سەنتەری میترۆ: پێویستە بە زوترین کات ڕێباز حەسەن ئازاد بکرێت و رێز لە رۆژنامەنوسان بگیرێت

دیار محەمەد سەرۆکی سەنتەری پاراستنی مافی رۆژنامەنوسان، لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنوس رێباز حەسەن پەیامنێری ئاژانسەکەمان رایگەیاند، پێویستە هێزە ئەمنیەکان رێز لە رۆژنامەنوسان بگرن و بە زوترین کات رۆژنامەنوس رێباز حەسەن ئازاد بکەن.

دیار محەمەد سەرۆکی سەنتەری پاراستنی مافی رۆژنامەنوسان (میترۆ) لەبارەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنوس ریباز حەسەن پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) لە کاتی رۆماڵکردنی خۆپیشاندانی شەرمەزارکردنی هێرشی داگیرکەری دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

دیار محەمەد باسی ئەوەی کرد کە کاتێک کە رۆژنامەنوسان رۆماڵی روداوەکان دەکەن، پێویستە رێزیان لێبگیرێت و وتی، "پێویستە رۆژنامەنوسان وەک چالاکوان نەبینرێت و پێویستە رێگری بۆ دروست نەکرێت. بەپێی یاساکان پێویستە لەکاتی چالاکیەکاندا رێز لە رۆژنامەنوسان بگیرێت. چالاکیە یاسایی یان نایاسایی بێت، جیاوازی نییە، مافی رۆژنامەنوسە کە رۆماڵی بکات و دەستگیر نەکرێت. بۆیەش پێویستە هێزە ئەمنیەکان بو زوترین کات ئەو رۆژنامەنوسە ئازاد بکەن."

دیار محەمەد لەبارەی ئازادکردنی رێباز حەسەن رۆژنامەنوسی ئاژانسەکەمان رایگەیاند، لە سەرلەبەیانیەوە لە هەوڵداندان و وتی، "بۆ چارەسەری بابەتەکە پەیوەندیان بە هێزەکانی ئاسایشەوە کردوە."

ف.ق