ئاسۆس گەریلای یەرەکە: دەبێتە هەموو کەس شان بداتە ژێر باری شۆڕش

مێرخاس ئاسۆس گەریلای یەرەکە باسی لە بەرخودانی گەریلا لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک کرد و رایگەیاند، پێویستی بە پشتگیریی گەل هەیە. راشیگەیاند، "دەبێت گەلی کورد سەیرکەری ئەو شەڕە نەبێت، پێویستە بەشداری لە بەرخوداندا بکات".

مێرخاس ئاسۆس گەریلای یەکینەکانی رزگاریی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) لەبارەی هێرشە داگیرکەرییەکان و تێکۆشانی گەریلا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

گەریلا مێرخاس ئاسۆس باسی لە هێرشە داگیرکەرییەکان بۆ سەر خاکی کوردستان کرد و وتی، "ئەو داگیرکەرییە تەنها بەردەوامیی هێرشەکانی ئەمدواییە نییە، ئەو داگیرکەرییە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بۆیە دەبێت لە مێژوودا بە باشی لەو داگیرکەرییە تێبگەین. بەهۆی دەوڵەمەندیی جوگرافیاکەمان، داگیرکەر زۆر بە چڕی چاوی بڕیوتە وڵاتەکەمان. دەبێت ئێمە هەموو ئەو شتانە ببینین و بزانین. وەک رێبەر ئاپۆ دەڵێت، 'شۆڕشی زیهنی و عەقڵییەت گرنگترین شۆڕشە'. ئەوەش بە ناسین و تێگەیشتن لە داگیرکەران بەدی دێت".

گەریلا مێرخاس ئاسۆس لەبارەی سیاسەتی رژێمی ئێران لە دژی گەل وتی، رژێمی ئێران دەیەوێت گەلی کورد لە رووی عەقڵ و جەستەوە لە ناو بات و وتیشی، "کاتێک بابەتەکە دەبێتە کورد، هەموو هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان رێکدەکەون. رژێمی ئێران بۆ ئەوەى بتوانێت گەلی کورد پاکتاو بکات، گرنگی و قورسایی خستووەتە سەر شەڕی تایبەت. گەلی کورد خاوەنی مێژوویەکی کۆن و دێرینە و رژێمی ئێرانیش دەیەوێت ئەوە لە ناو ببات. بۆ ئەوەش هەوڵ دەدات کۆمەڵگە بەبێ یاد و بیر، مێژوو و ناسنامە بکات و کۆمەڵگەش بەو شێوەیە ناتوانێت لەسەر پێ بمێنێتەوە".

گەریلا مێرخاس ئاسۆس هۆشداریی دا و ئەوەشی وت، بە نەیاران و خائینان فریومەخۆن و نەکەونە ناو تەڵە و فێڵەکانیان و وتی، "ئەو شەڕە، کە ئێستا بەڕێوەدەچێت تەنها شەڕی گەریلاکانی کوردستان نییە. شەڕێکە، کە چارەنووسی گەلی کورد دیاری دەکات. با هیچ کەسێک خۆی بە قسەکردن فریو نەدات. بۆ دوژمن هیچ جیاوازیی نییە، کورد لە هەر شوێنێک بێت راستەوخۆ هێرشی دەکاتە سەر".

مێرخاس ئاسۆس ئاماژەى بەوەکرد، دەبێت گەلی کورد سەیرکەری ئەو بەرخودانە نەبێت و وتی، "ئێمە لە قۆناغێکی وهاداین، کە دەبێت هەموو کەس بە ئەرک و بەرپرسیارییەکانی خۆی هەستێت. گەریلا بە شێواز و رێبازی نوێ هەموو رۆژێک گورزی قورس لە دوژمن دەدات. پێویستە لەم کات و قۆناغەدا گەلی کورد هێزەکانی خۆی یەکبخات و داگیرکەران لە کوردستان بکاتە  دەرەوە. لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، کە بە پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیا بەڕێوەدەچێت، گەریلا بە ئیرادە و ورەیەکی گەورەوە بەرخودان دەکات. بێگومان سەرچاوەی ئەو بەرخودانە فیکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆیە. سەرچاوەیەکی تری ئەو بەرخودانە گەلەکەمانە. بۆ ئەوەى ئەو داگیرکەرییە تێکبشکێنرێت، پێویستە گەلی کورد لە هەر چوارپارچەى کوردستان بە تایبەتی لە باشووری کوردستان پشتیوانی لە گەریلا بکات. لە بەرامبەر داگیرکەریدا خاوەنی هەڵوێست بێت و بێدەنگ نەبێت. بێدەنگی گەورەترین شەرمە بۆ کوردان".

مێرخاس ئاسۆس گەریلای یەرەکە لە کۆتایی وتەکانیدا بە تایبەتی بانگەوازی بۆ گەنجان هەبوو، کە بەرامبەر بە داگیرکەری راپەڕن و بەشداری ریزەکانی گەریلا ببن.

گەریلا مێرخاس ئاسۆس وتی، "ئەرکی گەنجان ئەوەیە خاکی خۆیان بپارێزن. ئێمە وەک گەریلاکانی کوردستان بڕوامان بە خۆمان هەیە، بڕواشمان بە پشتیوانی گەلەکەشمان هەیە. ئێمە پێکەوە لە دژی داگیرکەری تێدەکۆشین، چونکە کات کاتی بەرخودانە".

ژ.ت