ئاکەپە لە پەشۆکاندایە؛ ٣٠ ناوچەى جۆلەمێرگی قەدەغەکرد

ئاکەپە ٢ رۆژ پێش هەڵبژاردن، ٣٠ ناوچەى هاووڵاتییانى جۆلەمێرگی قەدەغەکرد.

پارێزگاری تورک لە جۆلەمێرگ رایگەیاند، ٣٠ ناوچەى جۆلەمێرگ، کە ناوەندى جۆلەمێرگ و ناوچەکانى چەلێ و شەمزینان و گەڤەریش دەگرنەوە، بۆ ماوەى ١٤ رۆژ دەکرێن بە "ناوچەى ئەمنیى تایبەت".

ئەو قەدەغەکارییە تاوەکو رۆژی ٧ى تەمووز بەردەوامیى دەبێت.

پێشتریش چەندین ناوچەى تر و شوێنى ژیانى هاووڵاتیانى جۆلەمێرگ کرابووە ناوچەى قەدەغەکراو. هەروەها مانگێک پێش هەڵبژاردن هەموو جۆرە کۆبوونەوە و خۆپیشاندانێک لە جۆلەمێرگ قەدەغەکرابوو.

ئەو قەدەغەکارییەى دەوڵەتى تورکیای داگیرکەر لە کاتێکدایە، کە تەنها ٢رۆژی ماوەى بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار. هاووڵاتییانى جۆلەمێرگ خۆیان ئامادە کردبوو، بەشداریى هەڵبژاردن بکەن، بەڵام بەهۆى ئەو قەدەغەکارییەوە بەشێکى زۆر لە دەنگدەرانى هەدەپە ناتوانن دەنگ بدەن.

پارێزگاری جۆلەمێرگ ٣ کورسیى لە پەرلەمانى تورکیادا هەیە و لە هەڵبژاردنەکانى پێشووتردا، هەدەپە هەر ٣ کورسییەکەی ئەو پارێزگایە بەدەستهێنابوو و زیاتر سەدا ٨٦ هاووڵاتییان ودەنگدەرانى ئەو پارێزگایەش لایەنگر و پشتیوانى هەدەپەن. لە بەرامبەردا دەنگەکانى ئاکەپە و مەهەپە و جەهەپە پێکەوە لەو پارێزگایەدا ناگاتە رێژەى سەدا ١١.

 ر.م