ئەنجامنامەی وۆرکشۆپی ژنانی مەخمور بۆ ئازادی ڕێبەری گەلی کورد خرایەڕوو

وۆرک شۆپی تەڤگەری ژنانی گەنج و ئەکادیمیای شەهید ژیان لە مەخمور بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە دووەم ڕۆژدا بە خستنەڕووی ئەنجامنامەیەک کۆتایی هات.

بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی گەنج و ئەکادیمیای شەهید ژیان لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور بە درووشمی " بە ڕۆحێتی سارا و بیشەنگەکانەوە، خواوەندی سەردەمی گۆشەگیری دەشکێنین و ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین" وۆرک شۆپێک بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکخرا، وۆرک شۆپەکە لە دووەمین ڕۆژدا بە خوێندنەوەی ئەنجامنامەیەک کۆتایی هات.

دووەم ڕۆژی وۆرک شۆپەکە بە بەشداری دەیان ژنی تێکۆشەر و خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێ کرد، لە درێژەدا تیشكخرایەسەر گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ژیان و تێکۆشان و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دووپاتکرایەوە پێویستە لەپێناو ئازادی جەستەیی وی، تێکۆشان مەزنتر بکرێت.

لەکۆتایی وۆرک شۆپەکەدا درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە و ئەنجامنامەی وۆرک شۆپەکە خرایەڕوو.

ژنان لە ئەنجامنامەی وۆرک شۆپەکەیان دەڵێن: "وەک ژنان و ژنانی گەنج، باسکردنی ئاستی خەباتی ئازادیخوازانەی ژنان، ئاستی تێگەیشتنمان لە ڕاستی ڕێبەر ئاپۆ و دەستکەوتەکانمان لە پارادایمی دیموکراسی لەم وۆرکشۆپەدا، مۆڕاڵ و ورە و باوەڕبەخۆبوونێکی گەورەی خوڵقاند، هاوبەشکردنی پرسیارەکانمان و دۆزینەوەی چارەسەرێک لە ناو تێز و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا هەڵوێستێکی نوێی لە ئێمەدا درووستکرد، بەو جۆش و خرۆشەوە کە لە وۆرکشۆپەکەدا بەدەستمان هێنا، تێکۆشانی ئازادیمان دەبەینە بەرزترین ئاست و داوای ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکەین".