ئاکەپە بە زۆری زۆرداریی پارە لە زیندانیان دەستێنێت

ڕژێمی ئاکەپە پەنا بۆ هەموو ڕێگایەکی ناڕەوا دەبات و ئێستاش پارەی ئاو و کارەبا و قاوش و خواردن لە زیندانیان و ئەوانەی کە سزا دراون و لە زیندانەکانی شاری وان دان دەسێنێت.

ڕژێمی ئاکەپە لە ئێستادا چاوی بڕیوەتە پارەی زیندانیان و سزادراوانی زیندانی شاری وان. زیندانی ئاست بەرزی باڵاى ئەمنیى جۆری تی و جۆری ئێف لە شاری وان لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکەپەدا دروست کراون، زۆربەی زیندانیەکان لە ژووری تاکەکەسیدا دەمێننەوە.

لەو زیندانانەدا بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی باڵا، ڕۆژانە مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکرێن. ئەشکەنجەی دەروونی و فیزیکی زیندانیان دەکرێت و خزم و کەسوکاری زیندانیانیش بە چەندین کاتژمێر لە دەرەوە ڕادەگرن لەکاتی سەرداندا. هەروەها گەڕان و پشکنینی سەخت و ورد بەسەر کەسوکاری زیندانیاندا دەسەپێنرێت. سەرەڕای ئەو ئەشکەنجانەی ناو زیندانەکان، زیندانەکان لە کۆنترۆڵى ئەندامانى داعش و هاوشێوەکانى داعشدایە و ئەوان هەموو مافەکانى زیندانییەکان پێشێل دەکەن.

بنەماڵەی زیندانیان ناڕەزایەتیان نیشاندا

ئاکەپە لە زیندانەکانی شاری وان، هەقی ئاو و کارەبا و قاوش و خواردن لە زیندانیان و سزادراوان دەسێنێت. ئەوەش ناڕەزایەتیی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.

هەزاران بنەماڵە و کەسوکاری زیندانیان بە مەبەستی چاوپێکەوتن بە رۆڵەکانیان دەڕۆنە زیندانەکانی شاری وان و شارەکانی تر. ئەو بنەماڵانەی کە سەردانی منداڵەکانیان کرد لە زینداندا، ناڕەزایەتییان نیشاندا لەبەرامبەر ڕژێمی ئاکەپەدا کە بە زۆری زۆرداریی پارە لە منداڵەکانیان دەسێنێت.

 بنەماڵەی زیندانیەک کە بەهۆی باری ئەمنیەوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند "پێش چەند ڕۆژێک سەردانی کوڕەکەمم کرد لە زیندان. بەڕێوەبەرانی زیندانەکە داوای هەقی ئاو و کارەبا و ژووری زیندانەکەی و خواردنی کوڕەکەمیان کرد. هەم بە ناهەقی منداڵەکانیان زیندانیی کردووین و هەم لە ئێستاشدا بە ناهەقی پارەیان لێ دەسێنن".

"ئاکەپە داوا و وتەکانی کەنعان ئەڤرەن جێبەجێ دەکات"

"بەشێکی زۆرمان بۆ بینینی منداڵەکانمان لە زینداندا لە دەرەوەی شاری وانەوە دێین. هەتا دەگەینە شاری وان، لەلایەنی ماددی و مەعنەوییەوە زۆر تەحەدا دەبینین. لەسەروو هەموو ئەوانەشەوە لە ئێستادا دەوڵەت داوای خەرجی منداڵەکانمان دەکات. کارێکی بەو شێوەیە جێگەى قبوڵکردن نییە. کاتی خۆی کودەتاچی کەنعان ئەڤرەن دەیوت "بۆچی ئێمە زیندانیان لەسێدارە نەدەین؟ بۆچی بەخێویان بکەین؟". حکومەتی ئاکەپە لە ئێستادا وتەکانی کەنعان جێبەجێ دەکات".

ر.م