بڕیاربوو ئەمشەو لە شەقامی سەهۆڵەکە بۆ بەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانی، ڕێپێوانێک دژ بە هێرشە داگیرکارییەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی سوپای تورک بۆ باشوری کوردستان ئەنجامبدرایە، بەڵام لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ڕێگریی لە ڕێپێوانەکە کرا.
نەریمان ئەحمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئەمشەو ویستمان هێرشەکانی دەوڵەتی تورک شەرمەزار بکەین، بەڵام بەداخەوە لەلایەن ئاسایشی یەکێتییەوە ڕێگرییمان لێکرا.
وتیشی: نزیکەی ٢٥ بۆ ٣٠ ئەنداممان لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون، بەڵام ئەمە ئێمە سارد ناکاتەوە بەڵکو بەگوڕتر دەبین لە ئەنجامدانی چالاکی دژی ئەو هێرشانە.
نەریمان ئەحمەد ئەوەشی وت: ئێمە ئیدانەی ئەو هەڵوێستە دەکەین و پێمان وایە یەکێتی بەم کارە هەڵوێستی خۆی ڕوونکردەوە، تەنانەت بەڕێوەبەری ئاسایشیش پێی ڕاگەیاندنین کە لە سەرووی خۆیانەوە فەرمانیان پێکراوە ڕێگریی لە چالاکییەکە بکەن.
رێباز حەسەن هەواڵنێری ئاژانسی فۆرات یەکێ لە گیراوەکانە کە سەرقاڵی ڕۆماڵکردنی چالاکیەکە بوو.
ف.ق