یادی ئاپێ موسا کرایەوە

ئاپێ موسا لە ساڵیادی تیرۆرکردنیدا لەسەر مەزارەکەی لە نسێبین بەبیرهێنرایەوە و ڕاگەیەندرا: بە ملیۆنان کەس بەردەوامیی بە تێکۆشانی ئاپێ موسا دەدەن.

ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسی کورد “موسا عەنتەر” ناسراو بە “ئاپێ موسا”، کە لە ڕۆژی ٢٠ی ئەیلولی ساڵی ١٩٩٢ـدا، لە ئامەد و لەلایەن ژیتەمەوە تیرۆرکرا، لەسەر مەزارەکەی لە گوندی ستیلیل سەر بە ناوچەی نسێبینی مێردین، بەبیرهێنرایەوە.

بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە-فورات، ئاژانسی میزۆپۆتامیا، ژن نیوز، کارمەندانی ڕۆژنامەی خوەبوون، ئەبرو گونای هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە، مەرال دانش بەشتاش جێگری سەرۆکی گروپی هەدەپە، گارۆ پایلان پەرلەمانتاری هەدەپە، ئەندام و بەڕێوبەرانی دەبەپە و هەدەپەی ناوچە و شارەکانی مێردین، بەشداری مەراسیمەکە بوون.

لە مەراسیمەکەدا، سەردار ئاڵتان هاوسەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە-فورات، قسەیکرد و ڕایگەیاند: کە ئەوان وەک ڕاگەیاندنی ئازاد و گەلی کورد، ئاپێ موسا لەبیر ناکەن.

گارۆ پایلان، پەرلەمانتاری هەدەپە، بە ئاماژەدان بەوەی، کە ئاپێ موسا بە ژیانی خۆی گیانی بەگەلی کورد بەخشیوە، وتی: هەبوونی گەلی کوردی بە تورکیا نیشان دا، بە مردنیشی ڕۆحی تێکۆشانی بە ملیۆنان کەس بەخشیوە، ئەم تێکۆشانەهەرگیز ناوەستێت، هەر بژی ئاپێ موسا.

دوای قسەکانی پایلان، عەنتەر عەنتەر، کوڕی موسا عەنتەر، سوپاسی ئەو کەسانەی کرد کە بەشداری مەراسیمی بەبیرهێنانەوەکەیان کردووە.

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، بەشداربووان، تاجەگوڵینەیان لەسەر مەزاری ئاپێ موسا دانا.

ف.ق