یاسین عەلی: بانگەشە بۆ شەڕ دەستی دەرەکی لە پشتە و خواستی ئەردۆغانە

کەسایەتییەکان، پەرلەمانتاران، نووسەران، رۆژنامەنووسان کاردانەوەى بەرپرسیارانە و توندیان لە دژی پەیامەکەى دوێنێ مەسعود بارزانی هەبوو، کە پەکەکەی بە داگیرکەر ناساندبوو و داوای کردنەدەرەوەى پەکەکە لەسەر خاکی کوردستان کردبوو.

پەیامەکەى مەسعود بارزانی بە پێچەوانەى بەڵێنەکانی پێشووتری بۆ رێگریکردن لە شەڕی کورد و کورد و بە پێچەوانەى بەرپرسیاریی قۆناغەکە و دۆزی گەلی کوردە، بۆیە بە خێرایی سەدان کاردانەوە لە رای گشتیی کوردستاندا بڵاوبوویەوە.

لەو چوارچێوەیەدا یاسین عەلی کەسایەتیی باشووری کوردستان رایگەیاند، بانگەشە بۆ شەڕ دەستی دەرەکی لە پشتە ، خواستی ئەردۆگانەو هیوایەکی زۆریشی لەسەر هەڵچنیوە .

دەقی نووسراوەکەى یاسین عەلی

پێویستە ڕێگری لەشەڕ بکرێت ...

شەڕ ڕوونەدات ....

  بانگەشە بۆ شەڕ دەستی دەرەکی لە پشتە ، خواستی ئەردۆگانەو هیوایەکی زۆریشی لەسەر هەڵچنیوە .

 دادود ئۆغلو ئێستا ناچارە هەموو ڕاستیەکان بڵێ ، ئەو واتا داودئۆغلو دەڵێت ئەردۆگان مەترسیە بۆ سەر ئەمن و ئاسایشی ناوچەکەو تورکیاش ، تەنانەت بۆ جیهانیش ، وەک ئەو باس دەکات زۆر لە ڤایرۆسی کورۆنا مەترسیدارترە بۆ سەر مرۆڤایەتی ...؟

 بۆچی داودئوغلو گەیشتۆتە ئەو قەناعەتە ..؟ بێگومان چونکە ئاگاداری تێکڕای پیلانگێڕیەکانە هەر لەبەر ئەوەش دەستبەرداری دەسەڵات و حزبەکەی ئەردۆگان بوو ..؟ لەبەرئەوەی ئەو ڕێگایەی ئەردۆگان هەڵیبژارد قابیلی سەرکەوتن و جێبەجێ کردن نیە ، لەبەر ئەوەی داودئوغلو تێگەیشت ئەوەی ئەردۆگان دەیکات گەمەیەکە لەلایەن زلهێزەکانەوە داڕێژراوە .

 ئەردۆگان هاوشێوەی سەدام چۆن کەڵکەڵەی بوون بەسەرۆکی عەرەبەکان لەکەللەی دابوو ...؟ ووڵاتانی زلهێزیش جاروبارو گڵۆپی سەوزیان بۆ پێدەکرد .

 ئەردۆگانیش هەمان دەردو هەمان نەخۆشی لێیداوە ، ئەردۆگان تۆزێکیش زیاتر دەڕوات بانگەشەی سوڵتانی موسڵمانان و گێڕانەوەی خەلافەتیشی خستۆتە بان.

  شەڕی لیبیاو شەڕی ئەرمینیاو شەڕەکانی سوریا و تەشقەڵەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست سەرچاوەکەی ئەردۆگانە .

