ئەنجومەنی تەندروستی کەجەدە: لەبەرامبەر گۆشەگیریدا پەرە بە تێکۆشان دەدەین
ئەنجومەنی تەندروستی کەجەدە لەبەرامبەر گۆشەگیری لە ئیمڕاڵی و ئەو ئەشکەنجەیەی لە هەموو گرتووخانەکان پەیڕەو دەکرێت، داوای فراوانکردن و گوڕدان بە تێکۆشانی کرد.
ئەنجومەنی تەندروستی کەجەدە لەبەرامبەر گۆشەگیری لە ئیمڕاڵی و ئەو ئەشکەنجەیەی لە هەموو گرتووخانەکان پەیڕەو دەکرێت، داوای فراوانکردن و گوڕدان بە تێکۆشانی کرد.
ئەنجومەنی تەندروستی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک (کەجەدە) لەبارەی گۆشەگیری دژواری سەر رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دۆخی زیندانیانی نەخۆش راگەیەنراوێکی نووسراوی بڵاکردەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەم بابەتانە کراوە:
ئەو گۆشەگیرییەی لە ئیمڕاڵی دەستی پێکرد لە هەموو زیندانەکاندا بەردەوامە بە پاساوی پەتای کۆرۆنا زیاتر و دژوارتر بووە و گۆڕاوە بۆ سزادانی سیستماتیک و ئەسکەنجە. لە سەرتاسەی جیهان لەگەڵ پەتاکەدا بە مەبەستی پاراستنی تەندروستی تاک و کۆمەڵگاکان هەستیاری و سەفەربەری هاتەئاراوە، بەڵام کاربەدەستانی حکومەت لە تورکیا ئەوەیان بۆ زیاتر کردنی گوشار لەسەر زیندانیانی سیاسی وەک بیانوویەک بەکارهێنا.
لە قۆناغی پەتاکەدا دیدارەکان هەڵوەشانەوە، پشکنین بە کەلەپچە و کەرەنتینە، لە بواری گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە و چارەسەریدا کێشەی هێنایە ئاراوە. ئەو زیندانیە نەخۆشانەی تووشی کۆرۆنا بوون، هێشتاش ناتوانن ئەو شتانەی کە پێویستیانە بیخۆن، رەچاوی مەودا ناکرێت و کاتێک کە زیندانیەکەش لەو بارەوە ئاگاداریان دەکاتەوە یان ناڕەزایەتی دەردەبڕێت لێپرسینەوە لەگەڵ زیندانیەکەدا دەکرێت. زیندانیان ناچارن دەمامک بەکاربهێنن، بەڵام پاسەوانەکانی زیندان بە بێ دەمامکن و رەچاوی رێکارەکان ناکەن و تەندروستی زیندانیان دەخەنە مەترسیەوە. دیدار لەگەڵ بنەماڵەکان و نامەناردن ئاستەنگ دەکرێت و دەیانەوێت پەیوەندی زیندانیان لەگەڵ دەرەوە بپچڕێنن. لەهەمنا کاتدا نووسراوەکان بۆ دامەزراوە تایبەتەکان و داواکاری نامەکان رەوانە ناکرێن، مافی وەرزش و گفتوگۆ بەکارناهێنرێت، مافی هەناسەوەرگرتن و پشوو ئاستەنگ دەکرێت، لە کافتریا و خواردنگەکانی زیندانەکان نرخەکان گران بوون و فرۆشتنی هەندێک پێداویستیش قەدەغەکراوە.
هەموو رۆژێک هەواڵی ئەشکەنجە بڵاودەبێتەوە
مامەڵەی خراپ زیاتر بووە و لەگەڵیدا هەواڵی مردن بڵاودەبێتەوە. بەتایبەتی بەرامبەر منداڵان و ژنان ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ زیاتر بووە. لەهەمان کاتدا توانای لەخۆگرتنی زیندانەکانیش پڕ بووە و لەبەر ئەوەس لە رووی تەندروستی، هەناسەدان، پاکوخاوێنی و پەیوەندیدا گوشارێکی گەورە بۆ سەر زیندانیان دروست بووە. لە چوونەناو زیندانەکانیش پشکنین بە رووتی، ژووری داخراو و پڕ توندوتیژی لەو شوێنانەی کامێرا نایانبینێت و توندوتیژی لە کاتی دیدار لەگەڵ بنەماڵەکان و پارێزەران و رەوانەکردن بۆ نەخۆشخانە گوشار و توندوتیژی بەکاردەهێنرێن.
لانیکەم دوو هەزار زیندانی نەخۆش کە ٦٠٠ کەسیان نەخۆشی قورسیان لەگەڵدایە هەن. تەمەنی ٥ هەزار زیندانی لە سەرووی ٦٥ ساڵەوەیە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا ٦٤ و لە شەش ساڵی رابردووشدا ١٠٣ زیندانی لە گرتووخانەکان گیانیان لەدەستداوە. سەرباری ئەوەی زیندانیانی نەخۆشی راپۆرتی 'ناتوانن لە زینداندا بمێننەوە' وەردەگرن، بەڵام دەزگای پزیشکی داد بە بڕیاری سیاسی و لە دژی زانست، پزیشکی و یاسا رێگە نادات کە زیندانیانی نەخۆش ئازاد بکرێن.
ئێمە داوا لەگەلەکەمان دەکەین کە هاوپشتیان لەگەڵ زیدانیانی سیاسی زیاتر بکەن و لەبەرامبەر گۆشەگیری رێکخستنی خۆمان بەهێزتر بکەین. ئێمە جارێکی تر هۆشداری دەدەینە دەسەڵات و داوا دەکەین، زیندانیانی نەخۆش و بەتەمەن لە پێشەوە و سەرجەم زیندانیانی سیاسی ئازاد بکرێن. پێویستە ئەسکەنجە و گۆشەگیری لەسەر تەواوی زیندانیانی سیاسی هەڵبگیرێت.
هـ . ب