ئاکەپە فەرمان دەدات و قەیوم جێبەجێی دەکات!

لە شاری وانی باکوری کوردستان، رێکخستنی ئاکەپەی شارەکە فەرمان دەدات بە قەیومی شارەوانی و قەیومەکەش کرێکارەکان لە کار دوور دەخاتەوە و دەریان دەکات.

قەیومی سەرۆکایەتی شارەوانی وان پێشووتر چەندین کرێکاری لە سەر کارەکانیان دەرکردبوو. ٢٥٠ کرێکار سەردانی دادگایان کردبوو و دادگاش ئەوانی بە خاوەند ماف زانیبوو.

بە پێی زانیارییەکان بڕیار وایە لە شوێنی ئەو کرێکارانەی لە کارەکانیان دەرکراون، ئەو کەسانە جێگیر بکرێن کە لە لیستی رێکخستنی ئاکەپەی شاری واندا هەن.

دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٦ قەیوم لە پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانی وان جێگیر کرا، سەرۆکی شارەوانی وان بەکر کایا بە زیندانیکردن سزا درابوو.

کاتێک قەیومی بە ناوی موراد زۆرۆغلۆیان هێنایە سەر کار، بەرپرسێکی ئاکەپە بە ناوی مستەفا یالچین لە دیمەنێکی ڤیدیۆییدا وتبووی: "پێویستە هەموویان لە کار دوور بخرێنەوە. ٦٥٣ کەس بە ئیمزای من لە کارەکانیان دەرکران، کاتیک ئەوانم لە کارەکانیان دەرخست، دڵم زۆر خۆش بوو."  

٢٥٠ کرێکار کە لە لایەن قویوم موراد زۆروغلۆوە لە کارەکانیان دەرکرابوون، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان سەردانی دادگایان کردبوو. بەر لە هەڵبژارتنەکانی ٣١ی ئازار داواکەی کرێکاران سەرکەوتوو بوو. کرێکاران چاوەڕوانی بڕیاری گەڕانەوەیان بوون بۆ سەر کارەکانیان، بەڵام داواکەیان پشتگوێ خرا و بە لەکارخراو لەقەلەمدرا.

ئاشکرا بوو کە رێکخستنی ئاکەپەی شاری وان لەسەر ئەم بابەتە فشاری لەسەر قەیومەکان دروست کردووە. هەفتەی رابردووش ٦ کرێکاری دیکە لە کارەکانیان دەرکران و لەمەولاش بڕیار وایە لە جێگای ئەوان کەسی دیکە جێگیر بکرێن.

ز.ش