تەرمی محمەد یەڵدرم لە پزیشکی دادوەری ڕاگیرا

تەرمی محەمەد یەڵدرم کە لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورک لە لجێ کوژرا، لە پزیشکی دادوەری ڕاگیرا.

دوێنێ لە کاتژمێر ٢٢:٠٠ سەربازان دەوری گوندی نەنیاسی سەر بە لجێی ئامەدیان گەمارۆدا، بە هەلیکۆپتەر و چەکی قورس هێرشیان کردە سەر گوندەکە، ماڵێک کە ژن و مناڵی تێدا بوو کرایە ئامانج. 

پاش ٤ کاتژمێر و نیو گەمارۆکە کۆتایی هات و سەربازان گوندەکەیان جێهێشت، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا باوکی ٤ مناڵ، محەمەد یەڵدرم گیانی لەدەستدا، تەرمەکەی لەلایەن پۆلیس و سەربازەکانەوە هێنرایە دامەزراوەی پزیشکی دادوەری ئامەد، ماوەیەکی زۆر زانیاری لەبارەیەوە نەدرا، بنەماڵەکە پاش بەیاننامەکەی وەزیری ناوخۆ عەلی یەرلیکایا لە هەژماری خۆی لە میدیای دیجیتاڵ، زانیان کوژراوە.

بنەماڵەکە بۆ وەرگرتنی تەرمەکەی هاتنە بەردەم پزیشکی دادوەری، خزمی زیندانیان و ئەندامانی ڕێکخراو و پارتە سیاسییەکان و پەرلەمانتاران بۆ پشتیوانی بنەماڵەکە ئامادەبوون، نموونەی خوێن بۆ پشکنینی دی ئێن ئەی لە بنەماڵەکە وەرگیراوە و چاوەڕوانی داواکاری گشتی دەکەن، ڕاگەیاندراوە دەوری کاتژمێر ٢٠:٠٠ تەرمەکەی دەدرێتەوە بنەماڵەکە.