ئەم بەرنادەین ڤێ دیلانێ!
وەکوو باڵندەیەک کە دەبینێت مارێک لە سەر هێلینەکەی بە دەوری بێچووەکانییدا پۆپکەی خواردووە و زاری بەرامبەریان کردووەتەوە، منیش ئاورێک لە سینەمدا لە کڵپەدایە و لە ناخی خۆمدا پڕ بە گەروو هاوار دەکەم.
وەکوو باڵندەیەک کە دەبینێت مارێک لە سەر هێلینەکەی بە دەوری بێچووەکانییدا پۆپکەی خواردووە و زاری بەرامبەریان کردووەتەوە، منیش ئاورێک لە سینەمدا لە کڵپەدایە و لە ناخی خۆمدا پڕ بە گەروو هاوار دەکەم.
ئەم بەرنادەین ڤێ دیلانێ!
وەکوو باڵندەیەک کە دەبینێت مارێک لە سەر هێلینەکەی بە دەوری بێچووەکانییدا پۆپکەی خواردووە و زاری بەرامبەریان کردووەتەوە، منیش ئاورێک لە سینەمدا لە کڵپەدایە و لە ناخی خۆمدا پڕ بە گەروو هاوار دەکەم.
چی دەتوانێت لەوە زیاتر مرۆڤ ئازار بدات کە سوور دەزانیت ئەگەر دەسەڵاتی باشوور نەبووایە خوێنی ئەم کچە گەریلایە کە تا ئێستایش نازانین کێ دەبێت لە سەر خۆ بە ناو خۆڵ و بەردی ئەم دەشتەدا نە دەچووە خوار؟
چی دەتوانێت لەوە زیاتر مرۆڤ ئازار بدات کە سوور دەزانیت ئەگەر دەسەڵاتی باشوور نەبووایە بە دڵنییایەوە ئێستا ئانکارا و تاران لە دۆخێکی دیکەدا دەبوون؟
ئێستا کە ئەم دێڕانە دەنووسم نیشتیمانێک ئاوری تێ بەردەدرێت و سەربەرزترین لە ڕۆڵەکانی لە ژێر هاڕە و قیڕەی فڕۆکەی جەنگیی و تۆپ و گولـلەبارانی دڕندەترین لە داگیرکارانی مێژوو دان. گوناهی گەورەیان ئەوەیە کە خاوەن لە نیشتیمان و نەتەوەیەک دەردەکەون و دەڵێن نا بۆ تەسلیمبوون و بەڵێ بۆ ئازادیی.
بە ئەژماربوون ئەو حەشاماتەی بە ڕاستیی وایان دەزانی کە فیلمە کۆمێدیەکەی 19/5/1992 ـی باشوور بە ناوی "هەڵبژاردن" و دامەزراندنی "پارلەمانی کوردیی" بە خەونی پیرۆزی سەربەخۆییان دەگەیەنێت. زۆر کەم بوون ئەو کەسانەی دەیانزانی ئەم قەوانە شکاوە هەر ئاشبەتاڵ و نشست و سەرئێشەی مێژوو دووپات دەکاتەوە. زۆر کەم بوون ئەوانەی دەیانزانی ئەم دەستانە دەستی سووککردنی ژنانی کورد و زیندەبەچاڵکردنیانە، دەستی برسیکردن و لە پەلوپۆخستن و لە شکۆخستنی نەتەوەیەکن، ئەمانە دەستەکانی ئەودیوی قەڵای دمدمن، ئەو دەستانەن کە هەرگیزاوهەرگیز خاوێن نابنەوە.
لە نێوان بەهاری تەڕی بە بارانەی 1992دا کە ساڵی پێشووتریش زیاتر لە دوو ملوێن کوردی باشووری لە ژێر ناڕەحمەتی خۆیدا خوساندبووە و گەیاندبوونیە سەرای مەرگ و ئەم بەهاری وشەکساڵەی 2021دا، ئێران و تورکیا و سووریا و ئێراق بە سەدان هێرشی بەربڵاوی گەورەوگرانیان دژ بە خەڵکی کوردستان بەرپا کردووە.
باشوور سفرەیەکی ڕەنگاوڕەنگی حازر بوو، بە ئاسانی دەکرا بکرێت بە هێلانەیەک کە بەو ئاسمانەوە هەموو کورد و کوردستان بپارێزێت و هیچ مارێک نەیدەتوانی دەمی بیگاتێ، بەڵام کرا بە مێرگی کەمتیاران.
لە کاتێکدا سەرانی باشوور لە هەشتاکاندا خەریکی شەڕی یەکتر بوون، کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین شانەی ئیسلامیی جیهادیستیی لە کورد دروست کردبوو و هەر هەموو حیزبەکانی باشووری بە ناوەندە ئیتلاعاتیەکانەوە بەستبووەوە. پاشان تەنانەت عەرەبستانیش فێر بوو کە ئیسلامچیی کوردیی بە کالێبەری خۆی ساز بکات.
