سلێمانی: گەنجانی وڵاتپارێز لە دژی هەوڵەکانی پەدەکە بۆ شەڕی ناوخۆ گردبوونەوە

گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەرلە دژی هەوڵەکانی پەدەکە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ و بێسەر و شوێنکردنی گەنجانی مەخمور، گردبووەنەوەیەکیان ساز کرد و بڕیاریش بوو وەک چالاکییەک خێمە هەڵبدەن، بەڵام لەلایەن ئاسایشەوە ڕێگرییان لێکرا.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی، کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر گردبوونەوە و ویستیان خێمە دژی ئەو هەوڵانەی بۆ دروستبوونی شەڕی ناوخۆ لەلایەن پەدەکە دەدەرێت و بێسەروشوێنکردنی گەنجانی مەخمور و بەکارهێنانی پێشمەرگە بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکان، خێمە هەڵبدەن، بەڵام ئاسایشی سلێمانی ڕێگریی لێکردن.

لە گردبوونەوەکەدا گەنجان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان سازدا و بەیاننامەییەکیان خوێندەوە، لەلایەن دابان محەمەد، ئەندامی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز، بەیاننامەی کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر کە ئاڕاستەی ڕایگشتییان کربوو خویندرایەوە، کە تێدا هاتبوو، “دەوڵەتی تورک ئەم جارە دەیەوێت لەڕێگای پەدەکەوە گەلی کورد بە دەستی کورد لەناوببات، گەلی ئێزیدی کۆمەڵکوژبکات، هەروەها پەدەکە خزمەتی دەوڵەتی تورک دەکات و پێشمەرگە و وەزارەتەکان بۆ بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت، گەمارۆی خستووەتە سەر مەخمور و گەنجانیان بێسەروشوێن دەکەن”.

هەروەها گەنجان لە بەیاننامەکەیاندا داواییان لە هەموو خەڵکی باشوری کوردستان کرد، کە بەرامبەر بە ناپاکییەکانی پەدەکە بێدەنگ نەبن و ئەرکی نیشتیمانی خۆیان بەجێبهێنن.

پاش خوێندنەوەی بەیاننامەکە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە خێمەکان دەستیان بەسەردا گیرا، بەڵام سەرەڕای ئەوە گردبوونەوەکە بەردەوام بوو، دواتر گەنجان کۆتاییان بە گردبوونەوەکەیان هێنا.

ز.ش