سەربازانی تورک بەردەوامن لە گەمارۆدانی گوندەکانی لیجەى ئامەد

دەوڵەتی تورک لە ناوچەى لیجەى ئامەد دەستیکردبوو بە ئۆپراسیۆنی سەربازی و لەو چوارچێوەیەدا چەندین گوندی ناوچەى لیجەیان گەمارۆداوە و هاتوچۆی هاووڵاتییانی ئە گوندانەیان قەدەغە کردووە.

لە رۆژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە گوندەکانی جەنەزور، دەرخوست، حسەینیک و مشرف لە ناوچەى لیجەى ئامەد لە گەمارۆی سەربازانی سوپای تورک دان.

دەوڵەتی تورک هاتوچۆکردن و چوونە دەرەوە لە ماڵی لە هاووڵاتییانی ئەو گوندانە قەدەغە کردووە و سەربازانی تورکیش هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکان و بەپێی زانیارییەکان، هاووڵاتییانی ئەو گوندانە ئەشکەنجە دەکەن و هەڕەشەی جۆراجۆریان لێدەکەن.

محەمەد شاه بۆزکوش و عەزیزە بۆزکوش خەڵکی گوندی مشرف بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخستن" دا دەستگیرکرابوون و بڕیاری زیندانیکردنیان بەسەر محەمەد شاە بۆزکوش دا سەپاند و عەزیزە بۆزکوشی هاوسەری محەمەد ئازاد کرا.

بەرەبەیانی دوێنێ سێشەمەش لە گوندی دەرخوست لە هەڵکوتانە سەر ماڵاندا، سەربازانی سوپای تورک سدیق ئۆزکان تەمەن ٦٣ ساڵ، فەرهاد ئۆزکان و ئۆزمەر یڵدرم-یان دەستگیرکرد و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا لە دەستبەسەریدان.

دەوڵەتی تورک بە شێوەیى فەرمی لە دوێنێ سێشەمەوە کۆتایهێنان بە ئۆپراسیۆنی سەربازیی لە سنووری ئەو گوندانەدا راگەیاندووە، بەڵام هێشتا گەمارۆدانی ئەو گوندانە لەلایەن سەربازانی سوپای تورکەوە بەردەوامیی هەیە.

هاووڵاتییانی ئەو گوندانە تەنها لە دوای پشکنین و کۆنترۆڵکردنی زانیارییەکانیان رێگایان پێدەدرێت بڕۆنەوە بۆ گوندەکانی خۆیان.
ژ.ت