'ئەم قۆناغە پێویستی بە ستراتیژ و یەکدەنگی نەتەوەییە لە دژی هێڵی خیانەت'
سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیران لە باشووری کوردستانەوە ئاماژەیان بە پێویستی هەڵوێست وەرگرتن لە دژی داگیرکارییەکان لەسەر کوردستان کرد و بانگەوازی یەکگرتووی و ستراتیژی نەتەوەییان کرد.
سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیران لە باشووری کوردستانەوە ئاماژەیان بە پێویستی هەڵوێست وەرگرتن لە دژی داگیرکارییەکان لەسەر کوردستان کرد و بانگەوازی یەکگرتووی و ستراتیژی نەتەوەییان کرد.
دوابەدوای بەرفراوانتربوونی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەسەر ڕۆژئاوی کوردستان، وە دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنە سەربازییە داگیرکارییەکانی لەسەر باشووری کوردستان و هەوڵدان بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ لەبەرامبەر گەریلاکانی ئازادی کوردستان. تادێت هەڵوێست و ناڕەزاییەتییاکان لەسەر ئاستی سیاسی و خەڵکی باشووری کوردستان بەرفراوانتر دەبێت، بۆ ئەمەش هەموو هەوڵێکی داگیرکاریی و هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورک شەرمەزار دەکرێت و هەموو ڕوانگەکان بۆ ئەوەیە کە لە دژی ئەم داگیرکارییانە پێکهێنانی 'یەک دەنگی و ستراتیژی نەتەوەی' پێویستیەکی ئەم قۆناغەیە.
پەیوەست بەم پێشهاتانەوە هاوسەرۆکی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان (کەنەکە) زەینەب موراد بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەیکرد و ئاماژەی بە هەستیاربوونی ئەم قۆناغە مێژوویەی گەلی کورد کرد و وتی: "دەبینین هێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان بە هەموو شێوەیەک لە پیلانگێڕییدان بۆ لەناوبردنی دەستەکەوتەکانی گەلی کورد و ئاستەنگکردنی ئەو دەرفەتە مێژوویانەی کە دێنە ڕێگەی گەلی کورد."
موراد لە قسەکانیدا ئاماژەی بە ئۆپراسیۆنە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکاری تورک کرد وتی: "تۆپراسیۆنە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک ڕۆژ بە ڕۆژ بەرفراوانتر دەبێت. دەوڵەتی تورک تەنها لە ئۆپراسیۆنی سەربازییدا نەوەستاوەتەوە، بەڵکو هێرشەکانی لەسەر ئاستی چاند و زمانی کوردیش هەیە."
موراد بانگەوازی بۆ پێویستی پێکهێنانی هەڵوێستی نەتەوەیی کرد لە بەرامبەر ئەم داگیرکارییانەدا و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "پێویستە هەموو پارت و لایەنە سیاسیەکان بە هەڵوێستێکی نەتەوەییەوە بەرپەرچی ئەو هێرش و پیلانگێڕییانە بدەنەوە و نەبنە یارمەتیدەری داگیرکاریی."
لە کۆتایی قسەکانیدا هاوسەرۆکی کەنەکە زەینەب موراد ئاماژەی بە نایاسایی دۆزی کۆبانێ کرد و وتی: "ئامانجی دەوڵەتی تورک قڕکردنی سیاسییە، دۆزی کۆبانێیش چوارچێوەیەدایە، بۆیە ڕێگری لە هەموو کار و خەباتێکی سیاسی کورد دەگرێت. مێژوو ئەوەی دەرخستووە هیچ کاتێک داگیرکەرانی کوردستان بە کوشتن و قڕکردن ناتوانن گەلی کورد سەرکوت بکەن. بۆیە هەڵوێست نواندنێکی نەتەوەی بەرامبەر ئەم سیاسەتە داگیرکارییانە پێویستی ئەم قۆناغەیە."
'گوشارێکی زۆر لەسەر ئەو پارتەنە هەیە کە لە قۆناغی خەبات و بەرخۆداندان'
چاودێری سیاسی فەلاح سڵاح قسەی بۆ ئاژانسمان کرد و باسی لە گرنگیدان بە هێڵی نەتەوەی گەلی کورد کرد و ئەوەی دەستنیشانکرد: "لە ئێستادا بە حوکمی ململانێیە نێودەوڵەتیی و هەرێمییەکان گوشارێکی زۆر لەسەر باشووری کوردستان و ئەو پارتانە هەیە کە لە قۆناغی خەبات و بەرخداندان، بۆیە گرتنەبەری هاوهەڵوێستییەکی نەتەوەی لەبەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان لە هەر بەشێکی کوردستان و بەتایبەت لە باشووری کوردستان زۆر گرنگ و پێویستە."