سەرەتای نەوەدەکان شەڕی ئەم دەسەڵاتدارانەی ئەوڕۆ لە سەر ئەوەبوو کە مۆڵەتنامەی کامیان لای ئێرانیەکان زیاتر برەودارە. سەرئەنجامەکەی ئەمڕۆ دەیبینین، بەڵام سەرەتاکەی هەموو ئەو کوشتنوبڕینانە بوو کە بە سەدان لە کوردانی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵات، ئەوانەی زیاتر لە باشوورییەکان دڵسۆزی باشوور بوون، لە قاسپەی ئاوازی "نیشتیمانی خۆش" دەخران. خوێنی پاکی ئەوان دروست هەروەکوو خوێنی ئەو کچ و کوڕە گەریلایانە لە سەر خاکی کوردستان بەرەو ئازارێکی ئەزەلیی لە بێخاوەنیی نیشتیمان جۆباریان دەبەست.
ئۆکتوبەری 1992 تورکەکان لە تارانەوە فێر بوون کە خەنجەری باشوور لە هەر تیغێک باشتر جەرگی کورد دەبڕێت.
لە 5/10/1992 دا، کەمتر لە پێنج (5) مانگ پاش حکومەتە کوردیەکەی باشوور، هێرشێکی گەورەیان دژ بە هێزی گەریلای کوردستان بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی باکووری ئێراق (Kuzey Irak Ekim 1992 sınır ötesi harekatı) کە هەندێک جاریش دەڵێن (ئۆپەراسیۆنی خاکورک Hakurk Operasyonu" بەرپا کرد. یەکەم بڕیاری پارلەمانی باشوور هاوکاریی و هاوئاهەنگیی بوو لەگەڵ سپای تورکدا.
ئەو دەم، دروست هەروەکوو ئێستا، تورکەکان هاواریان دەکرد کە ئیتر بە هاوکاریی کوردەکانی باکووری ئێراق پێکەوە پ ک ک لە ڕیشە دەر دەهێنین.
بەڵام هێزی پاراستنی کوردستان کە عادەتەن کەم خۆی نیشان دەدا و کەمتر دەڵێت زۆر زیاتر ئامادە بوو.
سەرئەنجامەکەی دیار بوو. زۆری نەبرد سپای تورک و بەڵەدەکانی بە دەمدا کەوتن. فەرماندەکان کە ناوبانگی دڕندەییان لە ناتۆدا هەبوو، وەکوو دۆغان گوڕەش و ئەشرەف بەتلیس و موحێتین فەسنئۆغلۆ و خالیس بورهان، سەرشۆڕیی سەرنەکەوتنی خۆیان بە سەر هێزی گەریلادا لە مێژووی تورکدا نووسیەوە. پاشان لە داخی دڵی خۆیان و بۆ شاردنەوەی ژێرکەوتنەکەیان پەلاماری دانیشتووانی سڤیلیان لە باکوور دا. زۆرێک لە دانیشتووانی کامپی مەخموور لە ڕیشەدا بەرهەمی ئەم ژێرکەوتنەی سپای تورکن. کامپی مەخموور ئەو دۆڕاندنە وەبیر هەموو سەرککۆمارێکی تورکیا دەهێنێتەوە بۆیە ئەردؤغان لە رێگای مەسعود بارزانییەوە دەیەوێت ستاتوی پەناهێندەییان لێ بستێنێتەوە.
دۆستایەتیی ئێران و تورکیا بۆ سەرانی باشوور باوەشی ورچ بوو. هاوکات کە شەڕیان دژ بە "کوردە خراپەکان" دەکرد، وردە وردە بە سەر "کوردە باشەکان"ـی خۆیاندا فسین و تەنانەت بچووکترین دەستکەوتیان لە دەستدا نەهێشتنەوە و کردوویانن بە مشک. لە ماوەی کەمتر لە 3 ساڵدا ئێران و تورکیا باشووریان وەژێر خۆیان نا، بەڵام روو بە دەورەوە سەرانی باشووریان بۆ تاران و ئانکارا و ئەستنەبوڵ داوەت دەکرد و زەمینەی داگیرکردنی ئیتلاعاتیی و بازرگانیی و کولتورییان دا دەڕشت.
لە لایەکی دیکەوە دەردیان بێ دەرمان بوو، چون دەیانبینی کە خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان رۆژ بە رۆژ بە هێزتر دەبێت. لە بەرئەوە لە ئێوارەی شەوی نەورۆزی 1995 دا هێرشێکی گەورەوگرانیان بە ناوی "چێلیک حەرەکەتیی" بە سەرپەرستیی و هاوکاریی ناتۆ لە 20/3/1995 دا بەرپا کرد و هەفتەیەک لەوەبەر دەهۆڵی "ئیتر پ ک ک تەواو دەکەین" لە ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنەکاندا دەکوتا و جەندرمەی تورکیان نیشان دەدا کە چۆن وەکوو "رامبۆ" خۆیان بە دارودیواردا هەڵدەواسیی و ئاوریان لە عەرشی ئاسمان بەردەدا. دەوڵەتی تورک ڕایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنی ئەم جارە ناوی "ئۆپەراسیۆنی پۆڵا/ چێلیک حەرەکەتیی (Çelik Harekâtı)" یە و لە هیچ دانەیەکی پێشووتر ناکات.
