ڕژیمی ئێران لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی بە رەشبگیری خوێندکاران و چالاکەوانان کردووە

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێران لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە لانیکەم ٢٠ خوێندکار، چالاکی ژینگەیی وچالاکوانی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان دەستگیر کردووە.

بەپێی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ژمارەی ئەو خوێندکار وچالاکوانانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ڕۆژانی ڕابردوو لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێرانەوە دەستگیرکراون گەیشتووەتە لانیکەم ٢٠ کەس.

بەپێی هەواڵەکە، لە شاری تاران ٧ خوێندکارو چالاکی کورد بە ناوەکانی؛ “سوهەیب بادرووج خەڵکی مەریوان، فەرزاد سامانی، سالار ڕەهەوی، دەریا تاڵەبانی، شەپۆل خزری، ئەفشین مام ئەحمەدی و سیروان نووری خەڵکی شاری مەهاباد” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی  ئیسلامی ئێرانەوە لە زانکۆی خواڕەزمی تاران دەستگیرکراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەرلە شاری مەهابادی سەربە پارێزگای ورمێ، ٢ کەسی دیکە بە ناوەکانی؛ “ئیمان عەبدی و سۆران حسێن زادە ” دەستگیرکراون و گوازراونەتەوە بۆ ناوەندی ئەمنییەکان.

لە ناوچەی ڕەبەتی سە بە سەردەشت ٣ کەس بە ناوەکانی؛ “بەهمەن یووسف زادە، فەرهاد مووساپوڕ و فەرەیدوون موساپوڕ”، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ڕژیمی ئێرانەوە دەستگیرکراون.

لە شاری مەریوانی سەربە پارێزگای سنەی ٥ هاووڵاتی بە ناوەکانی؛ “ دانا سەمەدی، زانیار موعتەمدی، سیروان کەریم نەژاد، کاروان مینویی و کارۆ عەلیداد” لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمی ئێرانەوە دەستگیر کراون و گوازراونەتەوە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان.

هەروەها لە شاری ‘بۆکان’ی سەربە پارێزگای ئورمیەش، بە لانیکەمەوە، ٤ کەس لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی دەسەڵاتەوە دەستگیر کراون کە تەنیا ناسنامەی کەسێکیان بە ناوی ‘عەزیمە ناسری’ ئاشکرا بووە.

جێگای ئاماژەیە کە بنەماڵەی دەستگیر کراوەکان هیچ زانیارییەکیان لە شوێنی ڕاگرتن وهۆکاری دەستگیرکردنی منداڵەکانیان نییەو و لە چارەنووسیان بێ خەبەرن.

ک-ش