زیندانیی نەخۆش محەمەد ئەمین ئۆزکان جارێکیتر رەوانەى زیندان کرایەوە

زیندانیی سیاسیی نەخۆش محەمەد ئەمین ئۆزکان لە ئەنجامی دادگایکردنی نادادپەروەرانەدا دەیان ساڵە دیلکراوە و سەرباری ئەوەى نەخۆشی زۆر قورسی هەیە و تەمەنی ٨٣ ساڵە، بەڵام دەزگای پزیشکیی داد رێگا نادادات لە زیندان ئازاد بکرێت.

 

زیندانیی سیاسیی نەخۆش محەمەد ئەمین ئۆزکان ناسراو بە ئاپێ دەدۆ لە زیندانی جۆری دیی ئامەد لە سەرە مەرگدایە. ئۆزکان لە ٢٧ی حوزەیران بۆ وەرگرتنی راپۆرتی پزیشکی رەوانەى دەزگای پزیشکیی داد لە ئیستەنبول کرا، بەڵام دەزگای پزیشکیی داد لە راپۆرتەکەیدا نووسیویەتی "هۆکارەکان تێرکەر و پێویست نین" و راپۆرتی ئازادکردنی پێ نەدا و داوایکرد بۆ ماوەى مانگێگ لە زیندانی جۆری ئاڕ لە ژێر چاودێریدا بمێنێتەوە.

لە تویتەر ئەژمارێک بە ناوی ئۆزکانەوە کراوەتەوە و تیایدا بەرامبەر بە راپۆرتەکەى دەزگای پزیشکی داد ناڕەزایەتی نیشاندراوە و نووسراوە، "دەزگای پزیشکیی داد بە یەکدەنگی راپۆرتێکی ئابڕوبەرانەیان دا! محەمەد ئەمین ئۆزکان تەمەنی ٨٣ ساڵە. بە زۆر دەتوانێت خۆی بەسەر پێوە بگرێت. ناتوانێت بڕوات بە ڕێدا. نابیستێت!. سەرباری ئەو هەموو نەخۆشییە، بەڵگەکان و هۆکارەکان بە تێرکەر و پێویست نازانن... بۆ ئەوەى بەڵگە و هۆکاری تێرکەر و پێویست هەبێت، باشە دەبێت بمرێت!".

ئۆزکان ماوەى ٢٥ ساڵە لە زینداندایە. تاوەکو ئێستا ٥ جار جەڵتە لێیداوە و ٤ جار قەستەرە و باڵۆنی بۆ ئەنجامدراوە. هەروەها نەخۆشییەکانی دڵ، پەستان، غودەی دەرەقی، ئێسکەنەرمە، گورچیلە و ریخۆڵە، لاوازی و بێهێزی، کەمبینین، کەمبیستن، لەسەر هۆش چوون و ژمارەیەکی زۆر نەخۆشیی جۆراوجۆری تری بۆ دروستبوون.

سەرباری ئەوەش دەوڵەتى تورک ئامادە نییە ئازادی بکات.

ژ.ت