عەبدوڵای حەسەنزادە و دکتۆر قاسملو لە پەرتوکی خیانەتەکانی قیادە مووقەتەدا دەگێرنەوە؛ لە دوای ساڵی ١٩٦١ کاتێک بزاڤێکی تری چەکداری لە باشوری کوردستان بە سەرکردایەتی بارزانیەکان سەری هەڵدا لە دژی حکومەتی عێراق، گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حزبی دیموکراتی کوردستان هاوکاری گەورەی ئەو بزاڤەیان کرد، هەر لە بەشداریکردن لە شەرەکاندا بگرە تا دەگاتە هاوکاری سەربازی لە دژی حکومەتی عێراق، بە حەواندنەوەی پێشمەرگە و پێدانی خواردنیش کەمتەرخەمیان نەکرد.
لەو پەرتوکەدا ئاماژە بەوە دەکەن، پەدەکە چۆن وڵامی چاکە و هاوکاریەکانی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حزبی دیموکراتی داوەتەوە و بەم شێوەیە باسی دەکەن، لە دوای ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق، پەیوندی لەگەڵ ڕەزا شای ئێران دەبەستێت، گەورە ئەفسەرێکی سیخوری ئێرانی بەپلەی (سەرهەنگ رووکنی دووی ئەرتێش) دێت لە ناوچەی سەنگەسەر لە پشدەر و بتوین جێگیر دەبێت، کە ئەوکاتە سەرکردایەتی شۆرش لەوێ بوو، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو کاتە پشت دەکاتە حزبی دیموکراتی ئێران و پێچەوانەی ئەو هەموو یارمەتی و هاوکاریەی گەلی ڕۆژهەڵات پێشکەشی بارزانیەکانی کردبوو، پەدەکە بریار دەدات لەسەر داوکاری ڕەزا شای پەهلەوی شای ئێران، حزبی دیموکراتی ئیران قەلاچۆ بکات و لە باشوری کوردستان وەدەریان بنێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە هەر بەوە نەوەستایەوە کە سەرکردەکانی وەک مەلا ئاوارە و سلێمان موعێنی ڕادەستی ئێران بکات، بەڵکو دواتر چەکدارەکانی خۆی بردە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەمەبەستی هاوکاریکردنی ئێران لە دژی شۆرشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
یەکێک لەو فەرماندە چەکدارانەی لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە فەرمانی پێکرابوو بچێت بۆ هاکاری ئێران و لە دژی شۆرشی حزبی دیموکراتی کوردستان و بزاڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەڕ بکات، (مام وسو دزەیی) بوو کە فەرماندیەکی هێزی چەکداری پارتی بووە، ئەمری پێکراوە کە بچێت بۆ شنۆ و پیرانشار لەگەڵ دەزگای سیخوری ئەو کاتی حکومەتی ئێران (ساواک) بە دوای ئەندامانی حیزبی دیموکراتی ئێراندا بگەرێت.
لە دوای چەند ڕۆژێک گەڕان، مام وسو لەو کارە زۆر بێزاربوە و گەڕاوەتەوە و بە ئاشكرا وتوویەتی:" من ناتوانم ئەو خیانەتە بکەم، وا هەستم کردووە خەڵکی کوردستانی ئێران بە جاشمان دەزانن، لە ڕاستیشدا جاشین".
لەسەر ئەو هەڵوێستەی مام وسو، (حەسۆ میرخان بارزانی) فەرماندەی هێزی پارتی لە ناوچەی قەڵادزێ ڕقی لێ هەڵدەگرێت و هەتا دوای ئاشبەتالێش ناکۆکیەکانیان هەر بەردەوام دەبن.
مام وسو ڕەنگە لە ناو حزبەکەیدا ڕەزای خۆی قوڕس کردبێت کە لە قسەی حزب دەرچووە، بەڵام بۆ هەتا هەتایە سەری بەرزە کە بەشداری لە خیانەتێکی واها مەزندا نەکردووە و مێژوو بەسەر بەرزی باسی دەکات.
کە دەڵێن مێژوو خۆی دوبارە داکاتەوە ڕاستە، کاتێک داعش نزیک ببووە لە هەولێر و مەمخموری گرت، گەریلاکانی کوردستان هاتن هەولێری پایتەختی حکومەتەکیان پاراست، کاتێک پەدەکە لە شەنگال ڕایدەکرد، گەریلا لە دژی داعش لە خۆڕاگریدا بوو، بەڵام پەدەکە وەک سیفەتی هەمیشەیی خۆی، دەستی کردە ناو دەستی داگیرکەران و هاوشێوەی خیانەتەکانی قیادە مووقەتە کە لەگەڵ سوپای رژێمی ئێران لە پێرانشار و شنۆ بە دوای پێشمەرگەی حزبی دیموکراتدا دەگەران، ئیستاش بە هەمان شێوە لەگەڵ میت و سوپای داگیرکەری تورک بە دوای گەریلاکانی پەکەکە دا دەگەرێن.
لەم قۆناغی خیانەتی پارتیشدا، کەسانی وەک مام وسو دزەیی هەن کە ئەو تاوانەیان پێ قەبووڵ نیە. ئیستاش لە ناو پەدەکەدا زۆرینەی ئەندامانی، ئەو تاوانەیان قەبووڵ نیە کە حزبەکەیان دەرهەق بە گەریلا و پەکەکە دەیکات، بەڵام باڵێکی دەست رۆیشتوو کە باڵی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتە، سوورە لەسەر ئەنجامدانی ئەو تاوانە و بۆ هەتا هەتایە مێژوو خۆی ڕەش دەکات.
ز.ش