ژەنراڵ حەسەن کوندئاخچی کرا بە بەرپرسی "چێلیک حەرەکەتیی". ئاخر حەسەن کوندئاخچی ئەزموونێکی دوور و درێژیی لە ئازاردانی کورداندا هەبوو کە تەنانەت هەڵی دەکوتایە سەر ماڵە دەوارنشینە کوردەکان و تا ئەوێش دەڕۆیشت کە نیسک و نۆکی هەڵدەڕشتن و گاڵتەی پێیان دەکرد و ژەندرمەکانی خۆی لە دەوری منداڵەوردکە و کچانی تازەپێگەیشتوویان کۆ دەکردەوە. بەدبەختیی حەسەن کوندئاخچی ئەوە بوو کە لە ئاخر ڕۆژانی دەست بە کاربوونی خۆیدا بوو و وەکوو پیرەکەڵەشێرێکی نەخۆش پۆپنەی خۆی پێ رانەدەگیرا و نەیدەزانی دەوڵەت دەیەوێتت کۆمەڵکوژییەکی پێ ئەنجام بدات. نەخێر ئەویش بە پاڵپشتیی ناتۆ و خەنجەری باشوور هاتە مەیدان، بەڵام زۆر زوو گلا و سەدان سەربازی تورکی بە کوشت دا. حەسەن کوندئاخچ بە ڕەنجەڕۆیی پاش دۆڕاندنەکەی خانەنشین کرا و شکاندنێکی دیکەی لە میژووی بەڕبەڕیزمیی تورکییدا تۆمار کرد.
ساڵانی نەوەدەکان، هەروەکوو هەموو مێژووی باشوور، ساڵانی شەڕی ناوخۆیی و فڕکەفڕکی ڕاکردن بۆ بەغدا و تاران و ئەستەنبوڵ بوو. ساڵی 1997 هێشتا ساڵێکی مابوو مادێلن ئەلبرایت ببێت بە ناوبژیکار و لە دەرەوەی کۆشکی سپیی بەرامبەر بە حەشاماتی ڕۆژنامەوانیی ڕایانبگرێت و وەکوو دوو منداڵی زۆرانگر کە پیاو بیەوێت دڵی هەردووکیان رابگرێت، دەستی هەردووکیان بەرز بکاتەوە کە "هیچیان نەبەزیون، هەردووکیان براوەن".
تورکیا بە هۆی پێوەندیەکانی لە ناتۆدا دەیزانی ئەمریکا تەمای ناوبژیوانیەکی لەو جۆرەی هەیە و دەیەوێت کونگەی باشوور کە لە 1964 ـوە دڕاوە، گرێ بدات. لەبەرئەوەبوو لە مانگی گوڵانی 1997 دا دەستی بە کوتانی دەهۆڵی "ئەم جارە پ ک ک تەواو دەکەین" کردەوە. ئوروپا و ئەمریکایش بە هەموو ناتۆوە لە دونیادا کەوتبوونە پروپاگەندەی بەندناوکردنی خەباتی ئازادیخوازیی کوردستان و بە منداڵکوژ و بە حەشیشەفرۆش و شەڕانگێز ناویان دەبرد. ئەمریکا هەر لەو ساڵەدا پ ک ک خستە ناو لیستی ڕەش و بە تیرۆریستی لە قەڵەم دا و هاوکات باوەشێکی ئاوەڵەیان بۆ مەسعود بارزانی کردەوە و لەگەڵ سپای تورکدا خستیانە هاوئاهەنگییەوە. تورکەکان کە بەڵێنی هاوکارییان لە ناتۆ وەرگرتبوو و وەکوو هەمیشەش خەنجەری بارزانیشیان وەقەدی خۆیان بەستبوو، لە 12/5/1997 دا هێرشێکی گەورەی بەربڵاویان بە ناوی ئۆپەراسیؤنی چەکوش/ "چێکچ حەرەکەتیی" (Çekiç Operasyonu) بەرپا کرد. بەڵێ، بە سەدان ڕۆژنامەوان و بەڕێوەبەری پرۆگرامی تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆکانیان باسیان دەکرد کە "چێکچ حەرەکەتیی" لە هەموو ئۆپەراسیۆنەکانی دیکە جیاوازترە و زۆر لە "چێلیک حەرەکەتیی" گەورەتر و بەرفراوانترە.
