زیندانیانی بەندی پارێزراو و تایبەتی زیندانی ورمێ داوای بە هاناوەچوون دەکەن

لەنامەیەکی کراوەدا بۆ بەرپرسان و رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ، زیندانیانی بەندی پارێزراو و تایبەتی زیندانی ورمێ بەهۆی گوشار و مامەڵەی خراپی بەرپرسانی زیندانەکە داوای بەهاناوەچوون دەکەن.

ژمارەیەک لە زیندانیانی راگیراو لە بەندی پارێزراو و تایبەت لە زیندانی ناوەندی ورمێ نامەیەکی کراوەیان ئاراستەی بەرپرسانی پەیوەندیدار و رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤیان کردووە و رایانگەیاندووە، کە بە هۆی گوشار و پێشێلکارییەکان و هەلومەرجی نالەباری ناو زیندانەوە چەند زیندانیەک پەنایان بۆ خۆکوشتن بردووە.

بەندی پارێزراو و تایبەت لە زیندانی ناوەندی ورمێ لە تەنیشت ژوورە تاکەکەسیەکانی ئەو زیندانەوەن و ئەو دوو بەندە لە دوو ژووری بچوکی ٣٠ مەتری پێکهاتوون، کە هەرکامێکیان بۆ ١٠ کەس دروست کراوە، بەڵام دوو هێندەی ئەو ژمارەیان تێدا راگیراوە و زیندانیان بە مەبەستی سزادان و تەمبێکردن لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە رەوانەی ئەو دوو بەندە دەکرێن.

لە مانگی شوباتی ئەمساڵیشدا ٨٠٠ زیندانیکراوی ناو زیندانی ورمێ لە نامەیەکی کراوەدا باسیان لە خراپی مامەڵەی بەرپرسانی زیندان و پێشێلکارییەکان کردبوو، هەر لەو نامەیەدا داواکرابوو پەیمان خانزادە بەرپرسی زیندانەکە دووربخرێتەوە.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو نامەیە پاسەوانەکانی زیندان هێرشیان کردبووە سەر زیندانیان و دەستیان بە ئەشکەنجە و ئازاردانی زیندانیان کردبوو، لە دژی ئەوەش دوو زیندانی هەوڵی خۆسوتاندنیان دابوو و دواتر هەواڵی خۆکوشتنی چەند زیندانیەکی دیکەش بڵاوکرایەوە.

جارێکی دیکە و لەنامەیەکدا زیندانیانی بەندی پارێزراو و تایبەتی ئەو زیندانە کە ئاراستەی بەرپرسانی پەیوەندیدار و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیان کردووە پێشێلکارییەکانی ناو زیندانەکەیان ئاشکرا کردووە.

دەقی نامەکەیان کە لەلایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤەوە بڵاوکراوەتەوە بەم جۆرەیە:

ئێمە ژمارەیەک لە زیندانیانی راگیراو لە بەندی ئەمنی و تایبەتی زیندانی ناوەندی ورمێ پێتان رادەگەیەنین کە لەم زیندانەدا بەندێکی شاراوە دروست کراوە. هەڵبەتە بەند و هۆڵ نییە، بەڵکوو تەنیا دوو ژووری ٣٠ مەترین کە یەکیان ناوناوە بەندی پارێزراو و ئەوی دیکەشیان بەندی تایبەت.

زیندانیانی ناو ئەو دوو بەندە مافی دیداریان لێزەوت کراوە و تەنیا لە بەندی پارێزراودا بە شێوەیەکی سنووردا رێگە بە پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ بنەماڵەکان دەدرێت. ئێمە بە شێوەی نایاسایی لەم بەندانەدا رادەگیرێین. هەندێک کەسمان هەیە کە ٦ مانگە گواستراونەتەوە بۆ ئێرە. بنەماڵەکانمان بەتەواوەتی نیگەرانن و ئێمەش هیچ هەواڵێکی ئەوانمان نییە. تەنانەت هیچ کاربەدەستێک جگە لە ئەفسەری پاسەوان نایاتە ئێرە. هەر یەک لەئێمە بە هۆکاری راپۆرتی درۆی زندان بەمەبەستی سزا و تەمبێ کردنی گواستراوینەتەوە بۆ ئێرە و نازانین تاکەی لێرەدەمێنینەوە. چەندین جار داوای بینینی سەرۆکی زیندانمان کردووە، بەڵام هیج وەڵامێکمان پێنەدراوەتەوە. ژمارەیەک لە ئێمە وەک ناڕەزایەتی لە دژی دۆخی دژواری زیندان پەنایان بۆ خوکوشتن بردووە، ئێمە لە ژیان بێهیوابووین و تەنانەت ئاسودەیی و حەسانەوەمان لە مردندا دەبینینەوە. ئایا ئێمەی زیندانی مافی ژیانمان نییە؟ ئایا ژیان بۆ ئێمە گەیشتووتە کۆتایی؟ ئەوانەی دژی ئەم دۆخە دەوتنەوە لە لایەن پاسەوانانی زیندانەوە ئەشکەنجە دەدرێن و تەنانەت پزیشکیش سەردانی ئەم بەندە ناکات بە مەبەستی چارەسەری بەندکراوان.

ئەم دوو بەندە بە رادەیەک قەرەباڵغن کە جێگەی خەوتن نابێتەوە، هەربۆیە داوا لە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری زیندانەکانی ئێران دەکەین کە پشکنەرێک بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون رەوانەی ئێرە بکەن تا بە چاوی خۆی دۆخی ئێمە ببینێت. داواتان لێدەکەین بە هانامانەوە وەرن. چیتر توانای بەرگەگرتنمان نەماوە. هەروەها داوا لە ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ دەکەین کە دەنگی ئێمەی زیندانیانی راگیراو لە بەندی پارێزراو و تایبەت لە زیندانی ورمێ بگەیەنێت خەڵک و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ. داوا لە رێکخراوە و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە ئاوڕ لە دۆخی ئێمە بدەنەوە، چونکە ئێمەی زیندانیانی راگیراو لەم دوو بەندە لە هەموو پێداویستیە سەرەتاییەکانی زیندان بێبەش کراوین.

ئێمە ٢٠ زیندانی بەندی پارێزراو و ١٩ زیندانی بەندی تایبەتین و ئەم نامەیە پشتڕاست دەکەینەوە و تکاتان لێدەکەین فریامان بکەون".

هـ. ب