تەڤگەری ئازادی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان بانگەوازێکی بڵاوکردەوە

تەڤگەری ئازادیی لە بەرامبەر دۆخی ئێستا هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هیچ هێزێک هێندەی پەدەکە دۆخ و ئاسایش و ژیانی ئەم هەرێمەی تێکنەداوە و بە جێبەجێکردنی ئەجێندای داگیرکەران ئەزموونی هەرێمی لەکەدارکردووە.

تەڤگەری ئازادیی لە بەرامبەر دۆخی ئێستا هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هیچ هێزێک هێندەی پەدەکە دۆخ و ئاسایش و ژیانی ئەم هەرێمەی تێکنەداوە و بە جێبەجێکردنی ئەجێندای داگیرکەران ئەزموونی هەرێمی لەکەدارکردووە، هەروەها پەیامی تایبەتیان دەربارەی دۆخی ناوچەکە ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە بارەگای سەرەکی خۆیان لە شاری سلێمانی، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لەسەر بارودۆخی ئێستای باشوری کوردستان و بێ هەڵوێستی حکومەتی هەرێم لەبەرامبەر داگیرکاری دەوڵەتی تورک و سیاسەتەکانی پەدەکە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسییان بۆ نەریمان ئەحمەد ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی بەڕێوەبرد.

لە پەیامەکەدا هاتبوو: ئێمە پێمان وایە ھیچ ھێزێک ھێندەی پارتی دیموکراتی کوردستان، دۆخ و ئەمنیەت و ئاسایش و دەرون و ژیانی ھاوڵاتیانی ئەم ھەرێمەیان تێک نەداوە، ھیچ لایەک ھێندەی ئەم لایەنە ئەزمونی ئەم ھەرێمەی لەکەدار و بێ ئەرزش نەکردووە و سوکایەتی بە بەرھەمی خوێنی ھەزاران شەھید نەکردووە، بۆ ئەمەش بێ بەڵگە قسە ناکەین و بەڵگەکان لەپێش چاوی ھەمومانە.

تەڤگەر ڕایگەیاند: ئەوە پارتییە ھیچ قورساییەکی تەنانەت بۆ دامودەزگاکانی حکومەتەکەی خۆی نەھێشتووەتەوە و تەنانەت حساب بۆ لایەنە هاوبەشەکانی ناو دەسەڵاتەکەی ناکات و بەتەنھا دەچێتە بەغدا و ئەنقەرە و بەناوی حکومەت و دەزگا فەرمییەکانەوە پەیوەندییەکان خراپ دەکات و مامەڵە و بازرگانی بە خاک و ناسنامە و دەستکەوتەکانەوە دەکات و ئەجێندای داگیرکار جێبەجێ دەکات.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: پارتی جگە لە پەلکێشکردنی سوپای دوژمن و دژایەتی بەشەکانی دیکەی کوردستان هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەزموونی گەلەکەمان، ھاوکار و هەماهەنگە  بۆ بۆمبارانی گوند و چیا و دۆڵەکانی کوردستان و شەھید کردنی چەندین هاوڵاتی سڤیل و سوتانی ژینگە و سروشتی کوردستان، چەند ڕۆژێکیشە هێزێکی تایبەت بە پارتی جوڵەی پێکراوە و بە هەماهەنگی و بە فەرمانی تورکیا دەیەوێت شەڕێکی ناوخۆیی نەخوازاراو هەڵگیرسێنێت.

داوایان لە “خەڵکی وڵاتپارێز کرد بە هەموو جۆرێک ڕێگربن لە هەر شەڕێکی نەخوازراو، هەروەها خۆمان وەک ھێزێکی ئۆپۆزسیۆن لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ پاراستنی ئەمنیەت و ئاسایشی ئەم ھەرێمە بە ئەرکدار دەبینین و  تەواوی لایەنەکانی دیکەش بە بەرپرسیار دەزان”.

لە چوارچێوەی بەیاننامەکەیاندا بانگەوازێکی ئاڕاستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە بەمشێوەیەیە:

 یەکەم/ بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان

داوادەکەین بە سیاسەتی خۆتاندا بچنەوە و ئەو ھەڵمەتەی دژ بە چالاکوانان و ئازادیخوازانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەتایبەت ھەولێر و بادینان دەستان پێکردووە دەست ھەڵگرن و دژ بە ھێزە وڵاتپارێز و شۆڕشگێڕەکانیش ئەو زمانە بەکار مەهێنن، چونکە ئەوە تەنھا زمانی بەعس و فاشیزمی تورکییە کە ھێزە شۆڕشگێڕەکان بە تیرۆرست ناودەھێنن.

