'ئەوەی لە شەنگال دەکرێت پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە'
شاندێکی کەنەکە سەردانی شەنگالی کرد و پشتگیری خۆی بۆ بەڕێوەبەری شەنگال دەربڕی و وتی، " تاوەکو کۆتایی لە پاراستنی باوەڕی و بەهاکانی کۆمەڵگەی ئێزدی پشتگیری ئێوە دەکەین."
شاندێکی کەنەکە سەردانی شەنگالی کرد و پشتگیری خۆی بۆ بەڕێوەبەری شەنگال دەربڕی و وتی، " تاوەکو کۆتایی لە پاراستنی باوەڕی و بەهاکانی کۆمەڵگەی ئێزدی پشتگیری ئێوە دەکەین."
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) بۆ پشتگیریکردن لە کۆمەڵگەی ئێزدی، سەردانی شەنگالی کرد. لە سەردانەکەدا شاندەکە چووە لای زۆر دەزگا و ئەنجومەنی سەر بە بەڕێوەبەری خۆسەر شەنگال. لەبارەی هەڵوێستی کەنەکە، ریحان حەسەن هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری شەنگال قسەی کرد.
'وەک کۆمەڵگەی ئێزدی هیچ کاتێک سەرمان دانانەوێنین'
ریحان حەسەن رایگەیاند، ئەوان بەم پشتگیریانە هێز و مۆڕالی تێکۆشان وەردەگرن و وتی، " ئێمە سەردانی کەنەکە زۆر واتادار دەبینین. بە تایبەتی دوای دوایین هێرش بۆ سەر شەنگال بە سەردانیان پشتگیریان لە ئێمە کرد و مۆڕالێکی گەورەیان بە ئێمە بەخشی. ئێمە وەک کۆمەڵگەی ئێزدی هیچ کاتێک سەرمان دانانەوێنین و هەموو کاتێک وڵامی دوژمنەکانمان دەدەینەوە. بانگەوازیمان بۆ هەموو رێکخراوەکانی مرۆڤی و دیموکراسی ئەوەیە کە پشتگیری لە کۆمەڵگاکەمان بکەن."
'پێویستە کۆمەڵگەی ئێزدی خۆی خۆی بەڕێوە ببات'
زەینەب موراد هاوسەرۆکی کەنەکەش قسەی کرد و رایگەیاند کە پلانەکانی سەر شەنگال، پلانی سەر لانکەی مرۆڤایەتیە و وتی، " ئێمە وەک شاندی کەنەکە بە شانازی و سەربەرزیەوە هاتووین و سەردانی شەنگالمان کردووە. لە دۆخی شەنگالمان کۆڵیەوە. پشتگیری خۆمان بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی پیشاندا بە تایبەتی ئێمە پشتگیری خۆمان بۆ سیستمی بەڕێوەبەری شەنگال پیشاندا و رامانگەیاند کە پێویستە کۆمەڵگەی ئێزدی خۆی خۆی بەڕێوە ببات. بەهۆی ئەوەی هەزاران ساڵە لەدژی کۆمەڵگای ئێزدیمان پلانی قێزەون هەیە. هێزە دەرەکیەکان، حکومەتی عێراق و پەدەکە بەرپرسیاری ئەو پلانانەن. ئەوەی لە شەنگال ئەنجام دەدرێت، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە."
' پێویستە حکومەتی عێراق ڕێز لە مافەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی بگرێت'
فەیاز فوئاد ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە شاری کەرکوکیش کە ئەندامی شاندەکە بوو وتی، پاراستنی کۆمەڵگەی ئێزدی لە فەرمانەکان بە تەنها بە خۆبەڕێوەبەری دەبێت و بەم شێوەیە بەردەوامی بە قسەکانیدا، " سەردانی ئێزیدخانمان کرد. ویستمان دۆخی هەرێمەکە بزانین. وەک ئەندامی کەنەکە یەکەمین سەردان نییە و کۆتاییش نابێت. ئێمە راپۆرتێک لەبارەی دۆخی هەرێمەکە ئامادە دەکەین. جارێکی دیکەش سەردان دەکەینەوە. پشتگیری خۆمان بۆ بەڕێوەبەری خۆسەری شەنگال دەردەبڕین. بە داخەوە ئەم کۆمەڵگا ڕەسەنە رووبەرووی ئەم هەموو زوڵمە بووەتەوە. پێویستە حکومەتی عێراق ڕێز لە مافەکانی کۆمەڵگەی ئیزدی بگرێت، پێویستە وەزیرێکیان لەنێو حکومەتدا هەبێت، مافیان بپارێزێت و ببێتە دەنگی ئێزیدخان. گەنجان، ژنان، پیر و هەموو کەسێک بۆ ئەم خاکە گیانیان بەخت دەکەن. ئەوەش مافێکی ئەم کۆمەڵگایەیە کە خۆی بپارێزێت و دەبێت دانی پێدابنرێت."
ف.ق