"ئەگەر گەریلا نەبێت دەوڵەتی تورک زاخۆ و دهۆک داگیر دەکات"

گەریلا سەردار سلۆپی یەکێک لە بەرەنگارانی شەڕی حەفتانین ئاماژەى بە داگیرکەریی سەر عەفرین و سەرێکانی کرد و رایگەیاند، ئەگەر گەریلا نەبێت دەوڵەتی تورک دهۆک و زاخۆ داگیر دەکات. راشیگەیاند، "تا دوا هەناسە گەلەکەمان دەپارێزین".

سەردار سلۆپی گەریلای هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) و یەکێک لە بەرخودێرانی جەنگی حەفتانین لەبارەی هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و هۆکاری بەهێزبون و گەشبوونی بەرخودانی حەفتانین بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

گەریلای هەپەگە سەردار سلۆپی سەرەتا لە کەسایەتیی جڤیان و جانفدا گۆیی فەرماندەکانی هەپەگە یادی شەهیدانی کوردستانی بەرز راگرت و وتی، "من ئێستا لە ناو جەنگی حەفتانین دام. ماوەیەکی زۆر بوو دوژمن باسی ئۆپراسیۆنی دەکرد و لە دوایدا لە حەفتانینەوە دەستیپێکرد. ئۆپراسیۆنەکەیان بۆ سەر حەفتانین یەکێک لە گەورەترین ئۆپراسیۆنەکانی دوژمن بوو، کە لە مێژووی تێکۆشانی بزووتنەوەى ئازادیی کوردستاندا روویدا".

سەردار سلۆپی باسی لە پڕوپاگەەندەکان لە میدیا و راگەیاندنەکانی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورک دا کرد و وتی، "دوژمن پڕوپاگەندەی ئەوەى دەکرد، کە بە ئاسانی چووەتە حەفتانین، بەڵام وا نەبوو. ئەو بەرخودانە بۆ ئەوەندە گەورە بوو؟ هەموو بە سایەی بیر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ و رەنجی شەهیدان بوو. بە رۆح و ورەی هەڤاڵان مەزڵوم و کەمال ئێمە سەرکەوتین. دوژمن هەوڵی دەدا بەرەوپێش بڕوات، بەڵام بەرخودانی حەفتانین رێگای بە پێشڕەویکردنی نەدا".

سەردار سلۆپی ئاماژەى بە بەرخودانی ئەفسانەیی پەکەکە کرد، کە دەیان ساڵە بەردەوامە و جارێکیتر لە حەفتانین دا زۆر بە زەقی و روونی دەرکەوتەوە و وتی، "ساڵیادی دامەزراندنی حیزبەکەمان نزیکە. حیزبەکەمان تاوەکو ئەمڕۆ بە رەنج و خوێنی شەهیدان، بە بیری رێبەر ئاپۆ گەیشتووەتە ئەم ئاستە و بەم شێوەیە گەورە بووە. ئێمەش وەک گەریلاکانی هەپەگە بە بەرخودان و ورە لە دژی دوژمن لە حەفتانین بەرخودانێکی گەورە دەکەین".

لەبارەی ئامانجی دەوڵەتی تورک لەو هێرشانە، سەردار سلۆپی گەریلای هەپەگە وتی، "ئێمە لە عەفرین و سەرێکانی بینیمان. سەرەتا وەک ناوچەى پشتێنەى ئەمنی ئەو ناوچانەى داگیرکرد و دواتر چووە ناوەندی شارەکان و دەستیکرد بە ئەشکەنجەدانی گەلەکەمان و دەستدرێژیکردنە سەر هاووڵاتییان و پاکتاوکردن و دەرکردن و کوشتنیان. ئێستاش دەیەوێت ئەوە لە باشووری کوردستان دووبارە بکاتەوە، بەڵام پلانەکەیان هەر سەرەتا لە حەفتانین تێکشکا و پووچەڵکرایەوە".

سەردار سلۆپی ئاماژەى بەوەکرد، ئەگەر گەریلا نەبێت دەوڵەتی تورک دەچێتە ناو شارەکانی دهۆک و زاخۆ و دەستدەکات بە ئەشکەنجەدان و پاکتاوکردنی گەلی کورد لەو شارانەدا و وتی، "دەوڵەتی تورک بۆ باشی و چاکە ناڕوات بۆ هیچ شوێنێک، بەڵکو تەنها بۆ بەرژەوەندیی خۆی ناوچەکان داگیر دەکات. بێگومان ئێمە رێگا بە داگیرکردنی باشوور نادەین و لە رێگەى جەنگی حەفتانینەوە تا دوا هەناسە گەلەکەمان دەپارێزین".

ژ.ت