تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماری مانگانەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤی بڵاویکردەوە و رایگەیاند، لە مانگی بانەمەڕدا (٢١ی نیسان – ٢١ی ئایار) لانیکەم شەش کۆڵبەر کوژراون و ١٦ کۆڵبەریش برینداربوون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە نزیک شاری بانە دوو کاسبکار بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران کوژراون و دوو هاوڵاتی خەڵکی مەهابادیش کە بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهارە روویان لە خنێرە کردبوو بە هۆی بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک گیانیان لەدەستداوە.
ماوەی دووساڵە جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان لە ئێران زیادی کردووە و لەو بارەوە لە راپۆرتەکەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا هاتووە، کە لە یەک مانگی رابردوودا لانیکەم ٢٩ زیندانی کورد لە سێدارەدراون.
بەشێکی دیکەی راپۆرتەکە تەرخان کراوە بەو هەڵمەتە رەشبگیریەی لە کۆتاییەکانی مانگی رەشەمێوە دەستیپێکردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، کە لە مانگی بانەمەڕدا لانیکەم ٧٢ چالاکوان، میدیاکار، هونەرمەند و هەڵسوڕاوی ئایینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی ئێرانەوە لە شارە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکراون، کە هۆکاری دەستگیرکردنی زۆرینەیان بەشداری و رێکخستنی مەراسیمەکانی نەورۆز بووە.
هەر لەو راپۆرتەدا باس لەوەشکرا، کە لە ماوەی ئەو مانگەدا سزای جیاجیا بە سەر ١٢ چالاکواندا سەپێندراوە کە پێشتر دەستگیرکرابوون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لە مانگی بانەمەڕدا دوو ژن بە ناوەکانی شەهین لە سنە و ئارەزو لە ئەیوان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون.
هـ . ب