دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بەیاننامەیەكی بەبۆنەی ساڵیادی تیرۆرکردنی دکتۆر عەبدوڕەحمان قاسملو، بڵاو كردەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:
“گەلی کورد بە درێژایی مێژوو، خەبات و تێکۆشانی کردووە لەپێناو پاراستن و بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەیدا، بەڵام دوژمنانی کورد هەمیشە بە توندترین شێواز، وەڵامی داوا و مافەکانی گەلی کوردیان داوەتەوە، دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو کە سەرکردەیەکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو و ڕابەرایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران دەکرد، لەساڵی ١٩٨٩ بەئامانجی چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلی کورد بە ڕێگەی ئاشتی و بەدەستخستنی مافەکانی گەلەکەمان، ڕوو دەکات ڤییەنای پایتەختی نەمسا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام دوژمنان ئەو هەلە دەقۆزنەوە و بە شێوەیەکی دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤانە و دڕندانە، دکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملو چەند هاوڕێیەکی تیرۆر دەکەن.
پاراستنی گیانی قاسملو و هاوڕێکانی لە ئەستۆی دەوڵەتی نەمسا بوو، بەڵام نەک نەیانتوانی گیانیان بپارێزن، بەڵکو نەیانتوانی لێکۆڵینەوە لەو تیرۆرە بکەن و بکەرانی بە سزا بگەیەنن، ئەمەش کەموکووڕیی و پەڵەیەکی ڕەش بوو بەنێوچەوانی دیموکراسی و سەروەریی یاسای ئەوروپا بەگشتی، دەوڵەتانی ئەوروپا و زلهێزەکان هەر بەمەشەوە نەوەستان و لە ساڵی ١٩٩٨ دا ڕێبەرێکی تری کوردیان کردە ئامانجی پیلانە چەپەڵەکانیان و بەڕێز (عەبدوڵڵا ئۆجالان)یان خستە نێو گەلەکۆمەیەکەوە و تا لە دواجاردا دەستگیریان کرد و ڕادەستی دەوڵەتی تورکیایان کردەوە، پاشان هەر لە ئەوروپا و لە پایتەختی دیموکراسیدا، سێ ژنە تێکۆشەری کورد لە شاری پاریسی فەرەنسا هەریەکە لە ( ساکینە جانسز و لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغان ) بە پیلانگێڕێیەک گەیشتنە کاروانی شەهیدان و کە ئەم تیرۆرەیان هاوشێوەی تیرۆرکردنی دکتۆ قاسملو بوو، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەوروپا لە ئاستی تیرۆرکردنی ڕێبەرانی کورد، نەک هەر بێ دەنگە، بەڵکو هاوکار و هەمئاهەنگی دوژمنانی کوردە، ئەمە ئەو ڕاستییە دەردەخات، ئەو پڕوپاگەندانەی ئەوروپا بۆ مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەیکەن، لە دروشمێکی بێ ناوەڕۆک زیاتر هیچ شتێکی تر نییە.
ئێمەش وەکو تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، سەرەڕای شەرمەزارکردنی ئەو کارە تیروریستییە، سەری ڕێز دادەنەوێنین بۆ شەهید دکتۆر قاسملو و هاوڕێکانی و تەواوی شەهیدانی کوردستان کە لە پێناوی سەربەخۆیی و ئازادیی و بەدەستخستنی مافەکانی کورددا گیانی خۆیان بەخشی، لە کۆتایشدا داوا لە هەموو هێزە کوردییەکان دەکەین، کە پشت بە ئیرادەی گەلەکامن ببەستن و نەکەونە ناو هیچ پیلانیکی دوژمنانی کوردەوە، لە کاتێکدا ئێستا گەورەترین پیلان لەسەر گەلەکەمان بەڕێوە دەچێت، لەهەمان کاتدا باشترین دەرفەتیش لە پێشمانە بۆ سەرکەوتن”.
بژی ئیرادەی ئازادی کورد.
شەرمەزاری بۆ خائینان و تیرۆریستان.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان
دەستەی بەڕێوەبەرایەتی
١٣/٧/٢٠٢١
ڕ.ح