ئایا سوپاى پاسداران بەشێک لە چەکە کۆکوژ و بایۆلۆژییەکانى گواستووەتەوە بۆ کوردستان؟

ئەندامێکى یەکەى تایبەتى سوپای پاسداران رایگەیاندووە، پاسدارەکان چەکی کیمیاییان لەبەردەستدایە. لێکۆڵەرانى زیندانەکانیش باسیان لە کوشتنى چالاکوانان لە دەرەوەى زیندانەکان کردووە. ئەوەش گومانەکان لەسەر شەهیدکردنى ژینگەپارێزان، شەریف و ئومێد زیاتر دەکات.

رۆژهەڵاتى کوردستان لە کاتى دامەزراندنى کۆماری ئیسلامیى ئێرانەوە تاوەکو ئێستا بەهۆکاری جۆراجۆر چەندین ناڕەزایەتى، خۆپیشاندان و مانگرتنى تیادا بەڕێوەچووە و ناڕەزایەتییەکانیش لەم ساڵانەى دوایدا زۆر زیادیان کردووە.

ناڕەزایەتییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان

ناڕەزایەتییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لە دژی هێرشی رژێمى داگیرکەرى تورکیا بۆ سەر عەفرین و پشتیوانیى ئاشکرای ئێران لە رژێمەکەى ئەردۆغان، ناڕەزایەتى لە دژی کوشتى کۆڵبەران، ناڕەزایەتى لە دژی لەسێدارەدانى زیندانیانى سیاسی، پشتیوانییەکان لە راپرسیى سەربەخۆیى باشووری کوردستان، ناڕەزایەتى لە دژی هێرشی ئێران بۆ سەر بارەگاکانى دیموکرات و ناڕەزایەتى لە دژی گرانى و هەڵاوسان و مانگرتنى سەرتاسەریى مامۆستاییان چەند نمونەیەکن لە ناڕەزایەتییەکانى ئەم چەند ساڵەى خەڵکی رۆژهەڵاتى کوردستان.

دروستکردنى بنکەى مووشەکی و جێگیرکردنى هێزى زیاتر لە رۆژهەڵاتى کوردستان

هاوکات لەم ساڵانەى دوایدا کاردانەوە و هەڵسوکەوتى هێزە ئەمنییەکان دژ بە چالاکوانانی بوارە جۆراوجۆرەکان نەک کەمی نەکردووە، بەڵکو لە هاوینى رابردووە کاردانەوە و گوشارەکانیان زیاتر بووە. رژێمى ئێران لەم چەند ساڵەی دوایدا و بە تایبەتی لە بەهاری ئەمسالەوە دەستیکردووە بە گواستنەوەى کەرەستە و جبەخانەى سەربازی بۆ رۆژهەڵاتى کوردستان و دروستکردنى بنکەى مووشەکی لە بەرزاییەکاندا و مانۆڕدان بە ئۆتۆمبێلە جۆراوجۆرە سەربازییەکان بە ناو شارەکاندا و فڕینى فڕۆکەى جەنگی بەسەر شارەکانى رۆژهەڵاتى کوردستاندا زۆر زیاتر کردووە. ئەوانەش چەند نمونەیەکن لە تێڕوانیى سەربازییانەى رژێم لە دژی کورد لە رۆژهەڵاتى کوردستان.

گۆڕینى بەرپرسانى ئەمنیی رژێمى ئێران لە رۆژهەڵاتى کوردستان

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە راپۆرتێکیدا باسی لە گۆڕینى ژمارەیەک لە بەرپرسە باڵا ئەمنییەکانى رژێم لە چەندین شاری رۆژهەڵاتى کوردستاندا کردووە. لەو راپۆرتەدا باس لەوە کراوە، بەرپرسانى پیشووی ئەمنیی رژێمى ئێران لە رۆژهەڵاتى کوردستان لە دوای مانگرتنى سەرتاسەریى رۆژهەڵاتى کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە. لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى وەزارەتى ئیتڵاعات لە پاریزگاى سنە گۆڕدراوە و لە شارەکانى تریش بەرپرسانى نوێى ئەمنى دەستیان بەکار کردووە.

دەستگیرکردن و هەڕەشەى کوشتن لە چالاکوانان

بەرپرسە ئەمنییە نوێکانى ئیتڵاعات و سوپاى پاسداران بۆ دروستکردنى کەشی ترس و تۆقاندن و نائارامی لە رۆژهەڵاتى کوردستان لە شارەکانى مەریوان، سەقز، کامیاران، سەوڵاوا، بانە، سنە و کرماشان دەستیان بە دەستگیرکردن، لێکۆڵینەوەکردن، ئەشکەنجەدان، زیندانیکردن و هەڕەشەى کوشتن لە چالاکوانانى مەدەنی و سیاسی و ژینگەپارێزی کردووە.

