یەنەکە لاهور شێخ جەنگی لە ریزەکانی دوورخستەوە

مەكتەبی سیاسیی یەنەكە بەكۆی دەنگ بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەنەكەی پەسەندكرد، كە تایبەتبوون بە دوورخستنەوەی لاهور شێخ جەنگی و سێ ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە.

ماڵپەڕی PUKMEDIA زمانحاڵی فەرمی یەنەكە ڕایگەیاند، مه‌كته‌بی سیاسی یەكێتی به‌كۆی ده‌نگ بڕ‌یاره‌كانی بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی، په‌سه‌ند كرد، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ده‌ركردنی هه‌ریه‌ك له‌ ( لاهور جه‌نگی بورهان، ژینۆ محه‌مه‌د، شادمان مه‌لا حه‌سه‌ن، ئاڵا ته‌حسین حبیب ) و هه‌ڵپه‌ساردنی ( ئاراس جه‌نگی بورهان ) بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ،.

لە هەواڵەكەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، بڕ‌یاره‌كان په‌سه‌ند كران دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی تانه‌لێدان و سه‌رجه‌م رێكاره‌ په‌یڕ‌ه‌وییه‌كان و بڕ‌یاره‌كان حكومی كۆتاییان وه‌رگرت به‌پێی په‌یڕ‌ه‌وی ناوخۆی (ی.ن.ك).

پەسەندكردنی بڕیارەكانی بافڵ تاڵەبانی لەكاتێكدایە، دوینێ لاهور شێخ جەنگی، لەنامەکەیدا رایگەیاند، ئێستا ڕیزەکانی یەکێتی لەبەردەم لێکترازاندایە، بۆیە لەپێناو پاراستنی کەرامەتی یەکێتیدا هەموو ئەو دەسەڵاتانەی کە خۆی پێشتر ڕادەستی بافڵ تاڵەبانی کردووە وەریان دەگرێتەوە و بەکاریاندەهێنێتەوە، هاوکات پابەندی هیچ کام لەو بڕیارانە نابێت کە بەرامبەر خۆی هەفاڵەکانی دەرکراون.

ف.ق