ژنانی ئێزدی و عەرەب لە شەنگال پیلانگێڕیان شەرمەزارکرد

لە چوارچێوەی شەرمەزاریەکانی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات، ژنانی شەنگال ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ڕێکخست. ژنان وتیان کە تا ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەردەوام دەبن لە تێکۆشان.

سەدان ژنی ئێزدی و عەرەب بە دروشمی "بە بەرخۆدانی ژنان ڕێبەرایەتی ئازاد دەکەین" لە دژی پیلانگێڕیی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێپێوانیان ئەنجامدا. ژنان جەختیان لەوە کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ژیانێکی بێ ڕێبەرایەتی قبوڵ ناکەن و ڕایانگەیاند، کە بەردەوام دەبن لە تێکۆشان بۆ ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

کۆمەڵگای ئێزدی کە لە کاتی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ەوە خۆی لەسەر فکر و بۆچوونەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکخستووە، بۆ ئازادکردنی ڕێبەرەکەی هەڵوێست وەردەگرێت. هەموو ساڵێک بە نزیکبوونەوەی ١٥ی شوبات، ڕۆژی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی سەر ڕێبەر ئۆجالان، بە پێشەنگایەتی ژنانی ئێزدی لە شەنگال، چالاکی ئەنجامدەدرێت.

ئەمساڵ بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی زنجیرەیەک چالاکی بۆ ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەنگالی دەستپێدەکەن.

ئەمڕۆ لە شەنگال ڕێپێوانێکی جەماوەری بە بەشداری ژنانی ئێزدی و عەرەب بە دروشمی "ئێمە ڕێبەرایەتی بە بەرخۆدانی ژنان ئازاد دەکەین" ڕێکخرا. لە ڕێپێوانەکەدا پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار کرا و داوای ئازادکردنی ئۆجالانیان کرد.

ڕێپێوانەکە بە سەرۆکایەتی تاژێ لە سەیتەرەی شەهید گەنجۆی هێزەکانی ئاسایشی ئێزیدخانەوە دەستیپێکرد، کە دەکەوێتە دۆڵی کەرسێ. لە ڕێپێوانەکەدا ئاڵای ڕێکخراوەکانی ژنان لە شەنگال و پۆستەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەرزکرانەوە.

هەروەها لە ڕێپێوانەکەدا دروشمەکانی "بێ سەرۆک ژیان نابێت، کەس ناتوانێت ڕۆژی ئێمە تاریک بکات" وترانەوە.

ڕێپێوانەکە بەردەوام بوو تاوەکو باخچەی سەرۆک ئاپۆ لە دۆڵی کەرس. ژنان لەوێ کۆبوونەوە و لە بەیاننامەیەکدا داوای ئازادکردنی ئۆجالانیان کرد.

راگەیەنراوی تاژێ لەلایەن سحام شەنگالیەوە خوێندرایەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کرا و باسی ئەوەکرا: "لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ەوە هەتا ئەمڕۆ ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵی لەژێر گۆشەگیرییەکی سەختدایە. لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ پیلانگێڕی جۆراوجۆر لەدژی گەلەکەمان بەردەوامە و کۆتایی بەو پیلانگێڕییە نەهاتووە. ١٥ شوبات ڕۆژی ڕەشە بۆ گەلی کورد و هەموو مرۆڤایەتی. ڕێبەر ئاپۆ بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی دەستگیرکرا و ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرا.

دەیانویست شۆڕش و تێکۆشانی ئازادی تەسفیە بکەن لە کەسایەتی ڕێبەری ئاپۆدا. بەڵام بەپێچەوانەشەوە گەل بە خاوەنداریکردن لە ڕێبەرەکەیان و تێکۆشانی ڕێبەرتی پیلانگێڕی تێکشکێنرا. لە شەنگال ئەمڕۆ گەلی ئێزدی بە تایبەتی ژنانی ئێزدی بە فکر و هزری ڕێبەر ئاپۆ ژیانێکی ئازاد لەسەر خاکە پیرۆزەکەیان دروست کردووە. ژنانی ئێزدی لە شەنگال لەسەر بنەمای فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ کۆمەڵگەیەکی بیرمەند و ئیرادەیی و ڕێکخراویان بنیاتناوە. ئەو ژیانەی کە ئەمڕۆ لە خاکی پیرۆزی شەنگالدا دەژین، بە فەلسەفەی ئازادی ڕێبەرایەتی دروست دەبێت."

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە وەک ژنانی ئێزدی قەرزاری ڕێبەر ئاپۆن و وترا، ئێمە باش دەزانین کە هێرشەکانی سەر کۆمەڵگای ئێزدی لە شەنگال جیاواز نییە لە پیلانگێڕی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ی سەر ڕێبەر ئاپۆ، چونکە کۆمەڵگەی ئێزدی و بەتایبەتی ژنانی ئێزدی لە نزیکەوە بیرۆکەی ڕێبەرتیان ناسیەوە. دوای فەرمانەکە خۆیان ڕێکخست و ئەمڕۆ پێشەنگی ڕێگان بۆ بنیاتنانی خۆسەری دیموکراتی و بنیاتنانی نەتەوەیی دیموکراتی. وەک ژنانی ئێزدی تا کۆتایی خاوەنداری لە ڕێبەرمان دەکەین. ئێمە بە رێکخستنی خۆمان و بەرزکردنەوەی تێکۆشان هەموو پیلانگێڕییەکان لەناودەبەین."

دوای راگەیەندراوەکە، ڕێپێوانەکە بە دروشمی "بێ سەرۆک ژیان نابێت" کۆتایی هات.

ف.ق