  ئەم شەڕەی کە ئێستا لە باشوور ئەگەر ڕووبدات بێگومان بەدەستی ئەردۆگانە ، سوپاکەی ئەردۆگان بەکردەوە بەشێکی بەرچاوی باشوورو ناوچە سنووریەکانی داگیرکردوە ...!  کەواتە پڕوپاگەندەی ئاسایشی سنوورو پەڕینەوەی گەریلای پەکەکە لێرەوە بۆ تورکیا ڕاست نیە و بابەتەکە بەتەنهاو تەنها داگیرکردنی باشوور و ئامانج تێکدانی قەوارەی هەرێم و تەفروتوناکردنی خەڵکی ئەم هەرێمەیە ، ئەوەی پارتیش هەوڵدانێکی بێسوودە بۆ مانەوەی خۆی و دەستەو تاقمێک کە چانسی مانەوەیان سفرە ، ئەم شەڕە ئەگەر بێت و ڕووبدات ئەوا نەک خێری کەسی تێدانیە ، بەڵکو ئەردۆگانیش هێندەی تر دەستی کراوە دەبێت ، هەروەک چۆن لە ئەفرین و سەریکانی گرەسپی کاولکرد،  ئێرەش کاول دەکات و خەڵکەکەشی دەربەدەر دەکات ، چەندەش دەسەڵاتی بۆ پارتەکانی ناو ئەنەکەسە هێشتەوە هەر ئەوەندەش بۆ پارتی بەجێدەهێڵێ .

    ئێرە وەک ڕۆژئاوای کوردستانیش نەجاتی نابێت، لانی کەم لەوێ مقاوەمەتێکی بێ وێنە نیشاندرا ، بەڵام لێرە جگە لە ڕاکردن و خۆشاردنەوە چی دەکرێت ...؟

  لێگەڕێن گەریلا زامنی بوون و مانەوەو کەرامەتی هەرێمی کوردستانە ، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم نرخی ئەو خۆڕاگری و مقاوەمەتە نازانێ ، بەڵام تا ئەمڕۆ گەریلا چاوەڕوانی هیمەت و هاوکاری حکومەتی هەرێمی نەکردوە ، ئەگەر حکومەتی هەرێم و پارتی ناتوانن و ترسیان لە ئەردۆگان هەیە ، لێگەڕێن گەریلا توانای پوچەڵکردنەوەی هێرشی داگیرکاری سەر باشووری هەیە ...!

 ئەردۆگان دەڵێت با گەریلا نەمێنێ ئەو کات هەموو کێشەکان چارەسەر دەبێت ، بێگومان بەگوێرەی خواستی ئەردۆگان ...؟ پێویستە بزانین خواستی ئەردۆگان هەر ئەوەیە کە داودئۆغلوی کۆنە هاوڕێ و هاوخەباتی دەیڵێت و دەیزانێ ...؟

ئەوەی داودئۆغلو دەیڵیت لەسەر مەترسی ئەردۆگان دەقاودەق هەروەک ئاگاداری و ووشیارکرنەوەیەک وایە بۆ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی ، لەو ڕووەوە بەقەدەر گەریلا هوشیاری و ئاگاداری بۆ خەڵکی ئەم هەرێمەی ئێمەی تێدایە ، پێویستە چیترو بەبێ ترس هەرکەس بزانێ داودئوغلو چی باس دەکات بەزیادەوە ڕاستی ووتوە ، ئەمە جیاوازە لەوەی بەچ مەرامێک و بەچ مەبەستێک ئەو ڕاستیانەی هێناوەتە سەرزمان ، قسەی ڕاست هەر ڕاستە کێ بیکات ...!

داودئۆغلو ئەوەشی ڕاگەیاند کەچیتر نابێت خەڵکی لە ئەردۆگان بترسێ ، چونکە داودئۆغلو باش دەزانێ ئەردۆگان لەناوەوەو دەرەوە بەچەتەکانی داعش و نوسرەو ئیسلامیە توندڕەوەکان خەڵکی دەترسێنن ، ئەوەش دیسانەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕاستەو ئەم هێزانەی ئێرە بەشێکی زۆری لەترسی ئەردۆگان ملیان بۆ ئەردۆگان کەچکردوە  ، وەک ئوغلوش دەڵێ ئەردۆگان ئەوە نیەو زۆری نەماوە ، پێویست ناکات هیچ کەس و لایەنێک گوێڕایەڵی بکەن ....

 زۆر گرنگە لەم قۆناغە هەستیار و گرنگ و پڕ مەترسیەی ناوچەکە تێیدا گوزەر دەکات ، هەموو لاو لایەنەکانی ئەم هەرێمە نەکەونە داوی شەڕی ئەردۆگان , بەهەر نرخێک بێت ,دەبێت ڕێگری بکرێت لەو شەڕەی کە ئەردۆگان کات و شوێنەکەی دەستنیشان کردوە ، خەڵک و خاک و سامانی ئەم هەرێمەش کراوەتە ئامانج ....

ژ.ت