کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-ک.ن.ک لە بەرواری ٥ی کانونی یەکەمدا بە رێگای ئۆنلاین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز کرد. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی کوردستان و جیهان کرا و ئەنجامنامەی کۆبوونەوەکەش ئاشکرا کرا.
ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی ک.ن.ک بەم شێوەیەیە:
"کۆنسەی بەڕیوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، رۆژی شەممە رێکەوتنی ٥ی کانونی یەکەم، بە ئۆنلاین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز کرد. لە کۆبوونەوەدا بە بەرفراوانی وتووێژ لەسەر دوا رووداو و گۆڕانکارییەکان، بارودۆخی کوردستان و جیهان کرا. دواتر کار و خەباتی پێشووتر هەڵسەنگێندران. بە تایبەتیش لەسەر گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان هێزە کوردستانییەکان هەڵوەستەی کرد. کارو چالاکییەکانی ک.ن.ک بۆ پەرەپێدانی دیالۆگی ناوخۆیی نرخێندران و بە ئەرێنی لە قەڵەم دران. لە دوا تەوەریشدا پلان بۆ کارو خەباتی وەرزی داهاتوو داڕێژرا.
کوردستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان روو بە گۆڕانکارییە. لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرژی و ئاڵۆزی و قەیرانێکی زۆر هەن. کوردستانیش وەک هەر وڵاتێکی دیکەی هەرێمەکە بەناو ئەو شەڕ و ئاڵۆزیی و قەیرانانەدا تێپەڕئەبێت. تا رادەیەک ئەتوانین بڵێن کێشە و قەیرانەکانی کوردستان لە هی زۆر ولات زیاتر و سەختترن. ئەم دۆخە هەم مەترسیدارەو لە هەمان کاتیشا دەرفەتخوڵقێنە. هەربۆیە پێویستە کوردان بە وردی و هەستیاریی هەنگاو بنێن.
لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەمدا بە جوڵەپێکردنی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەو ناوچانەی هێزەکانی گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستانی تیایدا جێگیرن، گرژی و ئاڵۆزیی درووست بوون. ئەو دۆخە بۆ کوردستانیان و بۆ کۆبوونەوەی ئێمەش بوو بە رۆژەڤێکی سەرەکیی. ئەو بابەتە نەک هەر تەنیا بابەتی سەرەکیی کۆبوونەوە بوو، بەڵکو تا ئێستاش رۆژەڤی سەرەکیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و هەموو گەلی کوردستانیشە. ك ن ك هەر لە رۆژی یەکەمی گرژییەکانەوە بە هەستیاری لەسەر دۆخەکە هەڵوەستەی کردووە و هەوڵی داوە پەرە بە دیالۆگی ناوخۆیی بدات. بۆ ئەو مەبەستە شاندی رێکخستووە و سەردانی هەموو لایەنە کوردستانییەکانی کردووە، لە هەموو پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات لە کارو چالاکیدا بووە. لەگەڵ یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستان کۆنفرانسێکی بەرفراوانی بەڕێوەبرد و لە سەرانسەری کوردستاندا پێشوازی لە کۆنفرانسەکە لێکرا. ئەو هاوکارییە لەگەڵ یەکێتی پەرلەمانتاران هەر بەردەوامە. لە کۆبوونەوەدا بڕیار درا لە ئێستادا هەوڵدان بۆ نەهێشتنی گرژییەکان و پەرەپێدانی دیالۆگ ببێتە کاری سەرەکیی كۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و بێ پسانەوە درێژەی پێبدرێت.
ئێمە وەک ك ن ك ئەو دۆخە وەک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر دەستکەوتەکانی کوردستان ئەبینین. چونکە ئەو دۆخە تەنیا خزمەت بە ئامانجەکانی دوژمنانمان ئەکات. ئێمە وەک گەل و نەتەوە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ ئەبین. لە هەموو کاتێکدا و بە تایبەتیش لە ساتێکی وا هەستیاردا، پێویستە هەموو کێشە ناوخۆییەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن. شەڕی ناوخۆیی بۆ ئێمە هێڵی سوورە. نابێ هیچ هێزێکی کوردستانی ئەو هێڵە ببەزێنێت.
ئێمە لە تێکۆشانی خۆمان بۆ دیالۆگی ناوخۆیی بەردەوام دەبین. بە بڕوای ئێمە ئەگەر سەرۆک و رێبەری هێزە کوردستانییەکان لە دیالۆگدا بن لەگەڵ یەکتر، ئەو دۆخە چارەسەر دەبێت. ئێمە داوا لە هەموو رێبەر و سەرۆکە کوردەکان ئەکەین کۆببنەوەو ئەم دۆخە بە دیالۆگ چارەسەر بکەن. ئێمە وەک ك ن ك بۆ ئەو مەبەستە هەوڵی جدیی ئەدەین.
