خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان مانگرتنى سەرتاسەریى بەڕێوەبرد

خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان ئەمڕۆ لەکاردانەوەیەکدا لە دژی تیرۆرکردن و لەسێدارەدان و کوشتاری خەباتکارانى کورد لەلایەن حکومەتى تارانەوە، مانگرتنى سەرتاسەرییان بەڕێوەبرد و دوکان و بازاڕەکان و شوێنە گشتییەکانیان داخست.

لە شارەکانى سنە، مەریوان، کرماشان، بانە، مەهاباد، سەقز، بۆکان، شنۆ، پیرانشار، پاوە، نەغەدە، سەردەشت، کامیاران و چەند شار و شارۆچکەیەکى پارێزگاى ئیلام و چەندین شارۆچکە و ناوچەی تری رۆژهەڵاتى کوردستان مانگرتنى سەرتاسەری و گشتی بەڕێوەچوو.

مانگرتنەکە لە دواى تیرۆرکردن و لەسێدارەدانەکان و مووشکبارانەکەى رۆژی ٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ بۆ سەر کۆیە و شەهیدکردنى چەندین لاو و تێکۆشەری کورد دەستیپێکردووە.

خەڵک بە داخستنى بازاڕ و دوکان و شوێنە گشتییەکان ناڕەزایەتیى خۆى لە دژى تیرۆر، لەسێدارەدان، مووشەکباران و شەهیدکردنی لاوان و تێکۆشەرانی کورد لەلایەن رژێمى ئێرانەوە، خستووەتەڕوو.

ئەو مانگرتنە لە کاتێکدایە هێزە ئەمنییەکانى ئێران خراونەتە ئامادەباشییەوە و ژمارەیەکى زۆر هێزی ئەمنى بە شارەکان و ناوچەکانى رۆژهەڵاتى کوردستاندا بڵاوەیان پێکراوە. لە چەندین شوێن هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە بۆ ئەوە مانگرتن بەڕێوەنەبەن، بەڵام سەرباری هەوڵ و رێگرییەکانى رژێمى ئێران خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان مانگرتنە سەرتاسەرییەکەى بەڕێوەبرد.

بەپێى زانیارییە سەرەتاییەکان هێزە ئەمنییەکان لە چەندین شوێندا هێرشیان کردووەتە سەر هاووڵاتییان و چالاکوانان و ژمارەیەک لە چالاکوانانیان لە مەریوان و سنە و شنۆ دەستگیرکردووە. هەروەها لە چەندین شوێن بە بۆیە دەرگاى ئەو دوکان و بازاڕانەیان دیاریکردووە، کە بەشداریى مانگرتنە سەرتاسەرییەکە بوون.

رژێمى ئێران رۆژی ٨ی ئەیلولی ٢٠١٨ هەر یەک لە زانیار و لوقمان مورادی و رامین حوسێن پەناهی، ئەحمەد شەباب، ناسر عەزیزی لەسێدارەدا. هەر لەو رۆژەدا هێرشى کردووەتە سەر هەڤاڵانى پەژاک لە کامیاران، کە بەپێى سەرچاوە خۆجییەکان ٦ گەریلاى پەژاک لەو هێرشەدا تیرۆرکراون، بەڵام تاوەکو ئێستا پەژاک لەوبارەیەوە راگەیاندراوى بڵاونەکردووەتەوە. هاوکات بە مووشک بارەگاکانى حیزبى دیموکراتى کوردستان (حدک) و حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران (حدکا)ی مووشەکباران کرد و بووە هۆی شەهیدبوونی ١٤ پێشمەرگە کە ٧ کەسیان ئەندامى سەرکردایەتیى حدک بوون.

هەر دوو رۆژی دواى ئەو هێرشانە کەمال ئەحمەد نەژاد زیندانیى سیاسیى لە زیندانى میاندواو بەبێ ئاگادارکردنەوەى خۆی و بنەماڵەکەى و پارێزەرەکەى لەسێدارەدا.

پێش ئەو روودانەوەش رۆژی ٢٥ى ئابی ٢٠١٨ شەریف باجوەر و ئومێد کۆنەپۆشی و دوو هاوڕێى ترى ژینگەپاریزیان لە کاتى کوژاندنەوەى ئاگرى دارستانەکانى گوندی سەڵەسیى مەریواندا بەشێوەیەکى گوماناوى سوتێنرابوون، کە بە وتەى سەرچاوە جۆراجۆرەکان ئەو کەسانە بە تۆپی ئاگرین، یان تۆپی فسفۆڕی لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج و تیرۆر کراون.

هەروەها رۆژی ١٧ی تەمووزى ٢٠١٨ ئێقباڵ مورادی باوکی زیندانیى سیاسیى کورد زانیار مورادی و ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆمەڵەى مافى مرۆڤى کوردستان لە پێنجوێن لەلایەن ئێرانەوە تیرۆرکرا.

ئەو رووداوە و پێشهاتانە بوونە هۆی ئەوە هێز و لایەنە سیاسییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان، رێکخراوە مەدەنییەکان، کەسایەتییەکان داواى مانگرتنى گشتى و سەرتاسەری لە دژى ئەو تاوانانەی رژێمى ئێران لە خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستان بکەن. ئەمڕۆش ئەو  مانگرتنە بەشێوەیەکى بەرفراوان بەڕێوەچوو.

ر.م