سەردەشت عوسمان لە سلێمانی یادکرایەوە
لە شاری سلێمانی بەبۆنەی ١٥هەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، مەراسیمێکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو، تێیدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ.
لە شاری سلێمانی بەبۆنەی ١٥هەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان، مەراسیمێکی یادکردنەوە بەڕێوەچوو، تێیدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ.
ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان لە ٤ـی ئایاری ٢٠١٠ کاتژمێر ٨ـی بەیانی لە بەردەم کۆلێژی هونەرەجوانەکان بەرامبەر کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، لەلایەن چەند کەسێکی دەمامکدارەوە، کە دەوترێت پاراستنى پەدەکە بوون، بە ڕۆژی ڕووناک و لە بەردەم هاوڵاتییانی ئەو شارەدا ڕفێندرا، دوای دوو ڕۆژ لە دیارنەمانی، لە ٦ـی ئایاری ٢٠١٠، تەرمەکەی بە قۆڵبەستراوی لە دەوروبەری مووسڵ دۆزرایەوە.
بەو بۆنەیەوە، ئەمڕۆ لە مۆنۆمێتی حەقیقەت (ڕۆژنامەنووسانی شەهید) لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی، لەلایەن ئازادییخوازان و ڕۆژنامەنووسانەوە ١٥ هەمین ساڵیادی شەهیدکردنی سەردەشت عوسمان بەرزڕاگیرا. لە مەراسیمەکەدا وێنەی شەهیدانی ڕاگەیاندی ئازاد دانران.
سەرەتای مەراسیمەکە، وێنەی شەهیدانی قەڵەم (سەردەشت عوسمان، عەزیز کۆیلوئۆغلو، گوڵستان تارا، هێرۆ بەهادین، وەداد حسێن، سۆران مامە حەمە، کاوە گەرمیانی) بەرزکرایەوە و ١٥ کۆتر بۆ ڕۆحی شەهیدانی قەڵەم ئازادکران.
پاشان ڕاگەیاندراوێک لەلایەن ڕۆژنامەنووس هێمن مامەند خوێنرایەوە، تێیدا هاتبوو: "١٥ ساڵ بەسەر تیرۆر و شەهیدکردنی قەڵەمێکی یاخی و دەنگێکی زوڵاڵ تێپەڕێت، بەڵام هێشتا خوێنی سەردەشت لای ئێمە گەرمە و لەسەر زەوی وشک نەبووەتەوە، سەردەشت هەرزوو درکی بە چینایەتی و ستەمی ئەم دەسەڵاتە کرد و زەنگی مەترسی چینایەتی و بەهێز بوونەوەی خێڵ و عەشیرەت و فیوداڵیزمی لێدا و پێی وتین، ئەم دەسەڵاتە جگە لە خەمی گیرفانی خێزان و بنەماڵە، هەروەها بەرزکردنەوەی کۆشک و تەلاری بنەماڵە باکی نە بە خاک و نە بە نیشتیمان و نە بە کوشتنی ڕۆڵەکانی نییە".
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەدا گوتراوە: "بەداخەوە کەسمان بەزەنگی هۆشیاری سەردەشت خەبەرمان نەبووەتەوە، بۆیە ئەمڕۆ هەموو دەنگە ئازادیخواز و ئۆپۆزسیۆنەکان پەرتەوازەن و بکوژانی سەردەشتیش لە لوتکەی دەسەڵاتدان، ئەو عەقڵەی سەردەشتی تیرۆر کرد ئێستاش درێژەپێدەری هەمان عەقڵییەتە و خەریکی تیرۆرکردنی شێروانەکانە و هەر ڕۆژێک بە سیناریۆیەک مامۆستا جیهانەکان تیرۆر دەکات و لە ڕێگەی چاوساغانیشەوە بە درۆنی داگیرکەران گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادینەکان تیرۆر دەکەن".
هەروەها بانگەوازکرا بۆ بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ و گوترا: "باهەموومان پێکەوە شانبدەینە بەر ئەم دەرفەتە و بیقۆزینەوە و بەدەم بانگەوازە مێژوییەکەی ڕێبەر ئاپۆوە بچین و نێوماڵی خۆمان ڕێکبخەینەوە، تا نیشتیمانێکی ئازاد دروست بکەین، هەموومان بە ئازادی لە ژێر چەتری کۆنفیدڕاڵیزمی نەتەوەیی بە ئاشتی و ئارامی بژین".