بە دیمەن

ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە

دارستانەکانی دەوروبەری شاری سەلاسی باوەجانی سێ ڕۆژ پێش ئێستا گڕیان گرت. گومان دەکرێت ئاگرەکان دەستیان لەپشتەوە بێت.

بە هاتنی وەرزی هاوین، لەگەڵ بێباکی بەشێک لە هاوڵاتیان، هێزەکانی دەوڵەتی ئێران و بەکرێگیراوانی کە بە دیدگایەکی ئەمنییەوە دەڕواننە سرووشتی سەوز و دڵڕفێنی زاگرۆس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەدەستی ئەنقەست ئاگری تێ بەردەدەن. هەفتەی ڕابردوو دارستانەکانی ناوچەی جوانڕۆ و پاوە ئاگریان گرت و نزیکەی هەفتەیەک بەردەوام بوو. بە قسەی خەڵکی ناوچەکە ئەم ئاگرە بەزۆریی لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێران و بەکرێگیراوەکانییەوە بە ئەنقەست دەکرێتەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، لانی کەم ٢٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی جوانڕۆ بوونەتە خۆڵەمێش، قەبارەی زیانەکان لە ناوچەکانی تر ئاشکرا نەکراون.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسەکەمان کەوتوون، ٣ ڕۆژ پێش ئێستە لە گوندەکانی سورە (دە سور)ـی سەر بە سەلاسی باوەجانی ئاگر کەوتۆتەوە.

لەکاتێکدا هێزەکانی ئێران هیچ هەوڵێکیان نەداوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، گەنجانی ژینگەپارێز و گوندنشینان بە دەرفەتی کەمی بەردەستیانەوە توانیان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

هاوکات زانراوە، چەند کاتژمێرێک پێش ئێستە، پاش سێ ڕۆژ و دوای کۆنتڕۆڵکردنی، دیسانەوە ئاگر کەوتۆتەوە و دارستانەکان دەسووتێن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە خەڵکی ناوچەکەوە دەستکەوتوون، گومان دەکرێت ئاگرەکان بە ئەنقەست و لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئێران و بەکرێگیراوەکانییەوە کرابێتەوە.

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کۆدار پەیوەست بە ئاگرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بانگەوازی لە گەل و ڕێکخراوە ئیکۆلۆژییەکان کرد، بەرامبەر ئەم ڕووداوە کارەساتبارە خۆیان ڕێکبخەن و ڕۆڵ بگێڕن.