کاکەیی"تورکیا بە گۆشەگیری سەر ئۆجەلان یاسا و بنەما نێودەوڵەتیەکان پێشەل دەکات"

هەژار کاکەیی پارێزەر و شارەزای یاسا نێودەوڵەتیەکان دەلێت: لەکاتی دادگایکردنی بەرێز ئۆجەلان یاساکان بەشێوەیەک نووسراوەتەوە و داریژراون کە پالپشتی لە دەسەڵاتی تورکیای کردووە.

لە رۆژی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان، لە نایروبی پایتەختی وڵاتی کینیا بە گەلەکۆمەییەکی نێودەوڵەتی و بە بەشداری دەزگای هەواڵگیری ئەمریکا و ئیسرائیل و تورکیا و چەند ووڵاتێکی ئەندام لە ناتۆ دەستگیرکرا و پاشان رادەستی وڵاتی تورکیا کرایەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هیچ یەکێک لە روسیا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا و یۆنان ئامادەنەبوون مافی مانەوەی پەنابەری سیاسی پێبده‌ن.

دوای ئەوەی تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپراسۆنی کرد لەنێو خاکی سوریا ئەگەر ئۆجەلان لە خاکەکەیان دەرنەکەن یان رادەستی تورکیای نەکەن، رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٨ له‌ژێر فشاری حکومەتی دیمەشق سوریای بەرەو روسیا و ئەوروپا جێهێشت.

پاش ڕفاندن و ده‌ستگیركردنیشی دادگای تورکیا سەرەتا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان دەرکرد، پاشان لەژێر فشاری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بڕیاری سزاكه‌ی گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی، لەئیستاشدا رێبەر ئۆجەلان ماوەی ٢١ ساڵە لە دوورگەی ئیمڕاڵی سەر دەریای مەڕمەڕەی تورکیا زیندانیکراوە.

لەماوەی ٢١ ساڵی زیندانیکردنەکەیدا چەندین جار ئۆجەلان گۆشەگیرکراوە و تورکیا نەیهێشتووە پارێزەر و کەسوکارەکەشی چاویان پێبکەوێت، چەندین جاریش لە زیندان تەندروستی تێکچووە و ئێستاش هیچ کەس زانیارییه‌ك لەسەر رەوش و تەندروستی و ژیانی ئۆجەلان نیە، چونکە گۆشەگیرکراوەتەوە و رێگە نادرێت پارێزەر و کەسوکارەکەی چاویان پێبکەوێت،

دەوڵەتی تورک لە مانگی تەموزی ٢٠١١دا دەرگای ئیمڕالی لەبەرانبەر پارێزەران داخست و گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردی لە بەرزترین ئاستدا جێبەجێ کرد، ئەوەش تۆڕەیی کوردی زیاتر کرد لە کوردستان، تورکیا و ئەوروپا سەرلە نوێ بەرخۆدان دەستیپێکرد.

سەبارەت بە نایاسایی بوونی شێوازی رفاندن و دەستگیرکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان و هەروەها ئەو گۆشەگیریە سەختەی لەسەریەتی، هەژار کاکەیی پارێزەر و شارەزای یاسا نێودەوڵەتیەکان لە شاری کەرکوکەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دوا.

شێوازی دەستگیرکردنی بەرێز ئۆجەلان پێشەڵکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان بوو

سەبارەت بە نایاسایی بوونی شێوازی دەستگیرکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان، هەروەها سەبارەت بە چۆنیەتی پێشەڵکردنی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان لە دەستگیرکردنیدا، هەژار کاکەیی پارێزەر و شارەزا لە یاسا نێودەوڵەتیەکان بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "دەستگیرکردنی بەرێز ئۆجەلان وەکو سەرکردەیەکی پارتی کرێکارانی کوردستان و سەرکردەیەکی ئۆپەزسیۆن لە باکوری کوردستان، شێوازی دەستگیرکردنی بەرێز ئۆجەلان شێوازێکی نایاسایی بوو چونکە بەپی پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان هەر کەسێک لە بارودۆخێکی سیاسی ئۆپەزسێۆندا بێت ئەگەر پەنای برد بۆ یەکێک لەو ووڵاتانەی کە دەرەوەی ووڵاتی خۆیەتی پێویستە لەسەر ئەو ووڵاتە داڵدەی ئەو کەسە بکەن و ژیانی بپارێزن."

لەوانەیە بارودۆخی ئەو ووڵاتە ئاڵۆزتر بکات

هەروەها هەژار کاکەیی وتیشی: "بە بڕیاری پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان هەموو پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ڕادەستکردنەوەی هەر کەیسێکی سیاسی بۆ ووڵاتەکەی خۆی مەترسی لەناوچوونی ژیانی لەسەرە چونکە، بەحکومی ئەوەی ئەوە کەیسێکی سیاسیە لەوانەیە بارودۆخی ئەو ووڵاتە ئاڵۆزتر بکات."

