"ئەوانەی بەناوی پێشمەرگەوە پێشڕەوی بۆ سوپای تورکیا دەکەن، جاشن نەک پێشمەرگە"

پێشمەرگەیەکی دێرین دەڵێت: "دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەهاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان(پەدەکە) هەوڵی لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدات".

عومەر حاجی حوسێن پێشمەرگەی دێرین و سیاسەتمدار و کەسایەتی وڵاتپارێزی شاری کەرکوک، دەربارەی هێرش و لەشکرکێشیەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر خاکی باشوری کوردستان بە هاوکاری پێشڕەوەی هێزەکانی(پەدەکە)، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دوا.

بەپێشەنگایەتی عەقڵییەتی خێڵایەتی و خیانەتکاری کورد داگیرکاری بەڕێوەدەچێت

عومەر حاجی حوسێن پێشمەرگەی دێرین و کەسایەتی وڵاتپارێزی شاری کەرکوک، بەم شێوەیە باسی لە ئامانجی پشت هێرشەکانی تورکیا و مەرترسییەکان کرد: " ئێمەی پێشمەرگە دێرینەکان وەکو کەسانی وڵاتپارێز و کەسانێک کە ماوەی ٤٧ساڵ لەخەبات و تێکۆشان وەکو پێشمەرگەیەک بەردەوام بووم، ئەو هێرشەی ئیستای دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان دەتوانین لە سێ ئامانجی سەرەکیدا پێناسەی بۆ بکەین.

کە ئامانجێکیان ئەوەیە کە ئەم هێرشەی تورکیا بە پێشەنگایەتی عەقڵییەتی خێڵایەتی و هێزی خیانەتکاری کورد بەڕێوەدەچێت، جارێکی دیکە کورد لە مەترسیدایە و دەوڵەتی تورک و حکومەتی عیراق لەئامادەکارین بۆ لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان".

تورکیا بەهاوکاری (پەدەکە) هەوڵی لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدات

سەبارەت بە هاوکاریکردنی تورکیا لایەن (پەدەکە)وە، ئەو پێشمەرگە دێرینە وتی: " لەگەڵ جموجۆڵ و هێرشەکانی تورکیادا حکومەتی عیراق هەوڵدەدات قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو ببات کە ئەو هەرێمە بەرهەمی ڕەنجی دەیان هەزار شەهیدە، بەڵام هیچ وڵاتێکی هەرێمی و جیهانی ناتوانێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناوببات تەنها کورد دەتوانێت لەناوخۆدا هەرێمی کوردستان لەناوببات بۆ ئەم مەبەستەش تورکیا بەهاوکاری (پەدەکە) هەوڵی تێکدان و لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدات".

پەکەکە ئاستەنگە لەبەردەم پرۆژەی داگیرکاری عوسمانی نوێ

هەروەها سەبارەت بەڕۆڵی پەکەکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاری، ئەو پێشمەرگە دێرینە وتی: "دەوڵەتی تورکیا کە لەئیستادا ڕۆڵی دەوڵەتی عوسمانی نوێ دەبینێت هەوڵدەدات ناوچەکانی ژێر هەژموونی خۆی فراوان بکات لەناوچەکە و خاکی زیاتر داگیر بکات، بەربەستیش لەبەردەم ئەم پلانە بزوتنەوەی ئازادی گەلی کوردە بە سەرکردایەتی پەکەکە، کە بزوتنەوەی ئازادیخوازی پەکەکە توانیویەتی لەچوارچێوەی مۆدێلێکی دیموکراتی پێکەوەژیانی گەلان خەبات لەپێناو ئازادی خەڵکی کوردستان دەکات، کە ئەمەش بۆتە هۆی ئاستەنگی لەبەردەم پرۆژەی عوسمانی نوێ".

پێویستە دژی هێڵی خیانەت بوەستینەوە

هەروەها دەربارەی ئامانجێکی دیکەی هێرشەکەی تورکیا عومەر حاجی حوسێن ئاشکرای کرد: "ئەوەی ئێمە وەکو پێشمەرگەی دێرین ڕەخنەی دەکەین، عەقڵیەتی پارتی سیاسی باشوری کوردستانە و بانگەواز دەکەم بۆ تەواوی ئەو هاوسەنگەرانەی کە ساڵانێکی زۆر لەناو تێکۆشانێکی سەخت بووین دژ بە رژێمی دڕندە کە رژێمی بەعس بوو، پێویستە لەسەر پێشمەرگە دێرینەکان پشتیوانی هاوسەنگەرەکانمان بین لە پەکەکە و پێویستە دژی هێلێ خیانەت بین و تا جارێکی دیکە پرۆسەیەکی وەکو ئەنفال دەرباز بکەین کە تائیستا پرۆسەی ئەنفالمان دەربازنەکردووە".

زەنگێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی کوردی وڵاتپارێز

هەروەها ناوبراو ئەوەی خستەڕوو: "لەکاتێکدا کە دەوڵەتی داگیرکەری فاشتی تورک هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراقیش هێرش دەکاتە سەر گەلی ئێمەی ئێزدی لە شەنگال، هەروەها حکومەتی سوریاش هێرشی دەستپێکردووە دژی کوردان، هەموو ئەمانە زەنگێکە بۆ هۆشیارکردنەوەی کوردی وڵاتپارێز، تەنها ڕێگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن و داگیرکەران یەکریزی گەلی کوردە".

ئەو هێزانەی پێشڕەوەی لەشکری تورکیا دەکەن جاشن

لە کۆتایدا عومەر حاجی حوسێن پێشمەرگەی دێرین و کەسایەتی وڵاتپارێزی باشوری کوردستان، دەربارەی پێشەنگایەتیکردنی تورکیا لەلایەن پێشمەرگەکانی سەر بەپارتی دیموکراتی کوردستان، وتی: " ئەوانەی ئەمڕۆ بەناوی پێشمەرگەوە پێشڕەوی لەشکری تورکیا دەکەن، وەکو پێشمەرگە نایبینین بەڵکو پێشمەرگە ئەوانەن کە ڕووبەڕووی داگیرکەران بوون لە عیراق و تورکیا و ئێران، نەک ئەوانەی کە ئیستا هاوکاری داگیرکەران دەکەن، ئەوانەی بەناوی پێشمەرگەوە لە بەرەی دوژمن بێت تەنها ووشە بۆ پێناسە کردنیان (جاشە}" .

ف.ق