ژولیا کچە پزیشک و شێوەکار: "کاری پزیشکیم بەشێكە لە کاری هونەری"
ژولیا عادل کچە شێوەکاری شاری کەرکوک دەلێت: " لە وێنەکانم ژنان داهاتوویەکی گەشبینیان هەیە و هەوڵمداوە وێنەکانم دڵخۆشکەربن بۆ ژنان".
ژولیا عادل کچە شێوەکاری شاری کەرکوک دەلێت: " لە وێنەکانم ژنان داهاتوویەکی گەشبینیان هەیە و هەوڵمداوە وێنەکانم دڵخۆشکەربن بۆ ژنان".
ژولیا عادل نیعمە کە کچە شێوەکارێکی شاری کەرکوکی باشوری کوردستانە، لە ئیستادا لە کۆتا ساڵی خوێندنیەتی لە بەشی پزیشکی ددان لە زانکۆی کەرکوک، ژولیا سەرەڕای لە خوێندنەکەی کچێکی سەرکەتووە بەڵام هیچ کات ڕێگەی نەداوە قورسی خوێندنەکەی ببێتە بەربەست لەبەردەم حەزی بۆ هونەری وێنەکێشان، وەکو خۆی دەلێت "هونەر بۆ من ژیانە"،
ژولیا لەگەل ئەوەی هونەرمەندە و سەرقاڵی خویندیشە، چالاکانە لە کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە شاری کەرکوک وەکو خۆبەش کار دەکات، لەپێناو خزمەتکردنی شارەکەی.
بەمنداڵیش ئاستێکی باشم هەبوو لە وێنەکێشان
ژولیا عادل کچە شێوەکاری شاری کەرکوک بەم شیوەیە بۆ ئاژانسی هەوالی فورات (ANF) خۆی ناساند و باسی لەسەرەتای دەستپێکردنی کاری هونەری کرد: "من ناوم (ژولیا عادل نیعمە)یە تەمەنم ٢٣ ساڵە، لەئیستادا لە بەشی پزیشکی ددان لە زانکۆی کەرکوک دەخوێنم، لە کاتێک کە منداڵ بوو لە داینگەدا وێنەم دەکێشا و زۆر حەزم لە کێشانی وێنە هەبوو، خێزانەکەم و هاوڕێکانم بەردەوام پشتیوانیان کردووم، لەپێناو پەرەپێدانی تواناکانم و هەمیشە هانیانداوم کە بەردەوام بم لە وێنەکێشان تا بەو ئاستەی توانیومە بەشداری پێشەنگای هونەری بم لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق، تەنانەت کاتێک کە منداڵ بووم وێنەکان ئاستێکی باشیان هەبوو، تەواوی جۆرەکانی هونەری شێوەکاری وەکو وێنەکێشان لەسەر فەخوری، وێنەکێشان بە غەڵوز، وێنەی زەیتی و وێنەکێشان لەسەر خۆڵ تاقیم کردۆتەوە".
ڕێگەم نەداوە کۆمەڵگا ببێتە بەربەست لەبەردەم پێشکەوتنەکانم
سەبارەت بە کاریگەری کۆمەڵگا لەسەری وەکو کچێکی هونەرمەند، ژولیا وتی: "لەلایەنی کۆمەڵگاوە ڕێگریم لێنەکرا، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لە کۆمەڵگای شاری کەرکوک زیاتر گرنگی بە بەشداری کوڕان دەدرێت لە پێشبرکێ و پێشەنگاکاندا و فیستیڤاڵەکان، هەروەها گەشتکردن بۆ دەرەوەی پارێزگاکەم کارێکی ئاسان نیە بۆ کچێک، بەڵام من هیچ کات نەمهێشتووە کە هۆکاری ئەوەی کچم ڕێگربێت لەبەردەم کارەکانم، بۆیە بەردەوام بەشداری تەواوی پێشەنگاکان کردووە، هیچ کات گرنگیم نەداوە ڕەخنە و توانجەکانی کۆمەڵگا ببنە بەربەست لەبەردەم پێشکەوتنەکانم".
کاری پزیشکیم بەشێكە لە کاری هونەری
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان کارەکەی وەکو خوێندکارێکی پزیشکی ددان و شێوەکارێک، ناوبراو ڕایگەیاند: "هەرکاتێک کە کۆنفرانسێکی تایبەت بە پزیشکی ددان ئەنجامدەدرێت کارە هونەریەکانم لەگەڵ خۆم بردووە و نمایشم کردووە، وێنەی بەشەکانی لەشی مرۆڤ وەکو دڵ و ددان و بەشی دیکەم وێنە کێشاوە، بەبڕوای من پزیشکی ددان جۆرێکە هونەری جوانکاری، بۆیە دەتوانم بلێم هەردوو کاری پزیشکی و شێوەکاریم تا ڕادەیەک گرێدراون".