بانگکردن، هەڕەشەلێکردن و دەستگیرکردنى هاووڵاتییان و چالاکوانان تەنها سنووردار نەبووە بە وەزارەتى ئیتڵاعاتەوە، بەڵکو دەزگاى ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانیش بە جیا و بەشێوەیەکى بەرفراوان ئەو کارانە ئەنجام دەدات.

سیناریۆى شەهیدکردنى شەریف باجوەر و ئومێد کۆنەپۆشی

لێکۆڵەرانى وەزارەتى ئیتڵاعات لە لێکۆڵینەوەکانیاندا لەگەڵ چالاکوانانی مەدەنیدا، هەڕەشەى کوشتنیان لە چالاکوانەکان کردووە و پێیان راگەیاندوون، ئەگەر بزانن دەستگیرکردنى کەسێکى دیار و بەرچاو دەبێتە هۆی دروستکردنی گوشارى رێکخراوە نێونەتەوەییەکانى بواری مافەکانی مرۆڤ بۆ سەر کۆماری ئیسلامى، ئەوا شێوازى تری وەک "لەناوبردن و کوشتن لە ریگەى سیناریۆى جۆراوجۆی وەک رووداوى هاتووچۆ و ئاگرکەوتنەوە... " دەخەنە بەرنامەى کارەکانیانەوە، چونکە بە وتەى خۆیان ئەو شێوازانە نەک تەنها گوشاری بۆ سەر ئێران لێناکەوێتەوە، بەڵکو هاوکات دەبێتە شێوازێکى ئاسان بۆ لەناوبردنى چالاکوانەکان.

هێنانەپێشەوەى ئەو باسانە لەلایەن لێکۆڵەرانى ئیتڵاعات لە کاتى لێکۆڵینەوەکانیان لەگەڵ چالاکوانان، گومانەکان لەسەر شەهیدکردنى شەریف باجوەر و ئومێد کۆنە پۆشی و ٢ هاوڕییان لە کاتى کوژاندنەوەى ئاگری دارستانەکانى گوندی سەڵەسی لە مەریوان لە ٢٥ی ئابی ٢٠١٨ / ٣ی خەرمانان زیاتر دەکات.

شەریف باجوەر و ئومێد کۆنەپۆشی ٢ چالاکوانى ژینگەپارێزی بەرچاو و دیاری رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران و جیهان بوون، کە چەندین جار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڕەشەیان لێکرابوو. ئەو چالاکوانانە بەشێوەیەکى گوماناوی لە کاتى کوژاندنەوەى ئاگرێکى ئاسایى دراستانەکاندا سوتان، کە زۆر کەس پێیوایە ئەو ئاگرە خۆی لە خۆیدا نابێتە هۆی سوتانی هیچ کەسێک جا چ بگات بەوەى لە یەک ساتدا و بەخێرایى ٤ کەس بکاتە قەرەبروت و ئەو کەسانە بە ئەزموونى چەندین ساڵەیان لە کوژاندنەەوەى ئاگرى دارستانەکاندا  نەتوانن خۆیان لە ئاگری پوش و پەلاشی دارستانێک رزگار بکەن، کە بۆ ئەوان ئاگرێکى ئاسایى بووە.

جموجوڵی یەکەى تایبەتى سوپاى پاسداران

هاوکات تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان باسی لە زیادبوونی چالاکی و هەڵسوڕانى گروپێکی چەکداری سوپاى پاسداران بە ناوی "یەکەى تایبەتى سابرین" لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتى کوردستاندا دەکات. ئەو یەکە تایبەتە لەلایەن سوپاى پاسداران و وەزارەتى ئیتڵاعاتەوە بۆ شەڕی دژە گەریلایى و دژە پارتیزانى راهێنانیان پێکراوە.

دەوترێت ئەو گروپە چەکدارەى سوپاى پاسدارانی رژێمى ئێران لە شارەکانى بانە، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، کامیاران، پاوە و جوانڕۆ جێگیرکراون.

ئەندامانى ئەو گروپە شێوازى کاری هەواڵگری و سیخوڕی و هێرشکردن لە رۆژهەڵاتى کوردستاندا ئەنجام دەدەن. ئەندامانى "یەکەی تایبەتى سابرین" زۆرجار جلوبەرگی مەدەنى لەبەر دەکەن و بەناو هاووڵاتییاندا دەسوڕێنەوە، بە تایبەتى لەو ناوچانەدا کە ئەگەری بوونی هێزە شۆرشگێڕەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانی لێدەکرێت.

سەرچاوە هەرێمییەکان باس لەوە دەکەن، ئەندامانى ئەو گروپە لە دەووربەری کوێستانەکانى قەندیل، کۆساڵان، داڵاهۆ، شاهۆ، دەورووبەری مەریوان، پیرانشار و شنۆ بنکە و بارەگایان بۆ خۆیان دروستکردووە.

