سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان: گەل چاوی لە یەکڕێزییە نەک شەڕی ناوخۆ

ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پەرلەمانی کوردستان کە نوێنەری ئیرادەی گەلی کوردستان و مەرجەعی سیاسیەتی، هەموو جۆرە شەڕێکی براکوژیی و خۆبەخۆی تەحریم و تەجریم کردووە و دیالۆگ بژاردەی سەرەکیەتی.

دەربارەی هەوڵە   شەڕ فرۆشییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەستپێشخەرییەکانی بۆ شەڕی کور بە کورد، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕێواز فایەق  دەڵیت: پەرلەمان نوێنەری ئێرادەی گەلی کوردستان و مەرجەعی سیاسیەتی، هەموو جۆرە شەڕێکی براکوژی و خۆبەخۆی تەحریم و تەجریم کردووە و دیالۆگ بژاردەی سەرەکیەتی.

ڕێوواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ھێشتا قەوارەی سیاسی هەرێم و دەسکەوتە دەستووریەکانمان لەمەترسی دەرباز نەبوون، گەلەکەمان لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە چاوەڕوانیی ئاساییبوونەوەی دۆخی شارەکانیان و جێبەجێبونی ماددەی140ی دەستووردان، لەم سەروبەندەدا جۆشدانی ململانێی نوێی خۆبەخۆ و سەرکێشی و بەهەندوەرنەگرتنی دۆخی قەوارەی سیاسی هەرێم و دامەزراوە دەستوورییەکانی مایەی نائومێدییە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە: گەل چاوەڕوانی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی ناوماڵی کوردیە پەرلەمانی کوردستان کە نوێنەری ئیرادەی گەلی کوردستان و مەرجەعی سیاسیەتی، هەموو جۆرە شەڕێکی براکوژیی و خۆبەخۆی تەحریم و تەجریم کردوە و دیالۆگ بژاردەی سەرەکیەتی.

پێشی وایە پەرلەمان دەبێت بەرپرسیار بێت لە دەستپێشخەریی ئاشتییانە و ڕەخساندنی زەمینەی لێکگەیشتن و دوورخستنەوەی تەمی ڕەشی شەڕی براکان.

دەقی راگەیاندراوەکەى سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان

ڕاگەیەنراوێک لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە

لەکاتێکدا زیاد لە قەیران و نەھامەتییەک بەرۆکی کوردستان و خەڵکەکەی گرتوەو ئاسەوارەکانی پەلاماری داعش و قەیرانی دارایی و پەتای کۆڕۆنا بەھەمو جومگەو جێگەیەکی ھەرێمەکەمانەوە کاریگەریی جۆربەجۆری نەرێنیی داناوە، لەم کاتەدا لەھەر کاتێک زیاتر پێویستیمان بەتەبایی سیاسی، یەکڕیزیی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پێکەوەسازانی نیشتیمانییە.

گەلی تێکۆشەری کوردستان وێڕای خۆڕاگریی کەم وێنە، بەڵام دیسان ماندوی نەھامەتییەکانی ڕۆژگاری زوڵم و زۆری داگیرکەرانەو ھێشتا برینە گەورەکانی ناو مێژوی نوێمان، لە ئەنفال و ھەڵەبجەو پەلامارە دڕندانەکانی داعش خوێنیان لێدەچۆڕێت، ماک و شوێنەواریی شەڕەکانی ناوخۆ لە مێژوی دورو نزیکماندا نەسڕاونەتەوە، ھێشتا وێڕای بەخشینی ڕوبارێک خوێنی شەھیدان، بەڵام قەوارەی سیاسیی هەرێم و دەسکەوتە دەستورییەکانمان لەمەترسیی دەرباز نەبون و گەلەکەشمان لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەچاوەڕوانیی ئاساییبونەوەی دۆخی شارەکانیان و جێبەجێبونی ماددەی 140ی دەستورن.

لەم سەروبەندەدا جۆشدانی ململانێی نوێی خۆبەخۆ و سەرکێشی و بەهەندوەرنەگرتنی دۆخی قەوارەی سیاسیی هەرێم و دامەزراوە دەستورییەکانی مایەی نائومێدییە، گەلی کوردستان لەبری ئاڵۆزی و گرژیی نێوان ھێزو لایەنە دژبەرەکان، چاوی لە یەکڕیزی و تەباییە، چاوەڕوانی سازانی حزبەکان و پێکەوەھەڵکردن و قوڵکردنەوەی گیانی ئاشتەوایی نیشتیمانی و ڕێکخستنەوەو یەکخستنەوەی ناوماڵی کوردییە.

پەرلەمانی کوردستان کەپێگەی دەستوریی ڕەواو نوێنەری ئیرادەی گەلی کوردستان و مەرجەعی سیاسییەتی، هەمو جۆرە شەڕێکی براکوژیی و خۆبەخۆی تەحریم و تەجریم کردوەو وەکو تاوانێک دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و خاکی کوردستان دەیبینێت و بۆ ھەردۆخێکی گرژی و لەساتی بونی ھەر کێشەیەکیشدا ڕێگەی دیالۆگی کردوە بەبژاردەی سەرەکی بۆ چارەسەری تەواوی گرفتەکان و لەم هەلومەجەشدا دەبێت بەرپرسیار بێت لە دەستپێشخەریی ئاشتییانەو ڕەخساندنی زەمینەی لێکگەیشتن و دورخستنەوەی ئەگەری شەڕی براکوژی.

لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە ھەموان دیدی نیشتیمانی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی زاڵ بکەن و ئامانجە بچوکەکانی حزبایەتی تەسک و دیدی ھەژمونخوازیی و قۆڵبادان بەلاوە بنێن و ڕێز لە ئیرادەی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان بگرن کە شەڕی خۆبەخۆ وەک کردەیەکی ناڕەواو تاوان دەبینێت.

شەڕو گرژی و ئاڵۆزیی خۆبەخۆو نەسازانی ھێزە سەرەکییە کوردستانییەکان لەم ڕۆژگارە دژوارانەی کەئێستا کوردستان و ناوچەکەو جیھان تیایدا گوزەر دەکەن، بەڵاو نەھامەتیەکی گەورەیە، بەڵایەک ھەموان تیایدا دەدۆڕێین، کەئەمەش تاوانێکە گەلی کوردستان لەبەرانبەریدا بێدەنگ و لێبوردە نابێت، بۆیە دەبێت لەم ساتە ھەستیارانەدا ھەموان دانبەخۆدابگرن و لۆجیکی ئاشتی و بژاردە سیاسی و ئەقڵانییەکان زاڵ بکەن و بیر لە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بکەنەوە.

ژ.ت