تەڤگەری ئازادی: نزای هەمووان با بۆ کۆتاییهاتنی ستەمی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بێت

تەڤگەری ئازادیی بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی ڕەمەزانەوە، پیرۆزبایی لە تەواوی موسڵمانان کرد و ڕایگەیاند، "داوا لە باوەڕداران دەکەین، لەم مانگەدا پەیامی ئاشتیی و پێکەوەژیان قوڵ بکەنەوە، ڕۆژوو و نزای هەمووان با بۆ کۆتاییهاتنی ستەمەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر بێت".

دەستەی بەڕێووەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، لە بارەی هاتنەوەی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە ڕاگەیاندراوێكی بڵاوکردەوە.

تەڤگەری ئازادیی لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەیدا، هاتنی مانگی ڕەمەزان پیرۆز دەکات لە تەواوی موسڵمانانی کوردستان و جیهان، هەروەها هیوای خێر و ئاشتیی بۆ هەموو جیهان دەخوازن.

هەروەها بانگەوازی لە زانا و باوەڕدارانی حەقبێژ و نیشتیمانپەروەری کوردستان کردووە و رایگەیاندووە: "لە مانگی ڕەمەزاندا پەیامی پێکەوە ژیان و ھاوکاریی قوڵ بکەنەوە، گەل لە فێڵ و ساختەکاریی دەسەڵاتە داگیرکەر و فاشیستەکان هۆشیار بکەنەوە، واتای مانگی رەمەزان، ئارامیی و ئاشتیی و دادپەروەریی و ئاسوودە بوونی ڕۆحە پاک و ڕاستگۆکانە، ڕێگەی بەخۆداچوونەوە و خۆپاراستنە، لە ھەموو خراپیی و چەوتییەک"".

لە کۆتاییشدا دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە، "ڕۆژوو و نزای هەمووان، با بۆ کۆتایی هاتنی ئەو ستەمە بێت، کە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، بە ناوی دینەوە یان بە ناوی نەتەوەگەراییەوە بەسەر گەلی کوردستاندا سەپاندویانە".

هـ . ب