ئایا سوپاى پاسداران بەشێک لە چەکە کۆکوژ و بایەلۆژییەکانى گواستووەتەوە بۆ کوردستان؟

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان قسەکانی یەکێک لە ئەندامانى بەسیجی سوپای لە ورمێ گواستووەتەوە و لە قسەکانى ئەو بەسیجەى سوپای پاسداراندا هاتووە "ماکۆ تاوەکو شاهۆ سنووری کاری قەرارگای حەمزەى سەیدول شوهەدا-یە. یەکەى سابرین لە ژێر چاودێریى بەشی چالاکییەکانى ئەو بارەگایەدایە. چەک و کەرەستەى قورسی سەربازی و تەنانەت چەکی کیمیاییان لە بەردەستدایە تاوەکو لە کاتى پێویستدا بەکاری بهێنن".

تاوەکو ئێستا لە بڕ و رێژەى چەکە کیمیاییەکانى ئێران زانیارییەکى روون لە بەردەستدا نییە، بەڵام کۆماری ئیسلامیى ئێران لە ساڵی ١٩٨٣ و لە کاتى شەڕ لەگەڵ رژێمى سەدام حوسێن دا دەستیکرد بە بەرهەمهێنانى چەکی کیمیایى. یەکەم بۆمبی کیمیایى ئێران لە ساڵی ١٩٨٤دا دروستکراوە. بەپێى بەراوردەکان کۆی چەکە کیمیاییەکانى رژێمى ئێران زیاتر لە ٢ هەزار تۆن دەبێت. بەشێکى سەرەکیى چەکە کیمیاییەکانى ئێران گازی دەمارە.

پێشتر بەشێک لە میدیاکانی وڵاتانى رۆژئاوا باسیان لە ناردنى چەکی کیمیایى لەلایەن رژێمى ئێرانەوە بۆ دەوڵەتى لیبیا کردبوو. بەشێک لە میدیاکان و چەند سەرچاوەیەک باسیان لەوە کردبوو، کە ئێران کۆتا ساڵەکانى شەڕی ئێران و عێراق دا چەکی کیمیایى بەکارهێناوە.

هاوکات وتەکانى ئەو ئەندامەى سوپاى پاسداران لەگەڵ تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بەڵگەیەکى ترە بۆ سەلماندنی ئەو ئیدعایە، کە سوپاى پاسداران چەکی کیمیایى لە بەردەستدایە.

شەڕی قەندیل و چەکی کیمیایى

ئەو ئەندامەى سوپاى پاسداران وتویەتی، بۆ خۆی ساڵی ٢٠١١ راستەخۆی بەشداریى شەڕی دژ بە گەریلاکانى پەژاک لە قەندیل دا کردووە و ئەوەشى وتوە "لەو کاتەشدا بەهۆی درێژەکێشانی شەڕ و پێکدادانەکان و هەروەها نەتوانینى سوپاى پاسداران بۆ کۆنترۆڵکردنى شوێنە ستراتیژیەیکانى کوێستانەکانى قەندیل، سوپای پاسداران دەستیکردبوو بە دابەشکردنى ماسک و دەمامکی دژ بە چەکی کیمیایى لە ناو هێزەکانیدا و پێیان راگەیاندین، لە ئەگەری بەردەوامیى شەڕ و پێکدادانەکاندا دوا بژاردە بەکارهێنانى چەکی کیمیایى دەبێت".

لە ئەنجامی ئەو لێدوان و وتانەدا و بڵاوکردنەوەى وێنەی تەرمە سوتێنراوەکانی شەریف باجوەر و ئومێد کۆنەپۆشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، ئەوە بە بیری مرۆڤدا دێت، کە ئەو چالاکوانانە نەک بەهۆی ئاگری پوش و پەلاشەوە، بەڵکو ئەگەری ئەوە هەیە لە سیناریۆیەکى سوپاى پاسداران و لە ئەنجامى بەکارهێنانى جۆریک لە چەکی کیمیایی لە دژیان شەهید کرابن.

هەروەها بەشێک لە دانیشتوانى چەند گوندێکى دەورووبەری کوێستانەکانى شاهۆ بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانیان راگەیاندووە، سوپاى پاسداران چەک و کەرەستەى سەربازیى قورسی گواستووەتەوە بۆ شاهۆ و دەستیکردووە بە تاقیکردنەوەیان.

بە وتەى ئەو هاووڵاتییانە، ئەو چەک و کەرەستە قورس و مۆدێڕنە سەربازییانە لە کاتى مانۆڕی ٢ی موحەڕەم، کە سوپاى پاسداران هاوینى ئەمساڵ لە شاهۆ ئەنجامیدا، گواستراونەتەوە بۆ شاهۆ.

ر.م