لە تێکۆشاندا بۆ پەرەپێدانی دیالۆگی ناوخۆیی داوای هاوکاریی لە رۆشنبیران و ئەکادیمیکاران، کەسایەتی سیاسی و هونەرمەند و هەموو گەلی کوردستان ئەکەین. هەروەها لەو بوارەدا رۆڵیکی گەورە ئەکەوێتە سەرشانی میدیاکار و دەزگاکانی راگەیاندن. ئێمە داوا لە هەموو میدیاکار و دەزگا راگەیاندنەکانی کوردستان ئەکەین پشتگیریی ئەم هەوڵە بکەن.
لە بەردەوامی وتووێژەکاندا لەسەر هەموو پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی ولات هەڵوەستە کراو بارو دۆخەکە بە بەرفراوانی هەڵسەنگێندرا.
لە باکوری کوردستان شەڕ و تێکۆشانی مان و نەمان بەردەوامە. دەولەتی تورکیا بە هەموو توانای خۆیەوە هێرش دەکاتە سەر گەلی کوردستان و دەستکەوتەکانی. ئەو دەولەتە نەک هەر لە باکور، لە باشورو رۆژاوای کوردستانیش درێژە بە هێرشەکانی دەدات. لە ئێستادا دەولەتی تورکیا دوژمنی سەرەکیی خەڵکی کوردستانە. لە دژی گەلی کوردستان، رێکخەری دوژمن و داگیرکەرانی تری کوردستانیشە و هەماهەنگیان ئەکات. لەبەرامبەر هێرشەکانی دەولەتی تورکیادا، بەرخۆدەرانی گەل و خەباتکارانی شۆڕش بە هەموو شێوازێک و لە هەموو شوێنێک لە تیکۆشانێکی دەستەویەخەدا بەردەوامن. تەنیا یەک رێگا لەبەردەمی ئێمەدا هەیە، ئەویش بەهێزکردنی بەرخۆدان و بەرخۆدەرانە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژێرپێخستنی مافی مرۆڤ، لە سێدارەدانی زیندانیان سیاسی، گوشار و هێرشی دەوڵەتی ئێران لەسەر گەلی کوردستان بەردەوامە. لە رێگای سیاسەتی ئابورییەوە، هەمیشە رژێمی ئێران رۆژهەڵاتی کوردستانی لە دۆخێکی ئابوریی سەخت و دژواردا هێشتۆتەوە. ئەو بارودۆخە رۆژ لە دوای رۆژ لە خراپتربووندایە. لە ئەنجامی ئەو سیاسەتی برسیکردنەوەدا کێشەی کۆمەڵایەتیی، کۆچکردن و پەنابردن بۆ کاری تاقەت پڕوکێن و ترسناکی وەک کۆڵبەریی، درێژەی هەیە. رژێمی ئێران بە ناوی پاراستنی سنوورەوە رۆژانە کۆڵبەری کورد ئەکوژێت. بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ٧٢ کۆڵبەر کوژراون و ١٦٤ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون. ئەم ژمارەیەش بەردەوام لە زیادبووندایە و وەک کۆمەڵكوژیی دێتە ئەژمار. ئەو کەسانەش لە بەر ئەوەی کوردن ئەکوژرێن.
لە کۆبوونەوەدا بە بەرفراوانیی لەسەر بارودۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان وتووێژ کرا. بەشێک لە پلانرێژیی کۆبوونەوەش لەسەر ئەو دۆخە بوو. هەر لەو چوارچێوەیەدا بڕیاردار کۆنفرانسێک لەسەر دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان رێکبخرێت، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمیتەیەک درووستکرا.
لە رۆژئاوای کوردستانیش دۆخەکە هەستیارە. شەڕ و هێرشی دەوڵەتی تورکیا و هاوکارەکانی بەردەوامن. تورکیا هەمیشە بەدوای دەرفەتدا ئەگەڕێت هەتا هێرشەکانی فراوانتر بکات و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان لە رۆژئاوادا لەناو ببات. ئەو مەترسییە هەمیشە لە ئارادایە. لە لایەکی تریشەوە رژێمی سوریا ناچێتە سەر مێزی دیالۆگ و هەڕەشە لە بەڕیوەبەرێتی خۆسەری باکورو رۆژهەڵاتی سوریا ئەکات. سەرەرای پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانیش، تا ئێستا دەستکەوتەکانی رۆژئاوا لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، دەزگا نێونەتەوەییەکان و زلهێزەکانەوە بە فەرمی قبوڵ نەکراوە. پێویستە لە هەموو روویەکەوە بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر بەهێزتر بکرێت. لە هەمانکاتدا پێویستە دیپۆلۆماسییەکی بەهێز بەڕیوەبچێت و هەوڵی بە فەرمیکردنی قەوارەی خۆسەر بدرێت. ئەو کارە ئەرکێکی سەرەکیی پلانسازیی داهاتوومانە.