ئەڵتای تۆقات کە دوو ساڵێکی مابوو خانەنشین بکرێت، پیرەپیاوێکی شێت و وێت بوو، تەواوی خولیای ژیانی ئەوە بوو شەڕ بە کورد بفرۆشێتت. تورکەکان لە مێژە فێرن کە خراپترین لە شێت و بەدناو و بەدڕەووشتی خۆیان بۆ بەرەی شەڕ و ئازاردانی خەڵکی سڤیلی کورد دەنێرن. ئەڵتای تۆقات کرا بە فەرماندەی "چێکچ حەرەکەتیی" و چەکوشەکەیان خستە دەستی. تورکیا زۆر پەلەی بوو پ ک ک تەواو بکات و لەگەڵ ئێراندا پێکەوە گەیشتبوونە ئەو باوەڕەی کە تەنیا لەمپەرێک لە زەوتکردنی باشووردا لە بەردەمیاندایە هێزی گەریلایە. هاوکاتیش هەردوولایان فشاریان بۆ ڕژێمی ئەسەد دەهێنا کە بنکە و بارەگاکانی پ ک ک لە سوریا قەدەخە بکات و کۆ بکاتەوە.
لەملایشەوە، ساڵی 1997 خەڵکی باشوور لە دەست حوکمڕانیی خیڵەکایەتیی و دز و جەردەی باشوور هەراسان بووبوون و تەنیا هیوایەک هەیان بوو پ ک ک بوو. ئەمریکایش لە گەورەبوونی نفوزی پ ک ک لە باشوور تەواو کەلـلەیی بووبوو، گرەوی لە سەر شێرەپەڕۆکانی خۆی لە باشوور کردبوو کە لە بەدبەختی ئەو لە مەمەڕەکانی تاران و ئانکارا تریاکی خۆدۆڕاندنیان دەکێشا و وەڵامی فیکەی ئەمریکایان نەدەدایەوە. ئەمریکا ناچار بوو پارەی خەیاڵیی تەرخان بکات و هەڵپەیەکی گەورەی سیاسیی و دیپلۆماسیی و ئابووریی بەرفراوان بە قازانجیان وەگەڕ بخات. ئەم بە پێچەوانەوە، دەیویست لە دەست ئێران و تورکیا ڕزگاریان بکات و مەدالیای دیموکراسیی بە ملیاندا بکات و بەو شێوەیە خەڵکی باشوور لە پ ک ک دابماڵێت.
هەمیشە بیر لە مارکس دەکەمەوە کە بە پێچەوانەی هێگل پێی وا بوو ئایین ئەفیونی گەلانە. مارکس ڕاستی دەکرد، ئایین ئازارشکێن بوو، باشترین دەرمانی ئارامییبەخش بوو بۆ ئەوانەی ئازاریان زۆر بوو. تاکەکەسی ئوروپا لە باوەشی خوداکاندا و بە هیوای بەهەشتی ئەو دونیا ئازار و مەینەتی دونیایان لە بیر خۆیان دەبردەوە و وەکوو تاقیکردنەوەیەک دەیانبینیی و شانایان دەخستە ژێری. خودا دۆشەکێکی نەرم و وشک و گەرم بوو، تاکەکەس دەستی ماندووی دەخستە ژێر سەری و زگی برسیی خۆی هەڵدەلووشیی و لە سەر ئەو دۆشەکە نەرم و وشک و گەرمە خەیاڵییەدا کە ناوی خودای لێ نرابوو، ڕا دەکشا. خەڵکی باشووریش هەروەکوو هەموو خەڵکێکی دیکە پەنا بۆ هەموو چارەسەرێک دەبەن کە لە دەست ئەو ئازارە گەورەیەی فرۆشتنی نیشتیمان رزگاریان بکات. لە دڵپاکیی و سەرڕاستیی خۆیان و بەدبەختیی ناهۆشیارییان پەنا بۆ هەموو مۆر و پرتەقاڵیی و شین و سەوز و زەرد و ئیسلامچییەک دەبەن. خودا چ لە ئاسمان بێت یان لە سەر زەوی، گرینگ ئەوەیە ئازار لە بیر بباتەوە. ئەمریکا دەیزانی خەڵکی باشوور خوێن لە جگەریان دێت و ئازاری سیستەمی خێڵەکایەتیی کوشتوونیی، و بۆ تۆزێک مۆرفین کە ئازاریان بشکێنێت بە خۆشییەوە خۆ بە قەڵای ئاسنینیشدا دەدەن.
بەڵام چەکوشی "چێکچ حەرەکەتیی" بەر سەری خۆیان کەوت و تورکەکان خراپ دۆڕان. تورکەتانجی نەک هەر نێچیرێکی پێ نەهێنرایەوە بەڵکو ئیتر وای لێ هات کە لە دەنگی تەقەی تفەنگی خاوەنی خۆیشی هەڵ دەهات.