حەزەکەم پاڵپشتی بەهرەکانی کچانی شارەکەم بم
ئەو کچە هونەرمەند باسی لە پاڵنەرەکانی کرد بۆ بەردەوام بوون و پێشکەوتنی زیاتر لە کارە هونەرییەکان و وتی: "کاتێک پەیجێکم دامەزراند بۆ نمایش کردنی کارە هونەرێییەکانم کەسانێکی زۆر لەڕێگەی کۆمێنتی پۆزەتیف و نامەوە پشتیوانیان لە کارە هونەرییەکانم کرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زیاتر جەختبکەمەوە لە زیاتر پێشکەوتن لە کارە هونەرییەکانم، یەکێک لە ئامانجەکانی من ئەوەیە شوێنێکی تایبەت بکەمەوە تا کچان فێری شیوەکاری بکەم و پێشەنگایان بۆ بکەمەوە کە چۆن خێزانەکەم پاڵپشتم بوون، حەزەکەم منیش پاڵپشتی کچانی شارەکەم بم".
جێگای شانازییە کە توانیومە بە وێنەکانم سیمای شارەکەم جوان بکەم
ژولیا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات دەشڵیت: " یەکەم جار وێنەی سەر دیوارم زانکۆکەم کێشا. کە بۆماوەی یەک هەفتە دیوار و زەوی زانکۆکەم بە وێنەی تایبەت بە پزیشکی ددان وێنەکێشا کە ئەمە یەکەم ئەزمونی من بوو لە وێنەکێشانی سەر دیوار، ئەمە هەستێکی زۆر جیاوازبوو بۆ من کە وێنە بکێشم لە شوێنی گشتی و وێنەکەم نەسردڕێتەوە و خەڵکێکی زۆر بتوانن ببینن، هەروەها لەگەڵ چەندین ڕێکخراودا بەشداریم کردووە لە وێنەکێشان لەسەر دیواری نەخۆشخانەکان و شەقام و پردەکانی شاری کەرکوک، ئەمەش بۆ من جێگای خۆشحاڵی و شانازییە کە بتوانم لە ڕێگەی وێنەکێشانەوە سیمای شارەکەم جوان بکەم".
لە وێنەکانم ژنان داهاتوویەکی گەشبینیان هەیە
بۆ نیشاندانی ئازار و کێشەکانی ژنانی لە وێنەکانیدا ژولیا ڕایگەیاند: " ئەو ئازار و نەهەمەتیانەی ژنان و کچان لە ژیانی رۆژانەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، هەوڵمداوە هەستی ژنان و کچان وێنەبکێشم، تەنانەت هەوڵدەدەم هەستەکانی خۆم لەوێنەکانم نیشان بدەم، هەمیشە هەوڵمداوە بە شێوەیەک وێنەی ژنانم بکێشم کە گەشبینبن و داهاتوویەکیان هەبێت و ئەو شتانەی کە دڵخۆشیان دەکات وێنەی دەکێشم، هەوڵماداوە لەوێنەکانم شتە جوانەکان بکێشم، کە مایەی دڵخۆشین بۆ ژنان، بەڵام وێنەشم هەیە کە ئازاری ژنان نیشان دەدات بۆنموونە یەکێک لەم وێنانەم کە تەواوی ئازارەکانی ناو دڵی ژنم تیدا بەرجەستە کردووە".
هونەر بۆ من ژیانە
لە کۆتایدا سەبارەت بە مانای هونەر بۆ ژولیا، ئەو کچە شیوەکارە وتی: " بەبڕوای من هەر کەسێک لە پێشەیەکدا کە لەناخیدا چەسپاوە کاردەکات، ئەوە هونەرمەندە لەو بوارەدا، تەنها وێنەکێشان هونەر نیە بەڵکو زۆر پیشە هەن هونەرن، بۆ من هونەر ژیانە نەک تەنها حەز و بەهرەیەک لەکاتی دەستبەتاڵیدا کاری لەسەر بکەم، بەپێچەوانەوە هونەر تاکە شتە کە هەوڵدەدەم لە تەواوی بوارەکانی ژیانمدا کاری لەسەر بکەم".
ف.ق