باشووری کوردستان هەرێمێکی ئازادکراو و خاوەن قەوارەیەکی فیدراڵییە. ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان. هەرچۆنێک بێت پێویستە ئەم دەستکەوتە بپارێزرێت و پێشبکەوێت. بەڵام ئێستا باشووری کورستان لە ناو کێشەو قەیرانی گەورەدایە. بەتایبەتیش دوای پڕۆسەی ریفراندۆم بەشێکی زۆری کوردستان کە بە ناوچە دابڕاوەکان ( ناوچەکانی مادەی ١٤٠ ) ناسراوە کەوتەوە دەست دەسەلاتی ناوەندیی عێراق، کێشە و قەیرانەکان لە رووی سیاسی، ئابووری، کۆمەلایەتی و دیپلۆماسییەوە قووڵتر بوونەوە.
پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق ئاسایی نین. کێشەی نەوت و بودجە و بژێوی خەڵک چارەسەر نەکراون. کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان ئاڵۆزتر بووەو دۆخی خەڵکی کوردستان لەو ناوچانە خراپە. هێرش و پەلامار لە زۆر شوێن بەردەوامە. ماڵ و مڵکی خەڵک داگیر ئەکرێن و ئاوارە ئەبن. ئەو ناوچانە بە گشتی لە ژێر مەترسی بە عەرەبکردندان. کێشە تەنیا لەگەڵ حکومەتی عێراقیش نییە. هێرش و گوشاری و تورکیا و ئێرانیش لە سەر باشوور رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە و زیانێکی زۆری گیانی و ماڵی بە گەلی باشوور گەیاندووە.
لەو کاتانەدا کە ئێمە لە کۆبوونەوەدا بووین، بە هۆی کێشە ئابوورییەکان و نەبوونی موچە و بژێوییەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە باشوور تەقینەوە و خۆپیشاندانی خەڵک دەستی پێکرد. دۆخێکی مەترسیدار هەیە. بەداخەوە لە هەندێك شوێن توندوتیژیی لێکەوتەوە. کار گەیشتە گیانلەدەستدان و بریندابوونی هاوولاتیان. خۆپیشاندان و داخوازیی ماف و دادپەروەریی، خواستی سەرەتایی و دیموکراتیکی خەڵکن. پێویستە داخوازییەکانی خەڵک بە شێوازێکی دیموکراتی وەڵام بدرێنەوە. لەو بارەیەوە داوا لە حکومەتی هەرێم ئەکەین بەدەنگ داخوازییەکانی خەڵکەوە بچێت، بە شێوازێکی شارستانیانە وەلام بە داخوازییەکانی خەڵک بداتەوە نەک بە توندوتیژی و زەبری چەک. هاوکات داوا لە خەڵک دەکەین خۆیان لە توندوتیژیی و کاری تێکدەرانە بپارێزن. ئێمە پشتگیریی داخوازییەکانی خەڵک بۆ بژێوی و ئازادی و دیموکراسی و ژیانێکی شایستە دەکەین.
لە باشووری کوردستان گوشارێکی زۆر لە سەر رۆژنامەوان و میدیاکاران، رۆشنبیر و پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ هەیە. تەنانەت هەندێک لەوانە دەستگیرکراون و رووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەوە. ئەم دۆخە بەهیچ جۆرێک مایەی قبوڵکردن نییە. لەو بارەیەوە داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین دەست لە پەیڕوەکردنی سیاسەتی ترساندن بەردەن ، زیندانییەکان ئازاد بکەن و ئازادیی رادەربڕین سەرکوت نەکەن.
کێشەی شەنگاڵ هەر دێ و قووڵتر دەبێت. بێ ئەوەی لە خەڵکی شەنگاڵ بپرسن، رێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا ئیمزا ئەکرێت. نوێنەرانی خەڵکی شەنگاڵ ئەو رێککەوتنە قبوڵ ناکەن و هەڵوێست ئەگرن. ئەمەش مافێکی ئەوانە، چونکە پرسیان پێ نەکراوەو ئیرادەیان پشتگوێ خراوە. شەنگاڵ بە پێکهاتە تایبەتییەکەیەوە بەشێکە لە کوردستان. هەر لەبەر ئەو تایبەتمەندییەش سەدان ساڵە ئامانجی هێرشی جۆراوجۆرە. دوایین جاریش پەلامارەکانی داعش بوو بۆ سەر شەنگاڵ کە برینی قووڵی کردە جەستەی خەڵکی شەنگاڵ و ناوچەکەوە. پێویستە بۆ شەنگاڵ، خەڵکی شەنگاڵ و کێشەی شەنگاڵ، رێوشوێن و شێوازی تایبەتی چارەسەیی هەبێت. پێویستە لەهەر هەوڵدانێکی چارەسەریدا ویست و ئیرادەی خەڵکی شەنگاڵ بە بنەما بگیرێت."
کۆبوونەوە دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی کوردستان و هەڵسانگاندنی کار و خەباتی پێشوو، بەرنامە و پلانی بۆ کارو چالاکییەکانی داهاتوو داڕشت.
ز.ش