"سوپای عێراق سەقامگیری و ئارامیی شەنگال تێکدەدات"
سیاسەتی گوشار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ سەر شەنگال بەردەوامە و خەڵکی شەنگال دەڵێن، بوونی سوپای عێراق لە شارەکە سەقامگیری و ئارامیی شەنگال تێکدەدات.
سیاسەتی گوشار لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ سەر شەنگال بەردەوامە و خەڵکی شەنگال دەڵێن، بوونی سوپای عێراق لە شارەکە سەقامگیری و ئارامیی شەنگال تێکدەدات.
زیادبوونی جموجۆڵی سوپای عێراق لە شەنگال بووەتە هۆی بێزاریی خەڵکی شەنگال. سوپای عێراق بە چەند پاساوێک بوونی خۆی لە شەنگال زیاد کردووە، بەڵام خەڵکی شەنگالیش دژایەتیی خۆیان بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی سوپای عێراق دەربڕیوە و هاوڵاتیانی شەنگال دەیانەوێت سوپای عێراق دەستبەجێ بکشێتەوە.
شێخ جەلال خەڵکی خانەسۆری شەنگالە و لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، سوپای عێراق هاتووەتە ناو سەنتەری شار، گوندەکان، ماڵی گەل و دوکانەکان و وتی: "سوپا لە خانەسۆر و سنونێ، یان لە ناوەندی شەنگال و شوێنەکانی تردا ئارامیی بۆ کەس نەهێشتووەتەوە. شەنگال ئارامترین شوێنی عێراق بوو. سوپای عێراق لەم چەند ڕۆژەی دواییدا سەربازێکی زۆری هێناوە و کاتێک دەپرسین، ئەوە بۆ چییە، ئەوان دەڵێن، ئەوە بۆ دابینکردنی ئاسایشە.
شەنگال هەر خۆی ئارامترین شوێن بوو، هێزی ئاسایش و هێزی سەربازیی شەنگال لە ئێستادا هەیە و ئاسایشی ئێمە دابین دەکەن. هەموو ئەوانەی لە ناو هێزی بەرگری و پاراستنی شەنگالدان رۆڵەکانی شەنگالن. خەڵکی شەنگال دەیانناسن و ئەوانیش خەڵکی شەنگال دەناسن، سوپا هاتووەتە ئێرە بۆ ئەوەی گەنجانی ئێزدی دەستگیر بکات.
شێخ جەلال لە دژی دەستگیرکردنی ٣ گەنجی شەنگالی هەڵوێستی نیشاندا و داوایکرد دەستبەجێ گەنجان ئازاد بکرێن. جەلال وتی: "بۆچی گەنجانی ئێزدی دەستگیرکراون؟ ئەوان هیچ تاوانێکیان نییە".
جەلال وتیشی: "لە لایەکەوە گەنجەکانمان دەستگیر دەکەن، لە لایەکەوە دەیانکوژن، شەهیدیان دەکەن. ئەو هێرشانە پەیوەندییان پێکەوە هەیە. هەروەها ڕێگە بە کەسوکاری شەهیدان لە کامپی باشور نەدرا چادری پرسە و سەرەخۆشی دابنێن، بەڵام هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە چادرێکی سەرەخۆشی بۆ کەسوکارەکەی دابنێت".
باهۆز خانسۆر شەنگالی باسی لە سەر هێرش و هەڕەشەکانی سەر گەلی ئێزدی کرد و ئاماژەی بەوەدا، ئامانجی ئەو هێرشانە لەناوبردنی خەڵکی ئێزدی بوو و وتی، حکومەتی کازمی بەرپرسیارە لە هێرشەکانی سەر شەنگال.
خانسۆر وتیشی: "داواکاریمان لە گەنجانی ئێزدی و گەلی ئێزدی ئەوەیە، کە یەکپارچەیی و یەکگرتوویی شەنگال بپارێزن. پێویستە لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ئێزدیدا بین. سوپای عێراق هەمیشە گوشار دەخاتە سەر هێزەکانی بەرگریی شەنگال. بۆ پاراستنی ناوچەکە پێویستە پشتیوانی یەکتر بین. دەبێت کۆمەڵگای ئێزدی خاوەنداری لە شەنگال بکات".
ژ.ت