دووەم/ بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

بەڕێزان گەلی ئێمە بەھەزاران خوێنی بەخشی بۆ کوردستانێکی ئازاد و دیموکرات بۆ ھەموان، بەڵام ئەمڕۆ ھێزێک بەتەنھا شەنگال دەفرۆشێت، دیپلۆماسیەتی کردووە بەسەردانی خێڵ و بەتەنھا مامەڵەی بازرگانی بە چارەنوسی گەلێکی دابەشکراوەوە دەکات، پارە وەردەگرێ و پیلانی دوژمن جێبەجێ دەکات ئەمەش لاوازی ئەم کابینە پۆلیسیە دەردەخات و لە ھەموو شەرعیەتێک دایدەماڵێت، جێگەی خۆیەتی بەڕێزتان ڕۆڵتان ھەبێت لە وەستاندنی سیاسەتی چەواشەکاریی و دروستکردنی سیناریۆ قێزەونەکان، ھێڵی نەتەوەیی و دیموکراتی و نیشتیمانی بگرنەبەر، بە پێچەوانەوە دەبێت ئەم حکومەتە ھەڵوەشێتەوە یان زۆرێک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان دەست لە کار بکێشنەوە، چونکە کە شەرعیەت نەما ھەبوونی ئێوەومانانیش دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

سێیەم/بۆ بزوتنەوەی گۆڕان

لە ساڵی ٢٠٠٩ دا  ھاوڵاتیانی ناڕازی ئەم ھەرێمە ئێوەی کرد بە ھێز و نوێنەری خۆی، بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای کۆمەڵێک پرەنسیپ و مەبادیئی گرنگ متمانەی وەرگرت، بەڵام ئەمڕۆ ھەموو ئەو پرەنسیپانەو داوا ڕەواکانی ھاووڵاتیان بنپێ کراون، ئایا ئێوە ڕازین ئەم کابینە شکستخواردووە پێشێلکارە بە درۆ و چەواشەکاری و سیناریۆ خۆی بکڕێتەوە؟

ئەمڕۆ دۆخە کە لەھەمووکات مەترسیدارترە و ھەموومان لە ئەنجامەکەی بەرپرسیارین، ئێمە ئومێدەوارین پێکەوە پێش بە ھەڵگیرساندنی شەڕی کورد بە کورد لە پێناو ئامانجی داگیرکاراندا بگرین و یەکێتی نەتەوەیی دروست بکەین و ئازادی ڕادەربڕین فەراھەم بکەین، چیتر ئازادیخوازان و چالاکوانان نەبنە قوربانی چەقۆی دەسەڵات.

چوارەم/بۆ ھێزە ئیسلامییەکان

هەریەکە لە کۆمەڵی ئیسلامی، بزوتنەوەی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی، بەڕێزان ھەموومان بە چاوی خۆمان ئاڕاستە و سیاسەتی ئەم ھەرێمە دەبینین، دەشزانین کێ لە بەرەی دوژمن و داگیرکارانە وکێش لەبەرەی گەل و پاراستنیەتی، چ وەکو تاک چ وەکو ھێزی سیاسی، چەقۆکان ڕوویان لەوانەیە کە ژیانێکی ئازاد و باشتر و شیاو بە مرۆڤیان دەوێ، کە ئەمە بە پێی دین و یاسا و تەنانەت داب و نەریتە کۆمەڵایەتیەکانیش ڕەوایە و تێکۆشان لە پێناویدا جیھادە، گرنگە ئێوەش بەشێک بن لە لایەنی چاکە و یەکخستنی دەنگی کورد نەک پارچەبوون و شەڕی کورد بە کورد، کە لە بێدەنگیشدا ھەمان واتای ڕەوایەتیدانە بەو دۆخە.

بۆ تەواوی ھێز و لایەنە سیاسیەکانی دەرەوەی دەسەڵات و کۆنگرەی نەتەوەیی کورد-کەنەکە.

ئەم دۆخە لەبەرچاوە و داگیرکارانی کوردستان وێڕای ھاودەستی لەگەڵ داعش و شەڕی ئاسمانی و زەمینی و پیلانی دژ بە شیلادزێ و خواکوڕک و شەنگال و ھەفتانین سەرکەوتوو نەبوون، بۆیە ئەمڕۆ ھەوڵی داگیرکاری دیکە دەدەن ئەویش لە ڕێگەی بەیەکدادانی ھێزە کوردییەکان و کپکردنی دەنگە ئازاد و بە ھەڵوێستەکان، بۆ شکست ھێنان بەم پیلانە نەگریسە و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان، یەکدەنگی و ھاتنە لای یەکتر تاکە چارەسەرە، ئومێدەوارین لە ھەموو لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و گەلەکەمان، پێکەوە ھەوڵی خۆمان بدەین، بۆ کۆکردنەوەی ناوماڵی کورد و دوورخستنەوەی ئەو ئاگرەی تورکیا خستویەتییە ناو گۆڕەپانی باشوری کوردستانەوە.

ف.ق