فەرماندە ئەڵتای چەکوشەکەی بە سەر خۆی و سەربازەکانی دا دا و لە ماوەی دوو مانگدا بە سەری نەویەوە گەڕایەوە و لە داخاندا بوو بە ئەندامی حیزبە فاشیستە ڕەگەپەرستەکەی بەهچەلی. دیارە پێی وابوو لە ڕێگای بەئەندامبوون لەو حیزبە ڕەگەزپەرستەدا دەتوانێت ژێرکەوتنەکەی بشارێتەوە.
کات تێپەڕ بوو. خوێنی ڕژاوی کچان و کوڕانی هێزی پاراستنی کوردستان وردە وردە لەگەڵ باراناو و بەفراودا و بە دەم شنەی شەماڵی هاوینان و زریانی زستانەوە تێکەڵ بە زەوی کوردستان بوون. لە واشینگتۆن دی سی باڵەکانی باشوور کە لە 19/5/1992 دا دەیانویست گوایا حکومەتی کوردیی دابمەزرێنن و کەس نەیدەزانی لاق و سەریان لە کوێیە، لە نێو دەستە بچووکەکانی خانم مادێلا دا بڵند کرانەوە. ڕۆژنامەوانەکان بە هەزاران وێنەی کۆتایی زۆرانبازیی مێژووی باشووریان چرکاند. ئەوان بێ ئاگا بوون لە فیتوفاتی ئیمپراتۆری سەفەویی و عوسمانیی و نەیاندەزانی کە ئەمریکا توانیوویەتی تەنیا لاشەیان بۆ واشینگتۆن بە کێش بکات و کە دڵ و مێشکیان هەر لە مەمەڕەکانی ئانکارا و تاران جێ ماون. بەڵام دیمەنەکە بە ویقاڕ بوو و باوەڕێکی دروست دەکرد. بەڵێ، سەردێڕی ڕۆژنامە و گۆڤار و سەرهەواڵی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنەکان بە زمانی جیاواز مژدەیان دەبەخشیی کە ئیتر کوردەکان واز لە یەکتر کوشتن دێنن و یەک دەگرن و کوردە خراپەکانیش سزا دەدرێن.
هەواڵەکان سارد نەدەبوونەوە. ئەمریکای براگەورە تەنیا دژ بە کوردە خراپەکانە و پشتگیریی لە کوردەباشەکان دەکات و باشوور دەبێت بەو گوڵەی کە لە ژێر سووتماکی ئێراقەوە سەر دەر دەهێنێت.
بەو شێوەیە مۆرفین بە گەرووی عەوامدا کرا. هەر کەسە و خودایەکی نەرم و گەرم و شلی بەر دەکەوت. لە شەقامەکانی باشوور ڕووخسارە بەستەزمانە فریودراوەکان دەستیان بە چەپڵەڕێزان کرد. کڵاوی خۆشبەختیی و ئاسۆروونیی بە ئاسماندا فڕێ دران و خۆشباوەڕە دەرسوەرنەگرەکان روومەتیان ئاڵ بووەوە و زەردەخەنەیان کەوتەوە بان لێو.
ئەمریکا نەیدەزانی کە تیغی تاران و ئەنکارا زۆر زیاتر چووە.
تورکیا تووڕە بوو و ئاگری لێ دەباری. "چێکچ حەرەکەتیی" لە ناو ناتۆدا ئابڕووی پێوە نەهێشتبوون. دەوڵەتانی ناتۆیش لە هەڵگرتنی خەرجی شەڕی تورک ماندوو بووبوون و پەلەیان بوو کە هەرێمی باشوور کە وەکوو سیمبوڵی ڕزگاریی بۆ خۆیان کەڵکیان لێ وەردەگرت بە شێوەیەک تۆزێک سەقامگیر بێت. تورکەکانیش زرینگتر لە کوردی دۆ ڕژاو و خاوەنی ئەزموونی سەدان ساڵ لە خوێنڕشتن، پەلەیان بوو کە سوود لە هەموو تاکە فیشەکێکی ناتۆ وەربگرن. بەو شێوەیە دان و ستاندن لە نێوان تورک و ئوروپاییەکان لە گەرمەدا بوو. دوو مانگێکی نەخایاند تورکەکان کۆپۆنگێکی دیکەی شەڕیان لە ئوروپا وەرگرت و لە مانگی نۆی هەمان ساڵدا هێرشێکی گەورەیان بە ناوی "شەفەق حەرەکەتیی/ ئۆپەراسیۆنی سپیدە (Şafak Harekâtı)" بەرپا کرد و سێ کەسیان بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکە دەست نیشان کرد کە حەقی قەرەدایی و حوسەین کفریکئۆغلۆ و ئیلهان کلیچ بوون. لە 25/9/1997 دا دیسان هەڵیان کوتایەوە سەر کورد. لەم شەڕە گەورەیەدا تورکەکان بە تەواوی لە ئیستیخباراتی ناتۆ و خەنجەری کورد سوودیان وەرگرت.
