تەڤگەری ئازادی سەرەخۆشی لە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان کرد

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بەبۆنەی هێرشە ئاسمانییەکەی دوو ڕۆژ لەمەوبەری دەوڵەتی تورک لە قامیشلۆ و شەهیدبوونی سێ هاوڵاتی مەدەنیی، سەرەخۆشیی گەیاندە نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی کوردستان.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندێکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە سەرۆکایەتیی تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادیی سەردانی نوێنەرانی هەرێمی کوردستانی ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان کرد لە هەرێمی کوردستان و لەلایەن شاندێکی نوێنەرایەتییەکەوە پێشوازییان لێکرا. 

سەردانەکەی شاندی تەڤگەر بۆ گەیاندنی هاوخەمیی و سەرەخۆشیی بوو بۆ نوێنەرایەتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەمەڕ هێرشەکەی دوو ڕۆژ لەمەوبەری دەوڵەتی تورک لە شاری قامیشلۆ، کە بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی مەدەنیی شەهیدبوون.

تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکانی تەڤگەری ئازادیی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی و سەرەخۆشیی بۆ بنەماڵەی شەهیدەکانی قامیشلۆ، وتیشی: ئەو دوژمنەی هێرشدەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و کەسایەتییە کاریگەر و شۆڕشگێڕەکانی،  ئەو دوژمنەیە کە کەسایەتییە وڵاتپارێزەکان لە باشووری کوردستانیش بەئامانج دەگرێت.

هاوکات جەمیل ڕەحمانۆ، ئەندامی نوێنەرایەتیی ئیدارەی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان وێڕای ئەوەی سوپاسی شاندەکەی تەڤگەری کرد، ئاماژەی بەوەشکرد: ئەم هێرشانە نە جاری یەکەم و کۆتاییش نییە، ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە دەوڵەتی تورک یەک ئامانجی هەیە ئەویش لەناوبردنی گەلی کوردە لە هەموو پارچەکانی کوردستان.

ف.ق