پێویست بوو بەرێز ئۆجەلان لە دادگایەکی نێودەوڵەتی بێ لایەن و سەربەخۆدا دادگایی بکرایە نەک لە تورکیا

سەبارەت بەنایاسایی بوونی دادگاییکردنی رێبەری گەلی کورد بەرێز عەبدوڵا ئۆجەلان، ئەو شارەزایەی یاسا نێودەوڵەتیەکان بە ئاژانسی هەواڵی فوراتی ڕاگەیاند: "ئەو پڵانەی جێبەجێکرا بۆ دەستگیرکردنی بەرێز ئۆجەلان پڵانێکی دووژمنکارانە بوو کە لەلایەن چەندین ووڵاتەوە بەشداری تێداکرا، پاشان ڕادەستکردنی بۆ تورکیا کارێکی نایاسایی و نامرۆڤی بوو کە دەرحەق بە هەرکەسێکی چالاکوانی سیاسی کە لەبواری ئۆپەزسیۆن بوونی ووڵاتەکەیدا کار دەکات، پرۆسەی دادگاییکردنی بەرێز ئۆجەلان لە تورکیا نەدەبوو بکرایە بەلکو پیویست بوو لە دادگایەکی نێودەوڵەتی بێ لایەن و سەربەخۆدا دادگایی بکرایە، بەداخەوە کاتێک وولاتێک کەسێکی ئۆپەزسێۆن دادگایی دەکەن ناتوانن بێ لایەن بن، وە ناکرێت ئەو کەسە لەلایەن ووڵاتی داواکراوەوە دادگای بکرێت چونکە یاساکان بەشێوەیەک دەنووسریتەوە و دادەریژرێت پالپشتی لە دەسەڵاتی ئەو ووڵاتە دەکات ئەمەش بۆ تورکیا زۆر ڕاستە چونکە لە تورکیا سیستەمێکی دیکتاتۆری بوونی هەیە وە لە چوارچێوەی مافە سیاسیەکان بەهیچ شێوەیەک رێگە بە ئازادی و ماف نادات."

پێویستە بە پێی ئەو مافانە مامەلە لەگەل زیندانی سیاسی بکرێت

هەروەها دەربارەی مافی زیندانی سیاسی لە زینداندا هەژار کاکەیی پاریزەر ڕاگەیاند: "دەتوانین بڵێین دادگایی کردنی بەرێز ئۆجەلان لەژێر پرسیاردایە و پێویستە ناوەندە نیودەوڵەتیەکان سەرلەنوێ لەدادگایەکی نێودەولەتی بێ لایەن ئەو دادگایی کردنەوەیە دووبارە بکرێنەوە، بەپی یاسا و پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤ، زیندانیانی سیاسی کۆمەڵێک ماف و ئمتیازیان هەیە  کە پیویستە بەپێی ئەو مافانە مامەلە لەگەل زیندانی سیاسی بکرێت، یەکێک لەو مافە سەرەکیانەی کە هەموو زیندانیانی سیاسی و ناسیاسی هەیانە ئەوەش چاوپێکەوتنە لەگەل خێزان و پارێزەرانی ئەو زیندانیانە، هەروەها مافی پەیوەندی کردن و مافی چاودێری کردنی گۆڕانکارییەکانی دەرەوە بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە زیندانی سیاسین کە پێویست دەکات بە بەردەوامی لە رێگەی ڕاگەیاندن و گۆڤار و رۆژنامەکانەوە چاودێری کردنی بارودۆخی دەرەوەی زیندانی بۆ فەراهەم بکرێت، وە لەرووی تەندروستیەوە پێویستە زیندانیانی سیاسی زیاتر گرنگیان پی بدرێت لەچوارچیوەی پاراستنی ژیانی ئەو زیندانیە سیاسیە فەراهەم بکرێت، بەداخەوە بەرێز ئۆجەلان هیچ کام لەو مافانەی زیندانی سیاسی بۆ دابین نەکراوە."

پێچەوانەی هەموویاسا و بنەماکانە

سەبارەت بە چرکردنەوەی گۆشەگیری لەسەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان، هەژار کاکەیی ووتی: " دەوڵەتی تورکیا فشارەکانیان بەجۆرێک لە جۆرەکان چردەکەنەوە کە هەندێک جار بۆ ماوەی چەند ساڵێک رێگە نادەن بەرێز ئۆجەلان چاوی بە پارێزەر و بنەماڵە و تەنانەت بەخێزانەکەی بکەوێت کە ئەمەش پێچەوانەی هەموو یاسا و بنەماکانی پاراستنی و مافی زیندانیانی سیاسیە کە لەجیهاندا پەیرو دەکرێت."

دادگای نێودەوڵەتی تورکیا ناچار بکات بە پابەندبوون بە بڕیارەکان

لە کۆتایدا سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ ئازادکردنی رێبەری گەلی کورد بەرێز عەبدوڵا ئۆجەلان، پارێزەر و شارەزای یاسا نێودەوڵەتیەکان هەژار کاکەیی ڕاگەیاند: "پێویستە لەئیستادا فشارەکان چرتر بکرێنەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە دادگایەکی نێودەوڵەتی بێ لایەن و سەربەخۆدا جاریکی دیکە کەیسی بەرێز ئۆجەلان پێداچوونەوەی پێدا بکرێت وە لەو دادگا نێودەوڵەتیە تورکیا ناچار بکرێت بە پابەندبوون بە بڕیارەکانی ئەو دادگایە بۆ ئەوەی بتوانرێت کەیسی بەرێز ئۆجەلان بەیەکجاری یەکلا بکرێتەوە و بە شێوەیەکی بێ لایەنانە دادگەری بگەرێنێتەوە ۆ خاوەن مافەکان."

ز.ش