لە ماوەی دوو مانگی پێش هێرشەکەدا چەندین گۆرانیی و سروود بە ناوی "شەفەق حەرەکەتیی" تۆمار کران و سەربازی تورک کران بە پاڵەوانی پاڵەوانەکان. بەڵام سەرئەنجامەکان بە حیسابی گۆرانیی و فیلمەکان نەهاتنەوە. دەوڵەتی تورک خراپ تێک شکا. "شەفەق حەرەکەتیی" لێیان بوو بە شەوەزەنگ حەرەکەتیی.
ئەوجا بۆ ئەوەی تێکشکانی خۆی بشارێتەوە دەوڵەتی تورک بە ڕەسمی ڕایگەیاند کە 15 هەزار سەربازی تورک بەرامبەر بە 10 تا 12 هەزار گەریلا شەڕیان کردووە و کە بە داخەوە سەربازی تورک فێری شەڕی شاخ نیین و کە چی و کە چی. راستییەکەی ئەوەبوو کە پێشتر، پێش هێرشی تورکەکان، چەکدارانی مەسعود بارزانی دەستیان بە شەڕ کرد بوو و بە مەبەستی چاوترسێنکردن دڕندانە پەلاماری دانیشتووانی ناوچەکەیان دا بوو و بەتیابەتییش کارهاسانیی ئیستیخباراتی تەواویان بۆ تورکەکان کرد بوو.
هەروەهاش ژمارەی سەربازانی تورک نە کەمتر لە 20 هەزار سەرباز بوو و یارمەتیی هەوایی و مەیدانیی و سیخوڕیی باشووریشیان لە دەستدا بوو، هاوکات ژمارەی گەریلایش دەیەکی ئەوە نەبوو کە تورکەکان بۆ زلکردنی خۆیان و شاردنەوەی شکستەکەیان دەیانگوت. بەڵێ، لەوەیشدا دەرکەوت کە سەربازە تورکەکان غیرەتیان نەبوو بە سەر جادەی خۆشکراویشدا بڕۆن جا چ بە مەردی مەیدانبوون بگات.
زوو دەرکەوت کە "شەفەق حەرەکەتیی" حەرەکەتی بەدبەختیی بوو، حەرەکەتی خۆرهەڵنەهاتنی تورکیا بوو. ئیتر ئەو زەمانە بە سەر چوو بوو کە سەرکردەی کورد لەو دەشتەدا بێکەس و بێدەر هەڵبوواسرێت. دەوڵەتی تورک هێندەی زەرەر لێکەوت کە هەتا 10 ساڵ دوای ئەوە نەیتوانی هێرشی لەو شێوەیە دژ بە خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان بەرپا بکات، بەڵام لە هێرشی لابەلایی و بە ژمارەی جەند هەزار کەس و بە پاڵپشتی فڕۆکەی جەنگی هەر بەردەوام بوو. لەگەڵ کاتدا دەوڵەت بە تەواوی تاکتیکی خۆی گۆڕی و بە بەرچاوی ئەمریکاوە کەوتە داگیرکردنی باشوور و بەستنەوەی سەرانی باشوور بە خۆیەوە و هەروەها دروستکردنی شانەی ئیسلامچیی لە باشوور لە شێوەی "حیزبوڵای کوردیی" کە لە تورکیا دروست کردووە (کە لە ڕاستییدا حیزبوڵای تورکیە. تێبینیی بکەن کە کورد وجودی نییە بەڵام بە ڕەسمیی حیزبوڵای هەیە!) و کە ئێستا ئیسلامچییانی باشووری دەبینین چۆن بە پێی مۆدێلی ئیخوانموسلیمینی تورکیی دەپۆشن و دەنۆشن و دەدوێن و دەکەن.
فیرقەکانی ئیسلامچییانی باشوور بە فەرمانی ئێران و تورکیا ئیسلامی سیاسیی ناوگەڵگەرا بەڕێوە دەبەن. هەموو پۆشتەوپەرداخ و تێروتەسەل و خاوەن ئیمکانیاتی زۆر تابووری پێنچی داگیرکارانن و کاریان گەوجکردن و گێژکردن و نانەوەی فەزای سەرلێشێواوییە، لەو گەرمەیەدا کە یەک نیشتیمان بە خاک و دار و دەوەن و مرۆڤ و ئاژەڵییەوە دەسووتێنرێت و لە ناو دەبردرێت. هەموو کارێک بۆ ئەوە دەکردرێت کە سەرنجی مرۆڤی باشوور لە سەر کوردستان و پرسگەلی گرینگ نەمێنێت.
