە. ئەوکاتیش وەک ئێستە چالاکی هەبوو. ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن گەنجانی ئاپۆیی پێویستە لە ڕێبازی گەنجانی باکور و تورکیا بکۆڵنەوە، لە وان ئاشکرا بوو هێزی خۆی هەیە. لە شەرناخ گەلەکەمان بە بەرد و دار لوتی دەستدرێژیکارانیان شکاند. ئەم ئیرادە و هێزە هەیە".
شەڕکەر ئاماژەی کرد بە گرنگی پاراستنی شۆڕشی ڕۆژئاوا، گوتی: "دەوڵەتی تورک لە چوارچێوەی پلانەکانی خۆ بۆ تەسفیە و پاکتاوکردن هێرشی دڕندانە دەکاتە سەر ڕۆژئاوا. بە ڕێبازی پیس و قێزەون هێرشدەکاتە سەر ڕۆژئاوا. دەیەوێت شۆڕشی ڕۆژئاوا بێ چاند و ڕۆح بهێڵێت. دەتوانین بڕوانینە گەنجانی ڕۆژئاوا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، چونکە ئاستی گەنجان چەند بێت، ئاستی شۆڕشیش ئەوەندەیە.
بۆیە دەبێت شۆڕشی ڕۆژئاوا مەزن بکەین. پێویستە بە ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆ بجووڵێینەوە. پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ زیاتر لە هەر جێیەک دەشێت لە ڕۆژئاوا پیادە بکرێت. گەنجانی ڕۆژئاواش دەبێت ئەمە وەک ئەرکی بنەڕەتی ببینن. ڕێبەر ئاپۆ ئەرکی پێشەنگایەتی شۆڕشی بەخشییە ئێمە، پێشەنگایەتیش واتە بەرپرسیاربوون لە هەموو شتێک. پێویستە گەنجانی ڕۆژئاوا چاوەڕێی شتێکی لە دەرەوە نەکەن، جیهانێکی وەها بوونی نییە. پێویستە باوەڕمان بە هێز و ئایدۆلۆژیا خۆمان هەبێت. بە بڕوای من پێویستە لە کۆنفرانسەکان ئەم شتانە تاوتوێ بکەن".