ئاسایش لە شێخانی دهۆک هێرش کردە سەر گەنجێکى ئیزدی و دەستگیری کرد

لە ناوچەى شێخانی دهۆک ئاسایش هێرشی کردە سەر ئەحمەد میرزا گەنجی ئێزدی دانیشتوی کامپی ئاوارەکان و لێیاندا و دەستگیریانکرد.

هەلومەرجی ژیانی شەنگالییەکان بەهۆی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ەوە، کە لە شەنگالەوە کۆچبەر بوون و لە کامپەکانى باشووری کوردستاندا دەمێننەوە، قورس و دژوارە.

لەمدواییانەدا بە پاساوی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەى هاتوچۆ، رێگا بە شەنگالییەکان نادرێت بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

شەنگالییەکانى دانیشتوى کامپەکانى باشووری کوردستان زۆر بە قورسی بژێویی ژیانی خۆیان لە رێگەى کشتوکاڵەوە دابین دەکەن.

ئەحمەد میرزا یەکێک لەو گەنجە ئێزدییانەى شەنگالە، کە لە ناوچەى شێخان لە دهۆک لە کامپدا ژیان بەسەر دەبات و بژێویی ژیانی خۆی لە رێگەى کشتوکاڵەوە دابین دەکات، بەڵام کاتێک لەسەر ئەو زەوییە کشتوکاڵییەى کاری تیادا دەکرد دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە لە کامپەکەدا لەلایەن هێزەکانى ئاسایشی ناوچەکەوە دەستگیرکرا.

بەپێی زانیارییەکانى بنەماڵەى ئەحمەد میرزا، هێزەکانى ئاسایشی لە کوڕەکەیان داوە و ئینجا دەستگیریان کردووە و بەهۆی ئەو توندوتیژییەى بەرامبەری بەکاریان هێناوە باری تەندروستیی باش نییە.

بنەماڵەى ئەحمەد میرزا داواى ئازاکردنی کوڕەکەیان دەکەن.

ژ.ت