ئیسلامچییانی ناوگەڵگەرا یی باشوور کە لە ئەفگانستان و سۆماڵیاش وێنەیان نییە دەیانەوێت لە رێگای هێرشی سەرکوتکارانە بۆ سەر ژنانی کورد یەکێک لە پایە ئەسڵییەکانی خەباتی ئازادیخوازیی کوردستان تێک بشکێنن و خەڵکی باشوور تەواو سەرقاڵی کێشەی ناوخۆی ماڵ و زیندەگیی ڕۆژانە بکەن. ئەو ئەرکەیان پێ سپێردراوە کە پیاوانی کورد دژ بە ژنان هەڵخرێنن و هەبوونی ژنان لە سێکسگەرایی و ناوگەڵگەراییدا خولاسە بکەنەوە و هەموو وجودی ژنی کورد لە لێو و چاو و مەمکدا بهێڵنەوە و نرخی زەمینیی و ئاسمانیی لێ بدەن و پیاوان بکەن بە کڕیار و بە خاوەندار و بە دادوەری ئەو بازاڕە مەسخەرەیە. بەو شێوەیە دێن و کۆمەڵگای کوردستان لە بناخەوە تێک دەدەن لە کاتێکدا کە خاک و گەلێک لە ناو لێشاوی نەمان دان. هەر ژنێکی کورد تەنانەت ئەگەر یەک قامکی لە چوارچێوەی ئەو تەسلیمبوونە بهێنێتە دەر ئەوا مۆری کوفر و خانەشێوێنیی لێ دەدرێت و بەدناو دەکرێت.
بە پاڵپشتی سیستەمێکی خێڵەکایەتیی بەدڕەووشت و فیرقەگەلی ئیسلامچیی ناوگەڵگەرا ئێران و تورکیا ئامانجیان نەک هەر بێدەنگکردنی کوردە، بەڵکو سووککردن و ناوزڕاندن و بێئەرزشکردنیەتی. ئەم باشوورەی ئەوڕۆ بەرهەمی سی (30) ساڵ لە دەستتێوەردانی راستەوخۆی ئێران و تورکیایە.
لە ساڵی 2008 بە دواوە ئەمە 11 هەمین ئۆپەراسیۆنی گەورەوگرانی دەوڵەتی تورکە دژ بە خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان. ئۆپەراسیۆنی خۆر " Güneş Harekâtı" لە 29/2/2008، ئۆپەراسیۆنی شەهید یاڵچن " Şehit Yalçın Harekâtı" لە 24/7/2015.
ئۆپەراسیؤنی یاڵچن گوایا لە تۆڵەی ئەوەدا ئەنجام درا کە داعش تەقەیان لە بنکەیەکی تورک کرد بوو و کە سەرئەنجام سەربازێکیان بە ناوی یاڵچن نانە کوشتوو بوو. دەوڵەتی تورکیش لە تۆڵەستاندنەوەی خوێنی یاڵچن لە داعش و لە پ ک ک ئەو ئۆپەراسیۆنەیان بەو ناوە دژ بە هێزی پاراستنی گەل بەرپا کرد. حاشاهەڵنەگرە کە چیرۆکەکە نە بنی هەیە نە سەر و بەشێکە لە هەڵبەستنی شەڕەنخوازیی مەغۆلیی. تورکیا پارێزەر و رابەری داعش بوو. چیرۆکەکە بۆ تێکەڵاوکردن و بەستنەوەی داعش و پ ک ک بوو کە دیارە بەرهەمێکی سیاسیی لێ نەکەوتەوە. شایانی باسە کە ئەردۆغان و داوتئۆغلۆ و سولوسی ئەکار فەرماندەی ئەم ئۆپەراسیۆنە بوون. پاشان پێنج (5) لەو ئۆپەراسیۆنانە کراونەتە سەر ڕۆژئاوا و دووانەکەی ماونەتەوە، یەکێکیان ئۆپەراسیۆنی چینگ/ "پێنچە حەرەکەتیی" (Pençe Harekâtı) لە 9/10/2019 لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی چینگی هەڵۆ/ "کەرتاڵ حەرەکەتیی" (Pençe-Kartal Harekâtı) کە لە 15/6/2020 دا کردی و کە تیایدا دیلەکانی خۆی بۆمبباران کرد.
ئەوە دروست یەک هەفتەیە (23/4/2021)کە ئۆپەراسیۆنی "چینگی بروسکە/ (Pençe-Yıldırım Harekâtı) بەڕێوە دەجێت. تورکەکان لە لێدانی دەهۆڵ و زوڕنای شەڕ و پەیداکردنی ناوی سەیروسەمەندا خۆیان زۆر ماندوو دەکەن و بێچارە ماون کە بەرامبەر بە چ ئیرادەیەکی پۆڵایینی کچان و کوڕانی کورد ڕووبەڕوون. بەو شێوەیە، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا پاڵەوانە تورکەکان نیشان دراون کە چۆن لە هێلیکۆپتەر دادەبەزن و کچان و کوڕانی کورد دەکوژن و کوردستان دەسووتێنن. ئەردۆغان خۆی ناوی لەم ئۆپەراسیۆنەی ناوە و کاتێک لەگەڵ سێنتەری بەرێوەبەریی ئۆپەراسیۆنەکەدا قسان دەکات، دەڵێت "ئامانج نەهێشتنی تیرۆری جیابوونەوەخوازییە".