'هاوکارینەکردن و دەست تێکەڵنەکردن لەگەڵ هێڵی خیانەت'
فەلاح سڵاح ئاماژەی بەوەدا مێژوو ئەوەی بۆ دەرخستووین کە گەلی کورد گەلێکی ئاشتیخوازە و وتی: "گەلی کورد هەموو کاتێک لە پێناو بەرپاربوونی ئاشتی و چارەسەرییدا قوربانی داوە. کۆتا قوربانیش لە باکووری کوردستان لە دۆزی کۆبانێدایە، کە پەرلەمانتار سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوڕێگایانی لەبەرامبەر پشگیریدان بە دۆزی ڕەوایی گەلی کورد سزادران. بۆیە هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان بەردەوامن لە پێشێل کاری کوردستان. بۆیە ئەوەی پێویستی و داواکارییە لەگەلی کوردستان و بەتایبەت لە خەڵکی باشووری کوردستان و پارتە سیاسیەکان؛ دەست تێکەڵ نەکردن و پشتیوانی نەدانە بە هێڵی خیانەت، هەروەها لە هێڵی خەبات و بەرەی نیشتیمان پەرەوەریدا بمێنێتەوە."
'دەوڵەتی تورک دژی بوون و ستاتۆی کوردە'
ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان (کەنەکە) د. شێرۆکۆ حەمە ئەمین قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و ئاماژەی بەوەدا باشووری کوردستان لە ژێر ڕەوشی داگیرکاری و پەلاماردایە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی: "ئەرکی هەموو لایەنە سیاسیەکانە ستراتیژێکی هاوبەشی نەتەوەی هەبێت. لە بنەمادا کەنەکەش هەر بۆ ئەم ئامانجە دامەزراوە و کارکردنێتی بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان لە ژێر چەتری کەنەکەدا کۆببنەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان ببنەوە.بانگەوازی لە هەموو پارتەکان دەکەین بەهیچ شێوەک نەچنە نێو پیلانێکەوە کە لەدژی پارچەیەکی تری کوردستان بگیرێتەبەر. وەک دەزانین دەوڵەتانی داگیرکەر و بەتایبەت تورکیا بە هەموو شێوەیەک هێرش و داگیرکاری دەباتە سەر باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، دیارەی ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لە دژی بوون و ستاتۆی کوردە. بۆیە لێرەوە دەڵێم هەرلایەنێکی سیاسی بچێتە ناو پیلانەکانی دەوڵەتی تورکەوە بەدڵنیانیەوە لە زیانی دەستکەوتەکانی گەلی کورد و ئەو لایەنە دەشکێتەوە. هەر لایەنێک دەستبار و هاوکاری ئەو پلانی داگیرکاری کوردستان بێت، دەبێتە خیانەت و پێویستە خیانەتیش بە نەفرەتکرێت."
'ئامانجی سیاسی دەوڵەتی تورکیا، نکۆڵیکردن و سڕینەوەی کوردە'
د. شێرکۆ حەمە ئەمین ئاماژەی بە دۆزی کۆبانێ کرد و ئەوەی دیاریکرد، دۆزی کۆبانێ لە باکووری کوردستان درێژەپێدەری سیاسەتی قڕکاری دەوڵەتی تورک بەرامبەر گەلی کورد و وتی: "مێژووی دەوڵەتی تورک لە دامەزراندنیەوە بۆ پاکتاوی گەلی کورد و نکۆڵیکردن دروستبووە. پاساو هێناوەی یاسایش بۆ دۆزی کۆبانێ درێژەدانە بە فرت و فێڵەکانی دەسەڵاتداری تورکیا بۆ ڕزگاربوون لەو قەیرانەی کە تێیدا دەژی. بۆیە باشترین چارەسەر بۆ تورکیا، بریتییە لە چارەسەری سیاسی. مێژوو ئەوەی دەرخستووە کورد لەناو ناچێت، بە مێژووی دەوڵەتی تورک هەمیشە لە قڕکردنی گەلی کورددا بووە، بەڵام دەبینین دۆزی ڕەوای کورد نەک لە ناو نەچووە بەڵکو بەرەوپێشیش چووە. بۆیە چارەسەری کێشەی کورد بە کۆتایههێنان بە سیاسەتی گۆشەگیری و گیراوانی دۆزی کۆبانێ چارەسەردەبێت، چارەسەری ئاشتیانە و ئازادکردنی جەستەیی بەڕێز ئۆجالان کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانە."