ڤەدات ئایدین، سیاسەتمەداری کورد لە سەر گۆڕەکەی یاد کرایەوە

بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، ڕێکخستنی دەم پارتی شاری ئامەد، سەردانی گۆڕی سیاسەتمەداری کورد ڤەدات ئایدنیان کرد لە گۆڕستانی مێردین.

نوێنەرانی دەم پارتی، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)، عەدالەت کایا، مەراڵ دانێش بشتاش و سیاسەتمەداری کورد گۆڵتان کشاناک و کۆمەڵەی یەکگرتوویی و کەلتووری، هاوکاری و یارمەتی بنەماڵە و کەسوکاری ئەوانەی کەسوکاریان لە لانکەی شارستانیەتدا بێسەروشوێن کراون (MEBYA-DER)، بەشدارییان لە مەراسیمی یادکردنەوەکەدا کرد.

دوای ساتێک بێدەنگی بۆ گیانبەخت کردووانی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی، عەباس شاهین، هاوسەرۆکی دەم پارتی شاری ئامەد، ڕایگەیاند کە ٣٣ ساڵ بەسەر کوشتنی ڤەدات ئایدین تێپەڕیوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کوشتنانە دەرئەنجامی عەقڵیەتی تاریک پەرستانە.

وەیسی ئایدن برای ڤەدات ئایدن بە بۆنەی جەژنی قوربانی ئەمساڵ هیوای ئاشتییەکی شەرەفمەندانەی خواست و وتی: "تێکۆشانی گەلی کورد لە قۆناغێکی گرنگدایە. با خوێنڕشتن بوەستێت و ئاشتییەکی شەرەفمەندانە دروست بێت."

مەراڵ دانیش بشتاش، ئەندامی پەرلەمان لە دەم پارتی ئەرزروم، بە ئاماژەدان بەو بڕیارەی کە لە دۆسیەی تاهێر ئێڵچی دراوە، وتی: "ئەوان ناتوانن بڵێن فیشەکێکی نەناسراو هەڤاڵانی ئێمەی کوشتووە. بەم قسەیە بڕیاریان داوە بکوژانی تاهێر بێتاوان دەرچن. ئەم عەقڵیەتە وەهایە سەرەتا دەکوژێت و دواتر بکوژ بێتاوان دەکات. ئەمڕۆ ئاکەپەیە، سبەی ڕەنگە حزبێکی تر بێت، بەڵام ئەم عەقڵیەتە ناگۆڕێت."

هەروەها گۆڵتان کشاناک، سیاسەتمەداری کورد لە کاتی دانانی چەپکە گوڵ لەسەر گۆڕەکەی ڤەدات ئایدین وتی: "ڤەدات ئایدین لە کاتێکی تاریکدا کوژرا. هیوامان ئەوەیە ڕۆژێک لێرە مژدەی ڕۆژانی ڕووناک بدەین. ئەوەی ڤەدات ئایدین شایانیەتی."

یادەکە دوای نزا کردن کۆتایی هات.