بە دڵنییایەوە، سبەینێ و دووسبەی ئەم ئۆپەراسیۆنەیش بە دەردی ئەوانی پێشووتر دەچێت و دەوڵەتی تورک دۆڕانێکی دیکەیش لە مێژووی پاوانخوازیی خۆیاندا تۆمار دەکەن.
بەڵام زوڵم و ستەمی داگیرکەریی بە ئازارە. سبەینێ و دووسبەی وێنەی دەیان لە هەرە دڵسۆزترین و باشترین لە کچان و کوڕانی کورد دەبینین، شایەد خەڵکی مەریوان و سنە، کامیاران و مەڵبەندێکی ئیلام، گەرمیانی باشوور، گوندێکی ڕۆژئاوا یان باکوور بن کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا بە دەستی سپای تورک گیانی پاکیان لە دەست داوە. دەوڵەتی تورک بکوژی خەڵکی کوردستان و داگیرکەری خاک و ئاو و هەواو سامانیەتی.
چی دەتوانێت لەوە زیاتر مرۆڤ ئازار بدات کە سوور دەزانیت ئەگەر دەسەڵاتی باشوور نەبووایە خوێنی ئەم کچە گەریلا نەناسراوە لە سەر خۆ بە ناو خۆڵ و بەردی ئەم دەشتەدا نە دەچووە خوار؟ چی دەتوانێت لەوە بە ئازارتر بێت کە سوور دەزانیت دەکرا دەوڵەتێکی داگیرکەر بە دۆست و دەراوسێ و هاوپەیمان نەناسرێت ئەگەر دەسەڵات لە ژێر دەستی خێڵ و عەشیرەتی بێئابڕوو و بێوێژدان و بێڕەووشتدا نەبووایە؟
چی دەتوانێت لەوە زیاتر مرۆڤ ئازار بدات کە سوور دەزانیت کە ئەگەر هەر یەک دوو هەزار پێشمەرگە لە باشوور بیانتووانیایە سەنگەر لە دەوڵەتی تورک بگرن ئەوا هاوکێشەی سیاسیی پرسی ئازادیخوازیی کوردستان بە تەواویی دەگۆڕ درا؟
چی دەتوانێت لەوە زیاتر مرۆڤ ئازار بدات کە سوور دەزانیت ئەگەر دەسەڵاتی باشوور نیشیمانیی بووایە ئەوا ئەمڕۆ خوێنی هیچ کچ و کوڕێکی کورد نە دەڕژا و شایەد ئێستا ئەو دەڤەرە بە ملیارد دۆلار داهاتی تۆریستیی دەخستە گیرفانی کوردەوە؟
ئەوی لە باشوور ئێران و تورکیا بە ئەنجامی دەگەیەنن سەرئەنجامی سیاسەتێکە کە دەتوانین لە ڕیشەوە بیبینین، کە دەزانین بە دەستی کێ دەکرێن و چۆن ئەنجام دەدرێن. تۆیەکی باشووریی لە کوێدا وێستاویت و دەتەوێت لە کوێدا بووەستیت؟
لە نەخشەی جیهان بڕووانن، لە ئێستادا گەورەترین خەباتی ئازادیخوازیی دونیا دژ بە سیستەمی داگیرکەریی لە کوردستان بەڕێوە دەچێت. ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە پ ک ک بەڕێوەبەر و ڕابەری ئەم خەباتە ئازادیخوازییەیە. ئەوی ئەوڕۆ کولتوریی خەباتی خۆبەخشیی بە پێوە هێشتووەتەوە پ ک ک یە. بە پرۆفیسیونالیزمکردنی خەبات و تێکۆشان، بە پریسیپکردنی هەنگاوەکان، خۆڕاگرتن و زانستی کۆڵەندان و تۆڵەستاندنەوە و ئومێد بە سبەی، کرۆکی ئەم خەباتە ئازادیخوازییەیە. پ ک ک هەر کورد نییە، بەڵکو بەتایبەتیی ئەو کوردە "خراپەیە" کە نامرێت و کە توانیوویەتیی بەرامبەر بە سیستەمی داگیرکەریی لە سەر پێ بمێنێتەوە و شایانباسانە گەشە بکات.
ئەرز و ئاسمان پانتایی نێوان ئەم خەباتەیە، تۆ لە کوێدا جێ دەگریت و بە پێی توانا و تاقەت و کارزانیی خۆت چیت پێت دەکرێت، درێخ نە کە. ئەوە گرینگ نییە کە کەم بکەیت، گرینگە ئەوەیە ئەوە بکەیت کە دەزانیت دەتوانیت بیکەیت.
ژ.ت