'ئەو حکومەتەی لە ئەنقەرەیە، هەمان ئەو حکومەتە کە دەڤەری بادینان بەڕێوەدەبات'
داگیرکاریی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان و باشوور بەردەوامی هەیە و رۆژ لە دوای رۆژ پەلدەهاوێژێت، لەم بارەیەوە کەمال حەسەن، پێشمەرگەی دێرین بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) قسەیکرد و وتی: "هێرشەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک ئێمە و هەموو خەڵکی نیگەران کردووە، پارتی و بنەماڵەی بارزانی بە ئاشکرا بوونەتە چاوساغی ئەم لەشکر کێشییە. ئەوە ڕوونە کە ئەو حکومەتەی کە ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ بەرێوە دەبات، هەمان ئەو حکومەتە لە ناوچە بادینییەکان و هەولێر حوکمڕانیی دەکات و ئەستەمە خەڵک لە ژێر سایەی ئەواندا بتوانێ هەڵوێستی خۆی دەرببڕێت."
هەرچەندە پێیوابوو کە دەسەڵاتی ناسراو بە دەسەڵاتی زۆنی سەوز باشترن، بەڵام ڕای وابوو سیاسەتەکەیان لە ئێستادا سییاسەتێکی شەرمنانەیە و وتیشی: "ئەگەر خۆشیان بێدەنگن بە بۆنەی ئەو فشارانەی لەسەریانە، بەڵام با لێبگەڕێن خەڵک هەڵوێستی خۆی دەرببرێت و بێدەنگ نەبێت، با دوژمن وانەزانێت خەڵک ئەم داگیرکارییەی قبوڵکردووە، چونکە خەڵک لە ترسی لێدان و گرتنە ئەگەر بێدەنگی نواندبێت."
'داگیرکاری مێژوویەکی کۆنی هەیە و ویستێکە بۆ سڕینەوەی گەلێک'
هەر سەبارەت بەم پرسە، کاروان فەرەج قادر، فەرمانبەر لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند و وتی: "داگیرکاری مێژوویەکی کۆن و دوور و درێژی هەیە، ویستی تورکیا بۆ سڕنەوەی گەلی کورد وای کردووە گەریلاکانی ئازادی لە چیاکانەوە پارێزگاری لە نیشتمان بکەن، بەڵام بەداخەوە لایەنیکی سیاسی بووەتە هاوکاری ئەم دەوڵەتە فاشیستە، تا هاوزمان و هاونیشتمانی خۆی بسڕێتەوە، بەڕای من ئەرکی هەموو کەسێکی خاوەن هەڵوێستە کە هەڵوێست بەرامبەر ئەم داگیرکارییانە بنینێت و نارازی بێت لەسەری."