یادی شەهیدانی چیای شاهۆ کرایەوە

لە شاری سلێمانی بە بەشداریی بنەماڵەی شەهیدانی چوار پارچەی کوردستان مەراسیمێکی یادکردنەوە بۆ شەهیدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخرا.

لە پارکی هەواری شار لە شاری سلێمانی مەراسیمی یادکردنەوەی شەهیدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شەهید هێژا سنە، شێرکۆ ڕۆژهەڵات و سیروان ئالانی بەڕێوەچوو، کە ساڵی پار لە چیای شاهۆ لە ئەنجامی هێرشێکی هێزەکانی رژێمی ئێران دا شەهید بوون.

هاوڵاتیانی هەر چوار پارچەی کوردستان ئامادەی مەراسیمی یادکردنەوەکە بوون. لە مەراسیمەکەدا وێنەی شەهیدەکان بەرزکرایەوە و لە ڕێز لە گیان و یادی شەهیدان گیرا.

دوای ڕێزگرتنەکە بە ناوی بنەماڵەى شەهیدانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە پەیامێک خوێندرایەوە و لە پەیامەکەدا هاتووە: "هەڤاڵانمان، هێژا سنە، شێرکۆ ڕۆژهەڵات و سیروان ئالانی وەک سێ کەسی خاوەن هەڵوێست و ئیرادە، لە تەمەنی گەنجێتیدا بڕیاری تێکۆشانی نەتەوەییان دا و چیتر ژیانی تایبەتیان بە خۆیان ڕەوا نەبینی. بەڵێن و پەیمانیان بە شەهیدان دا، کە درێژە بە ڕێباز و خەباتی شەهیدان  بدەن".

پاشان پرشنگ شاهۆ دایکی شەهید هێژا سنە لە یادەکەدا وتی: "شەهید هێژا بندەستیی گەلەکەمانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بینی.  هەمیشە بەدوای ئازادی و پاراستنی خاک و وڵاتەکەیدا دەگەڕا. ئەو تەنها منداڵی ئێمە نەبوو، ئەو بوو بە منداڵی وڵاتەکەى. لە رێگای پاراستنی وڵاتەکەی و ئازادیی گەلی کورددا گیانی پاکی خۆی فیدا کرد".

مەراسیمەکە بە وتنەوەی دروشمەکانی "شەهید نامرن" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" کۆتایی پێهات.

ژ.ت